ئایین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا: ئەجەندایەکی شاراوە
4/12/2025 1:32:00 PM
لاوک سەلاح
مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە پوختە تێگەیشتنە لە پێگەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە بەکارهێنانی ئایین و کەلتوور بەگشتی بۆ ئەجەندا و مەرامی سیاسی، لە هەمان کاتدا، چۆنێتی رەنگدانەوەی ئەو ئەجەندایە لە سیاسەتی دەرەوەدا.
بەداخەوە، ئەم فاکتەرە لە سەرتاپا تێگەیشتنی ئێمە بۆ سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بە تایبەتی بزرە، ئێمە زۆر شارەزای ئەو راستییە نین کە بەکارهێنانی ئایین لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوادا پانتاییەکی زۆر فراوان داگیر دەکات و کاریگەری لەسەر کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژئاوا هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی، ئایین و کەلتوور لە سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەراست رەگ و ریشەیەکی مێژوویەکی هەیە و هەمیشە ئەجندایەکی شاراوەی سەرەکی بووە لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هەر چەندە، ئەگەر سەرزارەکی وا دەرنەکەوتبێت، ئایین هەمیشە چەکێک بووە لەو چەکانەی کە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان بەکاریان هێناوە، زۆر جار بەبێ ئەوەی رۆژهەڵات هەر بەئاگابوو بێت.
بوونی ئەم ئەجێندایە لە مێژووی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئایین لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە چەندان قۆناغی مێژوویدا رۆشتووە، چەندان فۆرمی وەرگرتووە، هەرە دیارترینیان بەکارهێنانی ئایین بووە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بۆ روخاندنی رژێمی شاه لە ئێران و کۆمۆنیستەکان لە ئەفگانستان و عێراق لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تاوەکو ئێستا.
بە درێژایی مێژوو کە دانوستان لەگەڵ کاربەدەستانی دەرەوەی رۆژئاوا کراوە، بەدەگمەن و پێشوەخت، توانستی ئەوەمان هەبووە، بە شەکەتییەوە، سی ڤی ئەو کەسانە بخوێنینەوە کە بەرامبەرمان دانیشتوون و کاریان کردووە، هەروەها زۆر کەمتر لەوەی کە پێویستە، لەو فەلسەفە سیاسیە ئاگادار بووین کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئیدارەدانی کێشە سیاسیەکانە، ئەوان بەر لەوەی لەگەڵ ئێمە کۆببنەوە. دەزانن ئێمە کێین، ئێمە کە چاومان بەوان دەکەوێت، مەتەڵ و لوغز و مەنگن، ئەمەش لەبەر راستییەکی ئاشکرا، ئێمە نوقمی کێشە سیاسی و کەلتووری و ئاینییە چارەسەرنەکراوەکانی خۆمانین، بۆ نموونە، ئەوان ئەو کێشە قووڵەیان لەگەڵ ئایینی خۆیاندا نییە، بۆ ئەوان پەیامەکانی ئایین تەواو بووە و ململانێ لەسەر رەهابوونی ئایین ناکەن، بەرامبەر ئەوان، ئێمە کێشەی مێژووی سیاسی و ئایینی و کەلتووری قووڵی چارەسەرنەکراوی خۆمانمان هەیە کە رێگرە لە تێگەیشتن لە پێگەی ئەوان، ئێمە کە دەچینە بەرامبەر ئەوان، هێشتا قەناعەتە سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانمان سەقامگیر نەبوون، ئێمە گرفتێکی کراوەی ناسنامەی نیشتمانیمان هەیە، پێگەمان لاواز دەکات، ئێمە هێشتا لەگەڵ خۆماندا لە شەڕدایین!
بۆ نموونە، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک هەر وەزارەتی دەرەوەی وڵاتێکی دیکە و رەنگە فراوانتر بەشی تایبەت بە پێگە و مێژووی ئایین هەیە، مەبەست لەم بەشانە پەرەپێدانی ئایین یاخود پشتگیرکردنی بۆنە و چالاکییەکانی گروپە ئاینییەکانی دەرەوەی ئەمریکا نییە وەک مانفێست و بەرنامەی دەوڵەت، ئەوەندەی، سەرەتا، هەوڵی بەرەوامە بۆ تێگەیشتن لە رۆڵی ئایین لەو کۆمەڵگەیانەدا کە ئەوان کاریان لەگەڵ دەکەن تاوەکو یارمەتی دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان بدات و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان نارەستەوخۆ بپارێزن. ئەو پرۆسەیە بۆ پەرەپێدان یاخود بەرەنگار بوونەوەی کۆمەڵگەکانی دەرەوەی ئەمریکا نییە، بەڵکو مەبەست لە کردنەوەی ئەو بەشانە زیادکردنی توانای ئەمریکایە بۆ بەکارهێنانی ئایین و زۆرجار بۆ زیندوکردنەوەی ئەو چاپتەرانە لە مێژوو کە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی رۆژئاوا دەگونجێن، لێرەوە ئەوان دەبنە ئەکتەرێکی سەرەکی نێو کۆمەڵگەکانی بەرامبەر، نزیکترین نموونە، سوریای ئەمرۆیە کە لێرە پێویست بە باس کردنی ناکات.
بەڵام، بەداخەوە سەرباری هەموو ئەو بنکە و مەڵبەند و دەزگاکانی بیرکردنەوە لە ئەمریکا، یارمەتی ئەمریکای نەدا تاوەرە بازرگانییەکانی لە ئاگری ئیسلامی سیاسی بپارێزێت، ئیسلامی سیاسیەک کە سەرەتاکانی لە میژووی هاوچەرخدا دەگەرێتەوە بۆ بەگژداچوونەوەی سیستمی کۆمیۆنیست لە وڵاتی سۆڤیەتی پێشوو.
نموونەیەکی دیکە، لەسەر ئاستێکی دیکە، تەماشای پرسی پێکهاتەکان لە عێراق بکەن، ئەوەی تا سەردەمێکی درێژ بە کەمایەتییەکان دەناسران، تا ئێستاش ئاسۆیەک بۆ چارەسەری سەرتاسەری ناسنامەیان و بوونیان لەم وڵاتەدا نییە، ئەو هەوڵانەی کە لە ساڵانی رابردوودا دراون بۆ بەرهەمهێنانی دایالۆگێکی سیاسی و کەلتووری نێو کۆمەڵگەکان لە رێگەی رێکخراوەکانی وڵاتانی رۆژئاواوە بوون کە یارمەتی داراییان پێشکەش بە رێکخراوە بیانییەکان دەکرد بۆ ئەوەی توانای پێکەوە ژیان لە نێو کۆمەڵگەدا زیاد بکەن، یارمەتی دارای ئەو پرۆژانە بەشێک بوون لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵانی رابردوودا لەبەرئەوەی سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگ بوو، ئەم کارە، لە لایەکی دیکەوە، بەشێک بوو لە بەرجەستەکردنی فەلسەفە سیاسیی ئەمریکا لە پاش لێدانی بورجەکان و داگیرکردنی عێراق. راستە، پێشبرکێ و ململانێکان سیاسی بوون، لەسەر وزە و بازاڕ و هەژموونی سیاسی و دابینکردنی ئاسایشی کەنداو و رارەوە ئاوییەکان بوون، بەڵام هەموو ئاگادارین کە جەنگەکان بە عەقیدەیەکی ئایینیەوە بەڕێوەدەبرێن.
نموونەیەکی دیکە، ئەوەی لەم رۆژانەدا روویدا، سەرۆکی ئەمریکا، ترمپ، یارمەتی دارایی ئەو رێکخراوەکانی کە یارمەتی داراییان لە ئەمریکاوە وەردەگرت بڕی، بەر لە رێکخراوەکان و کارمەندەکان، زەرەرمەندی یەکەم سوودمەندەکانی پرۆژەکان بوون، چینە تایبەتەکانی نێو کۆمەڵگە بوون، هەرە زۆری رێکخراوەکان، وەک بەرنامە و ستاف لە ناکاودا کاریان راگیرا و بوونیان هەر نەما، ئەمەش لەبەر هۆکارێکی زۆر ئاشکرا کە ئاماژەمان پێدا؛ فەلسەفەی سیاسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ریشەوە گۆڕا، هەمان ئەو پارتە سیاسییەی "جۆرج بوش"ە کە ئێستا حوکم دەکات، بەڵام هەمان سیاسەتی دەرەوەی ئەوسای نییە، بەداخەوە خەسڵەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیستادا، نەوەک هەر لە پاشەکشێیەکی ریشەییدایە، بەڵکو ئاراستەیەکی دیکەی هەیە و هاوبەشی کاری جیاوازی هەیە. سیاسەتەکە زیاتر بۆ خزمەتی سنوورەکانی ئەمریکا خۆیەتی، چوونە نێو قۆزاخە ئابورییەکانی خۆیەتی.
لە چەندان بۆنەدا، باسمان لە جۆرێکی نوێ لە ناسیونالیزمی نوێ کردووە کە لە رۆژئاوادا لە برەودایە، ئەگەر کار وا بڕوات شان بەشان ئەو شەپۆلە سیاسییە، رق و گینە و بوغز وەک پەتا لەسەرانسەری دونیادا بڵاو دەکاتەوە. ئەو شەپۆلە بەس حساب بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، نموونەی راشکاوی ئەم دۆخەش بەرزکردنەوەی پێناسەی گومرگییە لە لایەن ترەمپەوە کە بازاڕی دارایی جیهانی توشی بومەلەرزە کردووە، ئەمە هەمان هەڵەی پارتی پارێزگارانی بریتانیایە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر پەیرەوی کرد و شکستی هێنا.
بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی سەرمان لێنەشێوێت، تێگەیشتن لەو میکانیزمانەی کە ئایینی تیا بەکارهاتووە گرنگە، زۆر جار ئەوە خاڵی لاوازی ئێمە بووە، کە پاشخانی سیاسی و کەلتووری و ئایینی و ئابووری ئەو کەسانە نازانین کە خۆیان بە هاوبەشمان دادەنێن. کارێکی قورس دەبێت جوڵەی سیاسی و پۆلیسی “Policy Foreign “ و ستراتیژیەتیان بخوێنینەوە، گرفت هەر شارەزابوون لە زمان نییە، گرفت لەوەیە کە ئێمە تا سەردەمانێکی زۆر، بەهۆی گەمارۆی سیاسی و ئابووری لە ئەشکەوتەدا بووین و ئەوان بە سەربەستی بە دونیادا جوڵەیان دەکرد.
تێگەیشتن لە شێوازی ئیدارەدانی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە تێگەیشتن لە ئایین و کەلتووری ناوچەکە و ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی ئێمە، لە مێژوودا، لە پەیوەندیمان دا، لەگەڵ رۆژئاوا ئەنجامان داوە سەپاندنی "گریمانەی سیاسی" بووە، گریمانەیەک لە مێشکی خۆماندا بووە نەوەک دیدێک کە سەرچاوەکەی فاکتەرە راستەقینەکانی سیاسەتەکەیە.
پوختەی قسە: بەکارهینانی ئایین لەلایەن رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتدا روبەرووی سێ ئالەنگاری سەرەکی دەبێتەوە:
1. مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگا و دامەزراوەی ئایینی فەرمی جیاوازدا کە لە ململانێی هەمیشەییدان و بە دەست تەفسیر و لێکدانەوەی جیاواز بۆ بەرژوەندی جیاواز دەناڵێنن.
2. تێگەیشتن لە پاشخانی گروپەکانی بەناو ئایینی جیاواز، کە هەریەکەیان سەر بەشوێنێک و خاوەنی ناسنامە جیاوازن و زۆربەیان توندرەون.
3. شکستی پرۆگرامەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپانە لە لایەن ئەمریکاوە، زۆرجار، ئەو پرۆگرامانە پێویستیان بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی بەردەوام هەیە، هەر ئەو پێداچوونەوە خێرایانە پەیامی جیاواز بە دەزگاکانی رۆهەڵات دەگەیەنێت و تێنەگەیشتن لە پێگەی هەردوو، لە لایەن هەردوولاوە روودەدات.
لەوە دەکات، لە ئیستادا، ئەو میکانیزمانەی سەرەوە کە بۆ چەندان ساڵ پەیرەو دەکرا لە لایەن ترەمپەوە گۆرانکاری ریشەیی بەسەردا دێت.
لەبەرامبەر ئەو خاڵانەی سەرەوەشدا، ئێمە کارمان لەگەڵ چ دەزگایەکی دیکەی رۆژئاوا کردووە بێچگە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی نێو دەوڵەت، لۆبیمان لەگەڵ کێ کردووە کە کاریگەری لەسەر دارشتنی سیاسەتی رۆژئاوا هەبوو بێت، دەرخستنی ئەوەی کە ئێمە "قوربانییەکەی مێژوو"ین بەس نییە بۆ ئەوەی لە نێو بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا وەک ئەکتەرێکی سیاسی گرنگی ناوچەکە بمێنینەوە. بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێمە و ئەوان پەیوەندییەکی هەمیشەیی سیاسی بێت، سەرباری پرۆژە ئابووریەکان، پێویستمان بەوەیە کە پەیوەندیەکی پتەو لەگەڵ دەزگاکانی ژێرخانی رۆژئاوادا بکەین، بەر لەوەی کەسانی سەربەخۆ کە نوێنەرایەتی پرسی نیشتمانی ئێمە ناکەن، بۆ مەرامی جیاوازی کەسیی و بەناوی ئایینەوە ئەو کارە بکەن و مێژوویەک چەواشە بکەن.