36وتار

وێنە یاداشت: وێنەی چوارەم، سەیدسادق، پشدەر، دۆڵی جافەتی لە سەر مێزەکەی مدحت محمود

4/12/2025 9:05:00 PM
د.بەختیار شاوەیس

ساڵەکانی تەمەنی لەسەروو هەشتاکانی ژیانی بوو. ئەو هەڵکشانە زۆرە لەعومری شیرین ، ئەو بێنەو بەردەیەی کە بەچرچی دەموچاو و رووتانەوەی تاڵەکانی ڤژ و کەمێک لەرزینی دەستەکانیەوە دیار بوو ، کاری نەکردبوە سەر یادەوەری و هۆش و ئەندێشەی. زۆر بەوردی و کەمێک زەردەخەنەوە یادگاریەکانی منداڵی لەرەسافە و گەنجیەتی لە زانکۆی بەغداد و کۆلیژی یاسای دەگێرایەوە. 

لەکاتی هاتنە سەر رۆژانی زانکۆ بە حورمەت و موحیبەتەوە باسی مام جەلال ی دەکرد. هەستت نەدەکرد کەباسی گەنجێکی کوردی غەریبە دەکات. بەڵکو لەسەربوردەکۆنەکانی  ساڵانی پەنجاکانەوە دەیبردیتە سەر ئەو باوەرەی کەباسی گەنجێکی پڕ لەوزە و چالاکی ،  خاوەن پەیوەندی فراوان دەکات کەجموجوڵەکانی سنووری سیاسی و رووناکبیری و کۆمەڵایەتی تێپەراندوە و ناوبانگ و کەسایەتیەکەی زیاد لەتەمەنی خۆی  رۆشتوە. ئەمەجگەلەوەی کەمدحت محمود دوو قۆناغ لەمام جەلال پێشتربوە لەزانکۆ ، بەڵام بە مەدح و بەسەرسامی و خۆشەویستیەکی لەرادەبەدەر ناوی دەبرد و نزای شفاو چاکبوونەوەی بۆخواست. ئەڵبەت ئەم قسانەی سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق دوای ئەوە هات کەلەمەوعیدی دیاریکراودا گەشتمە ژوورەکەی و خۆم پێناساند و وتم من لەفراکسیۆنەکەی تاڵەبانیم ، ئیتر راستەوخۆ وەک ئەوەی حەزی بەگێرانەوەکە بێت،  بەوشێوەیەی سەرەوە کەباسمکرد دەستی بەقسەکرد.

لەوێنەکەوە: کەلەئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی ئەوکاتی دادگای باڵای فیدراڵی (ساڵی ٢٠١٥) گیراوە لەگەڵ بەرێز مدحت محمود. 

هەرچەند جیاوازی تەمەنمان پەبجا ساڵێک بوو، بەڵام میواندۆست و حەزی بەخزمەت و بەرێز بوو. بەدیقەتەوە گوێی دەگرت و بەراشکاوی وەڵامی دەدایتەوە. هۆکاری سەردانەکەم پەیوەندی بەکەیسی قەرەبووی هەندێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کەبەدەستی ڕژێمی پێشوو توشی زیان و تێکدان و خاپوورکردن بوبون. بەتایبەتی قەزاکانی سەیدسادق، قەڵادزێ، دوکان و دۆڵی جافەتی. جگەلەهەندێک ناوچەی سەرسنووری وەک پێنجوێن،  هەڵەبجە و هەورامان. 

بنەچەی کێشەکە لەوەوە سەری دەردەکرد کەسەیدسادق و پشدەر دەبوایە وەک ناوچەی خاپوورکراو هەژماربکرێت، وەلەم کەیسەدا برای بەرێزم مامۆستا بەکر حەمەسدیق، پەرلەمانتاری خولی پێش ئێمە کاری تیاکردبوو، بەندە لەسەر رۆشنایی تەقەلاکانی ئەو ، هەوڵەکانم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چرکردەوە. جگەلەمە ئەگەر بمەوێ ئاماژە بەهۆکاری سەرەکی پشت ئەم هەوڵە بکەم، دەبێت بڵێم کەلەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ، لەزۆر شوێن کەدەگەرام بەتایبەتی لەسەیدسادق کەخۆم خەڵکی ئەوشارەبووم بەردەوام باسی ئەو کەیسەدەکرا ، بەتایبەتتر کەرێکخراوێک بەناوی رێکخراوی وەرگرتنەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتوانی سەیدسادق دروستکرابوو لەلایەن کۆمەڵێک لەگەنجی رۆشنبیر و پارێزەرو مامۆستا. تەنانەت وای لێهاتبوو لەهەندێک دانیشتنی شەوانە ئەو داواکاریە لەلایەن خەڵکی جیاواز لەریش سپی و کەسایەتی ئاینی و کۆمەڵایەتی رووبەرووم دەکرایەوە. 
وە نایشارمەوە کەلەکاتی گەرمبوونی بانگەشەکە ، لەچەند شوێنێک پەیمانمدا کەبەجدی بەدواداچوون بکەم. هەر بۆیە لەیەکەم ساڵی پەرلەمانتاریمدا  دوای کۆکردنەوەی واژووی ٦٠ ئەندامی پەرلەمانی عیراق کەزۆرینەیان نوێنەرانی کورد بوون ، کەهاوپێچی نوسراوێکی فەرمیمانکرد سەردانی سەرۆکی دادگای باڵام کرد، ئەویش هەرچەند گێرمەو کێشەکانی نەشاردەوە بەڵام پەیمانی کارلەسەرکردنیدا و دواتر هەر وادەرچوو ، وە بەنوسراوی فەرمی وەڵامی دامەوە کەیەکێک لەکێشەکان هێنانی تۆمەتبارانی کەیسەکە بوو بۆ بەردەم حاکمی لێکۆڵینەوە. کەئەوانیش یان لەسێدارەدرابوون یان دەبوایە لەگرتووخانەی تایبەت لەدەرەوەی بەغداد بگوازرێنەوە، کەبەهۆکاری دۆخی ئەمنی لەوکاتەدائەمەیش زەحمەت بوو. بەڵام فاکتەری  بنەرەتی بەوەی کەئەم یاسایانە نەئەخرایە بواری جێبەجێکردن ئەوەبوو کەلەدوای شەری داعش حکومەتی حەیدەر عەبادی بریاریدا بەراگرتنی جێبەجێکردنی ئەو یاساو بریارانەی کەلایەنی دارایی هەیە. هەرچەند ئەم بابەتە لەئارادابوو ، بەڵام لەئەسڵدا پاساوێک بوو بۆ تۆخکردنەوەی حەزە شۆڤێنیەکەی هەندێک لەکاربەدەستانی بەغداد ئەگەرنا لەو هەموو ماوەیەدا پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکەی کوەیت رانەگیرا. ئەمەیە کەدەڵێن (بانێکەو دوو هەوا)
 
کرۆکی باسەکە: ئەوەیە کەبەپێی مادەی ١٣٢ی دەستوور ئەو ناوچانەی کەلەعیراق بەدرێژایی حوکمی ٣٥ ساڵەی بەعس دووچاری سیاسەتی خاپوورکردن و سرینەوە و ماڵوێرانی بوونەتەوە، دەبێت حکومەتی نوێی عیراق بەرپرسیاریەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانە مادیانە لەخۆبگرێت. وە لەپەرلەمانی عیراقیش دوو یاسا بۆ ئەم مەبەستە دەرچوو بوون کەئەوانیش یاساکانی ژمارە ٢٠ و ژمارە ١٦ ی ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ بوون. کەهەر لەم روانگەوە:

١- بەشێوەی قیستی ساڵانە حکومەتی نوێی عیراق بری ٥٠ ملیار دۆلار قەرەبووی دەوڵەتی کوەیت ی کردەوە.

٢- حکومەتی مالکی بریاریدا بەقەرەبووکردنەوەی دانیشتوانی رەفحا، لەبرینەوەی موچەی قەبە و بەخشینی پارە و زەوی و ئیمتیازاتی زۆر و زەوەندە. بەبێ ئەوەی کەهەتا ئێستا یەک هاوڵاتی کورد لەم کوردستانە قەرەبوو بکرێتەوە لەکاتێکدا کە ٤٥٠٠ گوند و دەیان و سەدان شار و شارۆچکە تەختکراون، وە خەڵکەکەیشی کیمیاباران و ئەنفال کراون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن