13وتار

چی لە ئەنفال دەزانی؟!

4/12/2025 1:29:00 PM
عەدنان عەلی تاڵەبانی

چاوتان دامەخەن، ئەزانم كەم تا زۆر شتێك لەسەر ئەنفال دەزانن، بەڵام باوەڕموایە جگە لە نوخبەیەكی كەم و ئەوانەی لەناو رووداوەكەدا نەژیاون بەشێكی زۆری خەڵك تا ئێستاش نازانن ئەنفال چیبوو، نازانن تاوانەكە و ئاسەوارو لێكوتەكانی چی بووە، ئەوە گومانی زۆرم هەیە نەوەی تازە جگە لەناونیشانەكەی هیچی لەسەر بزانن، بێگومان ئەگەر نەزانن گوناهی ئەوان نیە ئەبێ بپرسین بۆچی وایە؟!

لاتان سەیر نەبێت لەسەر ئاستی ناوەندەكانی خوێندن و لای مامۆستایانیش كەمی هۆشیاری هەیە لەسەر ئەنفال، جارێك مامۆستایەك پرسی: خەڵك چۆن ئەنفال كرا؟! جێگای سەرسوڕمان بوو بۆمن چۆن ئەبێ‌ كەسێك لەو ئاستەدا ئەو پرسیارە بكات!  مامۆستایەكی تر لە گفتووگۆیەكداو لە پرسیارێكی ئەویشدا تێگەیشتم لەسەر دیارترین قوربانی ناو رووداوەكانی ئەنفال (ئەو ژنانەی مێردەكانیان ئەنفال كراوە) زانیاری نەبوو، ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال نەبێت نازانێت ئەو ژنانە چۆن بە سەربەرزی و شكۆمەندانە منداڵەكانیان گەورەو پەروەردەكردووەو دوای ژیانی خۆیان نەكەوتن و وەفاو خۆشەیستیان بۆ مێردەكانیان شایەنی چەندین رۆمان و سیناریۆی دەیان فیلم و دیكۆمێنتارییە! 

دەزانین وەزارەتێك هەیە بۆ ئەنفال و ساڵانە لە چواردەی چوار یادەكە دەكرێتەوە، بەڵام پاشان پرسەكە دەپێچرێتەوەو تا ساڵی دواتر لە هیچ شوێن و قوشبنێكدا هەر باسی نیە، ئەوە جگە لەوەی ساڵ بەساڵ یادەكەش زیاتر بێ روح و بێ ناوەڕۆك دەبێت و تێبینی ئەوەش دەكرێت زیاتر لە كۆڵ دەكرێتەوە، ئەگەر كار بۆ ئەوە دەكرێت سیمبولەكانی نەتەوە لە بیربكرێت، نابێت ئەنفال و جینۆسایدی میللەتەكەمان لە بیربكرێت. 

ئەنفال موڵكی هیچ كەس و لایەنێك نیە، ئەگەرچی لە ئەنفالدا زەبری گەورە بەر ناوچەی گەرمیان كەوتووەو زۆرترین قوربانی و كاولكارییەكان لەو ناوچەیەن، بەڵام لە بادینانەوە تا چیای حەمرین كورد ئەنفالكراوە، ئەنفال بە تەنها موڵكی ناوچەیەك نیە، بەتەنها موڵكی لادێییەكان نیە .. هی شارییەكانیشە،  ئەنفال موڵكی میللەتێكە، دەكرێت هەموو تاكێك بە هی خۆی بزانێت، ئەگەر بڕیارە كار بۆ نیشتمان بكەین و دەشمانەوێت دەوڵەتێك لەسەر ئەو نیشتمانە دروست بكەین، ئەوا دەبێت زیاتر بۆ ئەنفال بكرێت.

لەم نوسینەدا نامەوێ برینە قوڵەكان .. داخی نەگەڕانەوەی ئێسك و پروسكی روفاتەكان لەناو لمی وشكی بیابانەكان و برینی دادگایی نەكردنی تاوانباران و زۆر پرسی تری ئەنفال بكولێنمەوە و ئەوانەشی بەرپرسیار و كەمتەرخەمبوون ناوەكانیان ریز بكەم، دەمەوێت خاڵێك دابنرێت و لەسەری دێڕەوە دەست پێ بكرێت، دەمەوێت ئەنفال كۆمانبكاتەوەو بەهێزمان بكات، نەك لاواز و پەرتمان بكات.

ئێمە ئێستا لە دۆخێكداین هەموو شتێك پەرتمان دەكات، خاڵێك نیە كۆمان بكاتەوە، سیاسەت و رەمزەكانی سیاسەت پەرتی كردووین، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریمان هەیە بەڵام دابەشی كردووین، خوا دەرگای لێكردوینەتەوەو سەرمایەیەكی زۆر رژاوەتە ناو وڵاتەكەمان لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی ئاشتەوایی و هەمووان بە یەكسانی و دادپەروەرانە لێی سودمەند بن، هەژارەكانی هەژارتركردوەو دیوارێكی لەنێوان هەژاران و سەرمایەداراندا دروستكردوە،  خاوەن سەرمایەكان ئاگایان لە هەژارەكان نیە و لە زمانی یەكتری ناگەن،  كاستی جیاجیا دروستبووە.

لە میللەتێك ناچین جینۆسیادمان بەرامبەر كرابێت، دەمانەوێت بە زۆر ببین بە بەشێك لە جیهانی سەرمایەداری و لە پاڵ ئەوەشدا مێژووی خۆمان لەبیركردووە، لەكاتێكدا ئەو وڵاتانەی سەركردایەتی جیهانی سەرمایەداری دەكەن هەرگیز مێژووی خۆیان فەرامۆش ناكەن، بەڵكو كار بۆ ئەوەش دەكەن مێژووی خۆیان بكەن بە مێژووی هەموو جیهان، ئێمەش كە هیچمان نیە پێشكەشی جیهانی سەرمایەداری بكەین جگە لەوەی تەنها بەكاربەرێكین، هەڵپەی ئەوەمانە ببین بە بەشێك لەو جیهانە و خۆمان لە بیرچۆتەوە ئێمە كێین و چیمان بەسەرهاتووە؟!

ئەنفال ناكرێت لەبیربكرێت و ئەو عەقڵیەتەش ئەنفالی كرد هێشتا نەگۆڕاوە و بینشیمان چەندین ساڵ دوای ئەنفال، كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان روویداو ئێستاش ناوبەناو گۆڕی بەكۆمەڵیان لێ دەدۆزرێتەوە، باوەڕەموایە ئەگەر بە باشی كار لەسەر ئەنفال بكرایە و وەكو رووداوێكی رابردوو لێكدانەوەی بۆ نەكرایە، كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان رووی نەدەدا، بۆیە ئەگەر هەرچی شتێك پەرتی كردووین ئەوا دەبێت ئەنفال كۆمان بكاتەوە، هەموومان لەسەر ئاستی دامەزراوەی فەرمی و سیاسی و كۆمەڵگای مەدەنی و میدیا و خەڵك بە گشتی پێكەوە كاری بۆ بكەین و بە رووداوێك لە پێشمانەوە بیبینین نەك رووداوێكی رابردوو. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن