ساڵەکەی کەرکوک
4/12/2025 1:27:00 PM
ستران عەبدوڵا
دوو جار لە مێژووی کوردستان و کەرکوکدا ئەم شارە لە چنگی تەعریب و تەبعیس و تەرحیل رزگار کراوە. چەند جارێکیش لولەی بۆرییە نەوتییەکانی شارەکە کەوتە بەر ئاگری لولەی تفەنگی تۆڵەی شۆرشەکانی کوردستانەوە.
لە شۆرشی ئەیلول و شۆرشی نوێی گەلەکەمان.
لە رزگاری یەکەم : رۆژی ١٩ی سێی ١٩٩١ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ هیچ هاوکارییەکی بێگانە و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کە سەددام و بەعسیان لە کوێت دەرکرد. هاوپەیمانان ئەو کاتە نزیک بوون، لە ناوچەکە و عیراق چاودێر و چاوگێڕ بوون بەڵام هیچ یاریدەی کوردی بێ پشتوپەنایان نەدا، کەرکوک بە باسکی پتەو و هەحقانیی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ئازادکرا و کەوتە دەست خاوەنەکانییەوە.
لە رزگاری دووەم: رۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣ کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە میانی پرۆسەی ئازادی عیراق کەرکوکیشی لە رژێمی بەعس سەندەوە.
هێزی پێشمەرگە تاقە هێز بوو ،دوای هاوپەیمانان، بەشداری ئەو پرۆسەی کرد. نە سوپای رژێمی عیراقی مابوو و نە ئۆپۆزسێۆنی عیراقیش هیچ ئیراد و ئیرادەی و تەگبیرێکی هەبوو لە دۆسێی رزگاری کەرکوکدا.
ئەنجامی ئەم رزگاری دووەمە ئەوەبوو کەرکوکیش بە ئازادی و دیموکراسیی و حوکمی خۆبەخۆی ژێر سایەی خاوەنە راستەقینەکانی خۆی شادبوو . پارێزگار و ئیدارەی هەڵبژێردراو کەوتە خزمەت و خاوەندارێتی.
رزگاری یەکەمی خۆمانی لە راپەرینی ١٩٩١ و رزگاری دووەمیش لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ کە خۆمان لەگەڵ هاوپەیمانان بەشداربووین تیایدا. هەروەها جەندین جار تەقاندن بە بناگوێی بیرەنەوتییەکانی کەرکوک بەڵگەی ئەوەن کورد تاقەت و توانای رزگارکردنی کەرکوکی هەیە بەمەرچێ ئەم تاقەت و توانا خودییە لەگەڵ ئیرادە و هێزی نێودەوڵەتی جۆین بکەین. پێشمەرگە تەنها دە رۆژ ئازادی کەرکوکی لە تەعریب و تەرحیل پاراست. بەڵام بە هاوتەریبی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی وا بیست و دوو ساڵە لەکەرکوک هەین و شتین و دەستمان دەڕوا و دەستتمان لە رووداوەکان هەیە ، تەنها ماوەی دوای ریفراندۆم و ١٦ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ نەبێت کە بە درێژایی حەوت ساڵی خایاند و موحافیزی بە وەکالەت و بە کەفالەت و بێ کەفائەتی بێ هەڵبژاردن حوکمی کرد و دژی کورد و پێکەوەژیان هەموو هەوڵێکی بۆ تەفرەقە نانەوە دا و ئەزێتی دیموکراسیی و دەستوور و ماددەی ١٤٠ی دەستووری دا.
دەرس و دەورەکە ئەوەیە بزوتنەوەی کوردایەتی توانستی رزگاری و راماڵینی هەیە بەمەرجێ خۆی لەگەڵ سیاسەت و ژیری و رێبازی مام جەلالانە بسازێنێ و هەنگاو هەنگاو بچێتە پێشەوە.
ئێستا کەرکوک وایە، خاوەنی خۆیەتی و بە یەکێتی ریزەکانی کوردایەتیش دەوانێ زیاتر بەرەو سەرکەوتن و خاوەندارێتی لە نیشتمانیی خۆی بڕوات.
دەرسەکە وایە ئێمە هەین و هێزین بە مەرجێ هێزی هاوتەریب و شەریک بین.