ئێران و ئەمریکا: جارێکی تر
4/12/2025 1:26:00 PM
سەردار عەزیز
ئەمڕۆ کاتژمێر سێی عەسر لە مەسقەت شاندی ئێرانی و ئەمریکی کۆدەبنەوە. شاندی ئێرانی پێکهاتوە لەچوار کەس: عێراقچی، تەخت-ڕەڤانچی و غەریبئابادی و بەقایی. شاندی ئەمریکی تەنها ناوی ویتکۆف دەهێنرێت. ویتکۆف خاوەن هیچ ئاگایی و شارەزاییەک نیە، تەنها ئەوەیە کابرایەکی مقاولی دەوڵەمەندی هاوڕێی ترەمپە.
ترەمپ هێندە ڕۆڵ بە دەزگای فەرمی نادات.
سەرەتا ئەمریکییەکان بە ئیماراتیەکاکندا نامەیان نارد. بەڵام ئێرانییەکان بە عوماندا وەڵامیان دایەوە، کە ئاماژەیە بەوەی ئێرانیەکان متمانە بە ئیماراتیەکان ناکەن. نامەکە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە نوسرابوو. دەڵێن ترەمپ زۆر حەزی لە نامەنوسینە. جاری پێشوو کە سەرۆک بوو ٢٣ نامەی بۆ سەرۆکی کۆریای باکور نوسی.
ترەمپ کۆمەڵێ گرێی دەرونی سەختی هەیە، دەیەوێت وەها دەرکەوێت کە کەسێکی ئێجگار بێ وێنە و بە توانایە لە دانوستان و ڕێکەوتن و ئاشتیدا. بەڵام قسەکانی دەربارەی کێشە و ململانێکان ئاماژەیەکی ڕونن کە شارەزایی دەربارەی ئاڵۆزی دۆخەکە نزیکە لە سفرەوە. بەڵام ئەوەی بۆی گرنگە بەدەستێهێنانی گوایە سەرکەوتنە.
ترەمپ زۆر بە هەڵەداوانە بۆ دەستکەوتێک. پێشتر ووتی کە بە ٢٤ کاتژمێر پرسی ڕوسیا و ئۆکرانیا چارەسەر دەکات، بەڵام بیست و چوار هەفتەش خەریکە تێدەپەڕێت. ئەم زیادەڕۆیی و خۆ بە پاڵەوانکردنە لە لایەن نەیارەکانیەوە سودی لێدەبینرێت.
پلانی ئێرانیەکان ئەوەیە کە خۆیان نەدەن بەداری گۆڵەکەدا. ئەوەی ئێرانیەکان بیری لێدەکەنەوە داڕشتنی نەخشە ڕێگایەکە کە هەتا درێژە بکێشێت باشترە، چونکە بڕوایان وەهایە کە هەڵبژاردنی نێوەندیدا ترەمپ گورزی گەورەی بەردەکەوێت و چیدی ناتوانێت وەک ئێستا مامەڵە بکات.
بەڵام لە هەمانکاتدا ئێرانیەکان دەزانن کە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو زۆر بە ووردی چاودێری ئەم دانوستانە دەکەن، بۆیە درێژەکێشان ڕەنگە ببێتە مایەی بێزاری ئەو وڵاتانە و فشار کردنیان.
زۆرترین دەستکەوت ئەمڕۆ بە دەست بێت ڕەنگە تەوقەیەک بێت لە نێوان عێراقچی و ویتکۆفدا. ئەگەر ئەوە ڕوبدات ئەوا زەمینەی بەردەوامی گفتوگۆکان دەڕەخسێنێت.
ئێران دەیەوێت کات بکوژێت. ترەمپ دەیەوێت سەرکەوتنێک بە دەستبهێنێت. دوای کوشتنی قاسم سلێمانی لە لایەن ترەمپەوە ئێرانییەکان ناتوانن بە جیدی وەرینەگرن.