839 کوردستان

کەشوهەوا ساردتر دەبێت باران و بەفرێکى باش دەبارێت

08:39 - 12/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى رایگەیاند، سبەی یەکشەمە ئاسمانی هەرێم بەزۆری ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک هەوری تەواو دەبێت و ناوبەناو نمە بارانی پچر پچر دەبارێت.

 

ئاراس جەبار دەڵێت، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور لەسەر ناوجەکانمان و وڵاتی تورکیا و دەریای ناوەراست لە نیوەرۆی دوو سبەی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین لەدەریای ناوەراستەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سەرەتاش لەسنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات بە بارانی مامناوەند و پچر پچر و پاشان بۆ رۆژی سێشەمە کاریگەری ئەو شەپۆلە چالاکتر ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەندێک کات هەورە بروسکە و تەرزە بارینیش ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی مامناوەند لە لوتکەی شاخە بەرزەکان لەبەرزی زیاتر لە 1800 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

 

ئەو کەشناسە پێشبینیشى کردووە، پلەکانى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو نزمبنەوە هەروەها گەرانەوەی کەشێکی زستانەیی سارد بۆ زۆربەی ناوچەکان و چالاکبوونی بای باشور و باشوری رۆژئاوا بەخێرای 15 تا 40کم لەکاتژمێرێکدا.

 

هەروەها دەڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە ئێوارەی هەمان رۆژ سێشەمە بەرێژەیەکی لاواز بۆ مامناوەند درێژ ئەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و باکوری گەرمیان لەو ناوچانەشدا ئەگەری نمە باران بۆ بارانی مامناوەندی پچر پچر ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان، لەکۆتای شەپۆلەکەدا لەکاتەکانی شەوی سێشەمە لەسەر بەرەبەیانی چوارشەمە کاریگەری بارستە هەوا ساردەکە زیاتر ئەبێت، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و ئەگەر هەیە بەفر دابەزێتە سەنتەری حاجی ئۆمەران و پێنجوێن و چیای ئەزمەڕ و بەگشتی ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان زیاترە لە 1200 مەتر بەڵام رێژەی بەفرەکە کەم ئەبێت لەنێوان 1 تا 3سم و بەرەبەیانی چوارشەمە کۆتای بە شەپۆلەکە دێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە بەڵام پلەکانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەممە بەنزمی دەمێنێتەوە کەش سارد دەبێت هاوشێوەی کاتەکانی زستان.

رێژەی پێشبینیکراوی بارانبارین لەماوەی ئەم شەپۆلەدا:
پارێزگای دهۆک 20 - 60 ملم
پاڕێزگای هەولێر 10 - 15 ملم ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە و ئیدارەی سۆران 30 - 60 ملم
ئیدارەی راپەرین 15 - 30 ملم
پارێزگای سلێمانی 5 - 20 ملم
پارێزگای هەڵەبجە 5 - 10 ملم
پارێزگای کەرکوک 3 - 6 ملم
ئیدارەی گەرمیان 0 - 4 ملم

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن