بۆچی سه‌ڵاحه‌دین ناتوانێت ببێته سیمبولی ناسیونالیزمی کوردی؟
4/10/2025 11:20:00 AM
ماردین ئیبراهیم
بۆ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له ناسیونالیزم چه‌ند
تیۆرییه‌ک و کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندێکی سه‌ره‌کی هه‌ن، هه‌ر یه‌که‌یان سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی
ئه‌و چه‌مکه ده‌به‌ستنه‌وه به شتێکه‌وه یان دیارده‌یه‌که‌وه، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌سه‌ر
خاڵێک کۆکن( جگه له قوتابخانه‌ی پرایمۆردیالیزم که له کورددا جه‌مال نه‌به‌ز لایه‌نگری
ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه و پێیان وایه نه‌ته‌وه دیارده‌یه‌کی سروشتی کۆنه و هه‌ر هه‌بووه) که ناسیونالیزم وه‌کو پارادایم دیارده‌یه‌کی مۆدێرنه
و له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تای نۆزده‌وه په‌یدا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌و بیرمه‌ند
و تیۆریسه‌نانه باسی ناسیۆنالیزم وه‌کو پارادایم ده‌که‌ن، وه‌کو خه‌ونی گروپێکی ئیتنی
بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وان مه‌به‌ستییان نییه بڵێن پێشتر ئیتنیسیتی نه‌بووه یان
هه‌ستی جیاوازی نێوان گروپه‌کان نه‌بووه. ئه‌وه‌ی گروپه‌کان خۆیان به جیاواز له‌وانی
دی زانیوه ته‌مه‌نی زۆر کۆنتره له سه‌رده‌می مۆدێرن، له یۆنانی کۆندا خه‌ڵکی ئه‌سینا
جیاواز سه‌یر کراون له خه‌ڵکانی تر، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بووه ئه‌سیناییه‌کان به
فارسه‌کان یان میله‌تانی تریان گوتووه به‌ربه‌ر. له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای ڕۆما،
هاونیشتیمانی ڕۆمی جیاواز سه‌یرکراوه و جیاواز مامه‌ڵه کراوه له هاوڵاتییه‌کی تر.
په‌یامبه‌ری موسوڵمانه‌کان که ده‌ڵێت جیاوازی نییه له نێوان عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م هه‌ر
ئه‌و قسه‌یه مانای ئه‌وه‌یه جیاوازی هه‌بووه و بۆته بابه‌تێک بۆ مشتومڕو قسه‌کردن. که‌واته سه‌رده‌می پێش‌مۆدێرن سه‌رده‌می
ئاوخواردنه‌وه‌ی گورگ و مه‌ڕ نه‌بووه پێکه‌وه و ئه‌و دیده نامێژووییه سه‌رتاپای هه‌ڵه‌یه
که گوایه له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریاکان هیچ جۆره جیاوازیدانانێک نه‌بووه له‌نێوان
گروپه‌کان و که‌س سه‌روه‌ر و که‌س ڕه‌عیه‌ت نه‌بووه و هه‌مووان یه‌کسان بوون؛ ئه‌گه‌ر
وابوویه چی پێویستی ده‌کرد فارسه‌کان دژی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌کدۆنی شه‌ڕ بکه‌ن؟ جوله‌که‌کان
بۆچی ئاواره ده‌کران؟ بۆچی له هه‌موو خاکی کۆنی ئێران و عێراق و تورکیا و شامی ئێستا
ڕوبه‌ڕووی مه‌غۆله‌کان ده‌بوونه‌وه؟
ئه‌وه‌ی بیرمه‌ندانی ناسیونالیزم ده‌یڵێن که پێشتر
گروپه ئیتنییه‌کان هۆشیاری نه‌ته‌وه‌ییان نه‌گه‌یشتۆته ئاستی دروستکردنی گوتاری
ناسیونالیستی و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مومکین نه‌بووه؛
ڕاسته، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه ئه‌و هۆشیارییه هه‌ر نه‌بووه و هه‌ستکردن به‌وه‌ی
گروپێک له گروپێکی تر جیاوازه بوونی نه‌بووه. کاتێک فارسه‌کان و کورده‌کان و گروپه‌کانی
تر له جه‌نگی قادسیه و نه‌هاوه‌ند و جه‌له‌ولا روبه‌ڕووی عه‌ره‌به‌کان ده‌بنه‌وه
ئه‌و ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه گوزارشت له پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازبوونه ده‌کات. بۆیه
هه‌ر که‌سێک دێت ده‌ڵێت ئینجا کوا له سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دیندا کوردایه‌تی هه‌بووه
تاکو ده‌وڵه‌تی کوردی دروست بکات به ئه‌نقه‌ست یان به نه‌زانی یان به‌هۆی نابینایی
ئایدیۆلۆجی گۆمه‌که لێڵ ده‌کات. که‌واته ڕه‌خنه‌که له سه‌لاحه‌دین ئه‌وه نییه بۆ
ده‌وڵه‌تی کوردی دروست نه‌کردووه چونکه ئه‌وه‌ی که‌مێک ئاگای له ئه‌ده‌بیاتی ناسیونالیزم
بێت ئه‌و بابه‌ته ده‌زانێت و پێویست ناکات وه‌کو شتێکی گرنگ به که‌س بفرۆشرێته‌وه.
به‌ڵام عه‌ره‌به‌کان که ناوچه‌ی فارس داگیر ده‌كه‌ن و ده‌بینن کاروباری ئیداری و ڕێکخستنی
باج و بازاڕ زۆر پێشکه‌وتووه دێن دیوانه‌کان ده‌که‌ن به عه‌ره‌بی له کاتێکدا زۆربه‌ی
هه‌ره زۆری دانیشتووانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌که‌یان عه‌ره‌ب زمان نه‌بوون، ناوی عه‌ره‌بی
له شوێن و گوند و که‌سه‌کان ده‌نێن. فه‌رمانڕه‌وای عه‌ره‌ب له‌سه‌ر شار و ناوچه‌کان
داده‌نێن. باوانی کۆنی سه‌لاحه‌دین به توندی دژی داگیرکاری عه‌ره‌به‌کان جه‌نگان و
سه‌رده‌مێک دوواتر که ناره‌تیڤی ئیسلامی عه‌ره‌بی زاڵ بوو ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه هات
ئیلیتی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه بۆ ئه‌وه‌ی جێگه و پێگه‌ی سیاسی و ئیداری و سه‌ربازییان
ده‌ست بکه‌وێت هاتن پشتیان کرده خه‌ڵکی به‌له‌نگاز و پێشێلکراو و ڕوویان کرده خزمه‌تی
گوتارێک، ناره‌تیڤێک، ده‌سه‌ڵاتێک که له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر هێز و خۆسه‌پاندن بنیاد
نرابوو.
.....
ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وڵیان داوه تیۆریزه‌ی کێشه‌ی
کورد بکه‌ن ئه‌و کێشه‌یه‌یان به‌ستۆته‌وه به کێشه‌ی داگیرکارییه‌وه. بۆ نمونه له نیوه‌ی
دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا مه‌سعود محه‌مه‌د به درێژی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نووسیویه‌تی،
جه‌مال نه‌به‌ز نووسیویه‌تی و خه‌ڵکانی دیکه‌ش نوسیویانه. پاشان ئیسماعیل بێشکچی
به کتێبێکی زۆر گرنگ کرۆکی کێشه‌که‌ی ڕوون کردۆته‌وه و له کتێبی 'کوردستان کۆڵۆنییه‌کی
نێوده‌وڵه‌تییه' تیۆریزه‌ی پرسی کوردی کردووه. به بۆچوونی من ئیسماعیل بێشکچی تیۆریسه‌نی
ناسیونالیزمی کوردییه. که‌واته به‌و پێیه هه‌ر ده‌ستپێکردنێک بۆ تێگه‌یشتن له کێشه‌ی
کورد ده‌بێت له کێشه‌ی داگیرکارییه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، هه‌ر هه‌وڵێک بۆ تێگه‌یشتن له‌و
کێشه‌یه ئه‌گه‌ر پێشئه‌نجامه‌کانی داگیرکاریی نه‌بێت ئه‌وا ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ڵه ده‌رده‌چێت.
به‌ڵام ئه‌و بیرمه‌ندانه جگه له جه‌مال نه‌به‌ز هه‌موویان کێشه‌ی داگیرکاریی ده‌به‌ستنه‌وه
به سه‌رده‌می مۆدێرنه‌وه، ده‌یبه‌ستنه‌وه به سه‌رده‌می پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆریای
عوسمانی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرن له ناوچه‌که‌دا، له کاتێکدا داگیرکاریی ڕه‌گێکی قوڵتری هه‌یه له
کوردستاندا. کاتێک عه‌بدولحوسێن زه‌رینکوب باسی شکستی ساسانییه‌کان ده‌کات له جه‌نگی
قادسیه‌دا له بنه‌ڕه‌تدا باسی کێشه‌ی داگیرکاریی کۆمه‌ڵێک خێڵی عه‌ره‌ب ده‌کات که
هێرش ده‌که‌ن و شارستانییه‌ته‌کانی ناوچه‌که وێران ده‌که‌ن.
.....
هیچ هێرشێکی داگیرکاری نییه له مێژوودا به‌بێ جۆرێک
بانگه‌واز یان به زمانی نوێ به‌بێ ئایدیۆلۆجیا ئه‌نجام بدرێت. کاتێک گروپێک ناوچه
و شار و گوندی گروپێکی تر داگیر ده‌کات بێگومان چیرۆکێکی پێیه، هیچ گروپێک نییه بڵێت
هه‌ر بۆ خۆشی و که‌ڵه‌گایی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خه‌ڵکانی تر داگیر ده‌که‌م. جارێک ده‌ڵێن
پێشکه‌وتنتان بۆ دێنین، جارێک ده‌ڵێن شارستانییه‌تتان بۆ ده‌گوازینه‌وه، جارێکیش
ده‌ڵێن ئاینی تازه و په‌یامی ئاسمانیمان بۆ هاوردوون. ئه‌گه‌ر له سه‌ده‌ی حه‌وتی
زاینی‌دا له ئه‌با عوبه‌یده‌ی ئه‌نساری بپرسیت کاکه تۆ چی ده‌که‌یت له هه‌ورامان؟ خۆ
ناڵێت هاتووم ڕه‌ز و باخ و خاک و ئاوتان داگیر بکه‌م و که‌سیش بۆی نییه قسه بکات،
حه‌تمه‌ن ده‌ڵێت په‌یامێکی ئاسمانیم پێیه. به‌ڵام داگیرکاری هه‌ر په‌یام و ئایدیۆلۆجیای
پێ نییه، به‌ڵکو دوواتر ناره‌تیڤێک، حیکایه‌تێک بۆ ڕه‌وایه‌تیبه‌خشین به ده‌وری خۆیدا
دروست ده‌کات. ئه‌و ناره‌تیڤه زانا و نوسه‌ر و فه‌یله‌سوف و گوتاربێژی خۆی دروست
ده‌کات بۆ ڕه‌وایه‌تیدان و نۆرماڵیزه‌کردنی ئه‌و دۆخه که له بنه‌ڕه‌تدا ناڕه‌وا
بووه. ورده ورده به هه‌زار هۆکاری جۆراوجۆر ئه‌و که‌سه‌ی داگیر کراوه ئه‌و ناره‌تیڤه
قبوڵ ده‌کات و لێی ده‌بێت به ڕاست که ئه‌وه ترسناکترین دۆخی داگیرکارییه و فرانز
فانۆن به درێژی باسی ئه‌و دۆخه ده‌کات له هه‌ردوو کتێبی 'پێستی ڕه‌ش و ماسکی سپی'
و "قه‌له‌نده‌ره‌کانی دنیا'. فانۆن باسی چه‌ند قۆناخێکی داگیرکاری ده‌کات، له
سه‌ره‌تادا گروپێک به‌ره‌نگاری ده‌کات و ده‌جه‌نگێت، که ژێر پێ که‌وت ئیتر ورده
ورده به‌ره‌نگارییه‌که له ئاستی فیزیکییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ئاستی کلتوری، که هه‌ر
نه‌یتوانی به‌رگری به‌رده‌وام بێت ئینجا به‌ها و نۆرم و ناره‌تیڤی پێشێلکاره‌کان
قبوڵ ده‌کات تا ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و ناره‌تیڤه ئینته‌رنه‌لایز ده‌کات، به
ناوه‌کیی ده‌کات و ده‌یکاته به‌شێک له نۆرم و به‌ها و جیهانبینییه‌کانی خۆی ئیتر
تا ده‌گاته ئه‌و ئاسته ترسناکه‌ی که‌سی پێشێلکراو دێت شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و ناره‌تیڤه
ده‌کات و خۆی بۆ ده‌دات به کوشت که ئه‌مه‌یان مه‌سخ و ئه‌سیمیله‌بوونێکی ته‌واوه و
ئیتر چیدی ئێمه داگیرکه‌ر و داگیرکراومان بۆ له‌یه‌کتر جیاناکرێته‌وه. ڕاست بوونه‌وه‌ی
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێده‌کات که ده‌سته‌یه‌ک په‌یدا ده‌بن له‌و
ناره‌تیڤه هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام خۆ ئه‌وه کارێکی ئاسان نییه، چونکه ئه‌و ناره‌تیڤه
له‌ناو گروپی پێشێلکراودا یه‌ک له‌شکر زه‌عتوت و قه‌ره‌قۆز و ئاڵیزه‌نگانی بۆ په‌یدابوون
به‌رگری لێ بکه‌ن. بنیادنانی ناره‌تیڤی کوردی و چێ‌کردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ
کورد کۆمه‌ڵێک مه‌رجی هه‌یه یه‌کێک له‌وانه سیمبولی داگیرکاران به سیمبولی خۆت نه‌زانیت.
بێهۆ نییه ئه‌وانه‌ی له قۆناغی به‌رایی و دوواتردا بانگه‌شه‌ی ناسیونالیزمیان
کردووه خۆیان له سه‌لاحه‌دین به خاوه‌ن نه‌کردووه.
.....
کاتێک موسوڵمانه عه‌ره‌به‌کان ئه‌و ناوچه‌یه
داگیر ده‌که‌ن یه‌که‌مجار ڕووبه‌رووی به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه، دوایی کوشتار و جه‌نگی
خوێناوی؛ زاڵ ده‌بن، پاشان له‌ناو پێڤاژۆیه‌کی ئاڵۆزی مێژوویی درێژدا ناره‌تیڤێک
دروست ده‌بێت، هه‌لومه‌رجێک دێته کایه‌وه که ئیسلام وه‌کو حیکایه‌تێکی گه‌وره، وه‌کو
ته‌ونێکی چڕ بڵاوده‌بێته‌وه، دووای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که له عێراقی ئێستاوه
تاکو هیندستان له‌لایه‌ن له‌شکری عه‌ره‌بییه‌وه داگیر ده‌کرێن و له ململانێی راسته‌وخۆدا
ده‌شکێن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن فۆمی به‌رگرییه‌که له جه‌نگی راسته‌وخۆووه بگوازنه‌وه بۆ
ئاستی کلتوری و ڕۆحی، سۆفیزم جۆرێکه له‌و به‌رگرییه، فه‌لسه‌فه‌ی دنیای ئیسلام جۆرێکه
له‌و به‌رگرییه، فۆلکلۆری کوردی جۆرێکه له‌و به‌رگرییه.
کێشه‌که ئه‌وه‌یه کاتێک ناره‌تیڤێک زاڵ ده‌بێت،
که‌سانێک به‌رگری ده‌که‌ن، بۆ نمونه کۆمه‌ڵێک یارسانی و ئێزیدی و کریستیانی کورد
هه‌ر نه‌بوونه موسوڵمان، گروپی پێشێلکراو ده‌یه‌وێت له‌ناو ئه‌و ناره‌تیڤه‌دا خۆی
بگونجێنێت، هه‌ندێکیش له‌ناو ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، له‌ناو دۆخی زاڵبوونی ئه‌و ناره‌تیڤه‌دا
ده‌یانه‌وێت جێ بۆ خۆیان بگرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناره‌تیڤه‌که‌ت ئینته‌رنه‌لایز نه‌کردبێت
نا‌توانیت هیچ جێگه‌و ڕێگه‌یه‌ک بۆ خۆت بگریت. سه‌لاحه‌دین نمونه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه.
له دۆخێک‌دا که گوتاری عه‌ره‌بی و ئیسلامی زاڵ ده‌بێت که‌سانێک ده‌یانه‌وێت له‌و دۆخه‌دا
جێبگرن، به‌ڵام ناتوانن جێبگرن ئه‌گه‌ر ناره‌تیڤه‌که نه‌بووبێته به‌شێکی ناوه‌کی بیرکردنه‌وه
و زیهن و بوونیان.
.....
له ئه‌حمه‌دی خانییه‌وه هه‌تاکو ئێستا نوسه‌ر و
شاعیرانی ئێمه، سه‌رکرده‌کانی ئێمه، خه‌باتگێڕان و جه‌نگاوه‌رانی ئێمه بۆ سیمبولێکی
نه‌ته‌وه‌یی گه‌ڕاون، هه‌مووشیان سه‌لاحه‌دینیان ناسیوه، به‌شێکیشیان له‌ناو شیعردا
باسیان کردووه، به‌شێکیشیان له گۆڤار و وتاردا حه‌زیان کردووه بیکه‌ن به سیمبول، به‌ڵام نه ئه‌وسا و نه ئێستا نه‌یانتوانیوه بیکه‌ن
به سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه نه‌یانویستووه، مانای ئه‌وه نییه
سه‌لاحه‌دینیان خۆشنه‌ویستووه، مانای ئه‌وه نییه سه‌لاحه‌دینیان لێ زیاد بووه، به‌ڵام
به هۆشی خاکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه نه‌یانزانیوه سه‌لاحه‌دین چی لێبکه‌ن، چۆن بیکه‌ن
به سیمبول. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه بووه سه‌لاحه‌دین بۆ ئه‌و شته ده‌ستی نه‌داوه، ئێستاش
ده‌ست نادات. سه‌لاحه‌دین وه‌کو په‌تاته‌یه‌کی گه‌رم وابووه له‌و ده‌سته‌وه خستویانه‌ته
ئه‌و ده‌سته‌ی تریان و دوواتر فڕێیان داوه. هه‌ر ئه‌وه‌ی شاعیرێک له شیعرێکدا ناوی سه‌لاحه‌دینی هێناوه یان سه‌رکرده‌یه‌ک
له‌ولا و دانه‌یه‌ک له‌ملا ناویان هێناوه نایکات به سیمبولی نه‌ته‌وه. گۆران باسی سه‌لاحه‌دینی کردووه به‌ڵام باسی کیم
ئیل سۆنگ و هۆشی مینه‌شی کردووه، قانع باسی لینینی کردووه و گوتویه‌تی 'کورده وه‌ره
بنواڕه چاره‌ی ده‌ردت له کوێیه/ هه‌ر ڕێبازی لینینه ده‌وای ده‌رد و نه‌خۆشیت. لینین
ده‌توانێت ببێته سیمبولی ئایدیۆلۆجی مارکسیستی ئێمه، به‌لام ناتوانێت ببێته سیمبولی
نه‌ته‌وه‌یی ئێمه، به‌ڵکو ده‌توانێت ببێته سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی ڕوسی. با شاعیرانی
کۆرسیکی باسی ناپلیۆنیش بکه‌ن و با ناپلیۆن سه‌ر به کۆرسیکییه‌کانیش بێت، به‌ڵام
ناپلیۆن ناتوانێت ببێته سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی کۆرسیکی به‌ڵکو بۆته سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی
فه‌ڕه‌نسی، زۆر به ساده‌یی چونکه ناپلیۆن له‌ناو پرۆژه‌ی فه‌ڕه‌نسیدایه نه‌ک کۆرسیکی.
ئه‌ی باشه بۆ ناپرسن شێخ مه‌حمود له وتاره‌که‌ی
له کردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌ته‌که‌ی بۆچی باسی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم
ده‌کات که‌چی باسی سه‌لاحه‌دین ناکات؟ کاتێک قازی موحه‌مه‌د وتاره‌که‌ی ده‌دات له
مه‌هاباد باسی سمکۆ و حاجی قادر ده‌کات باسی سه‌لاحه‌دین ناکات، بارزانی له‌و هه‌موو
له‌شکر و جه‌نگاوه‌رانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول ده‌سته‌یه‌ک به‌ناوی سه‌لاحه‌دینه‌وه
ناکات؟ تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان موسته‌فا، قاسملو و ئۆجه‌لان نه ناوی که‌رتێک نه تیپێک
نه گروپێکی گه‌ریلا نه ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه هیچیان ناوی سه‌لاحه‌دینیان له‌سه‌ر
نییه، نه گۆڤارێک نه ڕۆژنامه‌یه‌ک نه یادێک نه کۆنفرانسێک. خۆ ئه‌وانه هه‌مووشیان
هۆشیار بوون و هه‌ندێکیان نووسه‌ر و بیرمه‌ند و مێژوونووس؟
به‌ڵام بۆچی ناسیونالیزمی کوردی ناتوانێت سه‌لاحه‌دین
بکات به سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی؟
یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی دروستکردنی نه‌ته‌وه و
بنیادنانی پرۆژه‌ی ناسیونالی ئه‌وه‌یه که ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌بێت به دووای سیمبول
و خه‌سڵه‌تی جیاوازبووندا بگه‌ڕێت، ده‌بێت کۆنتراست دروست بکات له‌گه‌ڵ داگیرکاره‌کانی،
هیچ سیمبولێک ناتوانێت ببێته سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی داگیرکا‌ر و داگیرکه‌ر به یه‌که‌وه.
ده‌کرێت ببێته سیمبولی ئاینی، به‌لام بۆ سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ست نادات، چونکه کۆنتراست
و جیاوازی دروست نابێت ئه‌گه‌ر دوو نه‌ته‌وه یه‌کێک داگیرکه‌ر و ئه‌وی دی داگیرکراو
هه‌مان سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبژێرن. ئه‌وانه‌ی کوردستانیان داگیرکردووه عه‌ره‌به‌کان
و ئینجا فارسه‌کان و تورکه‌کانن و هه‌رسێ
نه‌ته‌وه‌ش موسوڵمانن. کاتێک ناسیونالیسته کورده‌کان چاو ده‌که‌نه‌وه و تێڕاده‌مێنن
ده‌یانه‌وێت سیمبولێک به‌رز ڕابگرن، هه‌رچه‌ند ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن سه‌لاحه‌دین بۆی
نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا ناسیونالیزی کوردی ئاراسته‌یه‌کی سیکولاری هه‌یه،
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئاراسته‌ی سیکولار وه‌رده‌گرێت چونکه داگیرکاره‌کان موسوڵمانن.
پاشتر هه‌ر که‌سێک دێته ناو پرۆژه‌ی کوردییه‌وه هه‌ر سیکیولار ده‌بێت، راسته ده‌کرێت
مه‌لایه‌ک یان شێخێک سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی کوردی کردبێت به‌لام پرۆژه‌که پرۆژه‌ی
دینی نه‌بووه به‌ڵکو پرۆژه‌یه‌کی ناسیونالی سیکیولار بووه. دیاره که ده‌ڵێم سیکیولار
نابێت به ئه‌نقه‌ست قسه‌کانم بشێوێنرێن و پێیان وابێت من ده‌ڵێم ئه‌و که‌سانه خۆیان
نادینی بوون. نا؛ خۆیان دینی بوون و پرۆژه‌که‌یان سیکیولار بووه چونکه سیکیولاریزم
دۆکترینێکی سیاسییه، بۆیه زۆر ئاساییه که‌سێک له ژیانی تایبه‌تیدا ئایندار و له ژیانی
گشتیدا سیکیولار بێت. له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه نه له سه‌ره‌تادا و نه له رابردوودا، نه
له ئێستا و ئاینده‌دا پرۆژه‌ی ناسیونالیزمی کوردی ناتوانێت ئاینی بێت، هه‌ر کاتێک
پرۆژه‌ی ئاینی زاڵ بوو واته ناسیونالیزمی کوردی پاشه‌کشه‌ی کردووه. به‌لام ئایا هه‌ر
له بنه‌ڕه‌تدا ئاین ناتوانێت پرۆژه‌ی ناسیونالیش بێت؟ به‌ڵی ده‌توانێت به‌ڵام له دۆخی
کورددا ناتوانێت وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد به پرۆژه‌ی ئاینییه‌وه له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر کۆنتراست
دروست بکه‌یت. دیاره له هه‌ندێک دۆخی مێژوویی‌دا ناسیونالیزم تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌توانێت
به فۆرمی ئاینی گوزارشت له خۆی بکات بۆ نمونه له دۆخی عه‌ره‌به‌کاندا که داگیرکه‌ری
ئه‌وروپی له ناوچه‌که بووه بۆ عه‌ره‌به‌کان ئاسانه سه‌لاحه‌دین سیمبولی به‌رگری بێت
چونکه ئه‌وروپییه‌کان ناموسوڵمانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که عوسمانییه‌کان له ناوچه
عه‌ره‌بییه‌کان ده‌سه‌ڵاتدار بوون عه‌ره‌به‌کان ڕاده‌په‌ڕن له میسر‌و له نه‌جد و حیجاز
ئه‌و کاته بزوتنه‌وه‌که بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناسیونالیستییه بۆیه سه‌لاحه‌دین له‌و
ساته مێژووییه‌دا نابێته سیمبولێکی عه‌ره‌به‌کان چونکه عوسمانییه‌کان موسوڵمانن.
.....
ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن به‌بێ لایه‌نی سه‌یری مێژوو ده‌که‌ن له ڕاستیدا
خه‌ریکی وه‌همسازین. ڕوداوی مێژوو زۆر له‌وه ئاڵۆزتره مرۆڤ بتوانێت ده‌ستی به هه‌مووی
ڕابگات. هه‌موو مرۆڤێک که مێژوو ده‌خوێنێته‌وه و باسی ده‌کات؛ له واقیعدا ڕیوایه‌تی
مێژوو ده‌کات، مێژوو ڕیوایه‌ت ده‌کرێت و ده‌گێڕدرێته‌وه. گێڕانه‌وه‌ش له ژێر کاریگه‌ری
هه‌زاران فاکته‌ردایه. هه‌موو مرۆڤێک و له‌ناویشیدا که‌سێک که مێژوو ده‌گێڕێته‌وه
بارگاوییه به تیۆری و تێڕوانینه‌کان، بارگاوییه به کلتور و ئه‌و گوتارانه‌ی له‌ناویدا
کار ده‌که‌ن. مێژووش ناوکۆیی و کۆنتێکستێکی به‌ستوو و ئه‌بستراکت نییه تاکو بۆی
بگه‌ڕێینه‌وه و ڕاستییه‌کانی تیادا ببینین، به‌ڵکو له‌ناو ئه‌و سیاق و کۆنتێکسته‌دا
که ئێمه پێمان وایه بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه دنیایه‌ک ناته‌بایی و گوتاری دژ به‌یه‌ک هه‌ن.
بۆ نمونه که‌سێک باسی شه‌ڕی جه‌مه‌ل یان شه‌ڕی سه‌ففین بکات گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو سیاق
و سه‌یرکردنی بێلایه‌نانه مانای چی؟ خۆ سیاقه‌که وشک و به‌ستوو نییه تاکو تۆ به بێلایه‌نی
سه‌یری بکه‌یت، له‌ناو سیاقه‌که‌دا گوتاری دژ به‌یه‌ک هه‌ن، گروپی عه‌لی هه‌یه،
گروپی معاویه هه‌یه، گروپی عائیشه و ته‌لحه و زوبێر هه‌یه، گروپی دژی هه‌موویان
هه‌یه، گروپی بێلایه‌ن له هه‌موویان هه‌یه. که‌واته که‌سێک که مێژوو ده‌گێڕێته‌وه
به هۆشیارانه یان ناخودئاگایانه له ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک گێڕانه‌وه و تیۆر دایه
که له تیۆر و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانی تر جیاوازن. ئێمه که مێژوو ده‌گێڕینه‌وه و بۆی
ده‌گه‌ڕێینه‌وه و ڕاڤه‌ی ده‌که‌ین هه‌ر بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر روداوێکی مێژوویی ده‌رنابڕین،
به‌ڵکو له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا دیدی ئێمه له‌سه‌ر ئێستاش به‌یان ده‌بێت؛ هاوکات نه‌خشه‌ی
بیر و تێڕوانینمان بۆ ئاینده‌ش ڕوون ده‌بێته‌وه. به هه‌مان پێوه‌ر که‌سێک که ده‌ڵێت
سه‌لاحه‌دین موقه‌ده‌سه و شکۆی هه‌یه و نابێت به خراپه باسی بکرێت؛ خه‌ریکی
فراوانکردنی بازنه‌ی موقه‌ده‌سه و هه‌ر به په‌یامبه‌ر و قورعانه‌وه ناوه‌ستێت به‌ڵکو
موقه‌ده‌سییه‌که ده‌هێنێته سه‌ر فیگه‌ری مێژوویی وه‌کو سه‌لاحه‌دینیش که جه‌نگاوه‌رێک
بووه له‌ناو دنیایه‌ک ململانێ و ملشکاندن و جه‌نگ و فراوانخوازی و نه‌خشه‌و پیلانی
خوێناویدا بووه و ژیانی ته‌نراوه به تۆڕێک له کوشتن و ئاژاوه و پیلانگێڕی و بێگومان
کاری باشه و جوامێرانه‌ش. ئه‌وانه‌ی ده‌رگا داده‌خه‌ن و قوفڵێکی موقه‌ده‌س له‌ناوی
سه‌لاحه‌دین ده‌ده‌ن به ئاشکرا دیاره چۆن سه‌یری ئێستا ده‌که‌ن و چی نه‌خشه‌یه‌ک
له خه‌یاڵیاندایه بۆ ئاینده. ئه‌وه چۆن وتوێژکردنیکه له ته‌له‌فیزیۆنێک بکرێت، له
بنه‌ڕه‌تدا وتوێژ و مشتومڕه‌که له‌سه‌ر سه‌لاحه‌دین و ڕه‌فتار و کرداره‌کانی بێت و
که‌چی بڵێن شکۆی سه‌لاحه‌دین له‌سه‌روی ئه‌م وتوێژه‌وه‌یه. پاشان ئه‌وه چی سیمبولێکه
که‌س نه‌توانێت ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت؟
.....
ناسیونالیزم و له‌ناویشیدا 'کوردایه‌تی' پرۆژه‌یه‌کی
سیاسییه نه‌ک پرۆژه‌یه‌کی که‌لتوری و ئیتنی، کوردایه‌تی به هه‌ر جۆرێک گوزارشت له
خۆی بکات له هه‌ر به‌شێکی کوردستان، چه‌پ بێت یان قه‌ومی هه‌ر پرۆژه‌ی سیاسییه که
ناوه‌رۆکه‌که‌ی کوردایه‌تی و ناسنامه‌ی کوردییه نه‌ک پرۆژه‌یه‌کی ئه‌نسرۆپۆلۆجی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که‌سێک که بته‌وێت بیکه‌یت به سیمبول هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه به
کوردی قسه بکات یان سه‌ر به‌و ئیتنیکه بێت، به‌ڵکو ده‌بێت له‌ناو پرۆژه‌ی کوردی‌دا
بێت. له‌م رۆژانه‌دا ڤیدیۆیه‌کم بینی ئه‌رشه‌د زێباری که سه‌رۆک جاشێکی دیاری موسڵ
بوو له ئاهه‌نگێکدا به جلی کوردییه‌وه دانیشتووه و خه‌ڵکانێکی زۆریش شایی کوردی ده‌که‌ن
و گۆرانی کوردی ده‌ڵێن و مۆسیقای کوردی لێ ده‌ده‌ن، ئایا ده‌کرێت دووای سه‌ت ساڵی
تر بڵێین ئه‌رشه‌د زێباری کوردایه‌تی کردووه و ئه‌وه نییه جلی کوردی له‌به‌رایه و
گۆرانی کوردی ده‌ڵێن؟ ئه‌رشه‌د زێباری هه‌زاران چه‌کداری کورد و ده‌یان چه‌کداری
عه‌ره‌ب و تورکومانیش، که‌واته بڵێین ئه‌رشه‌د کوردایه‌تی کردووه چونکه ئه‌و چه‌کداره
عه‌ره‌ب و تورکومانانه به‌خیلیان پێبردووه و گوتویانه ئای کوڕی کورد ئاگات لێیه عه‌ره‌ب
و تورکومانت له‌ژێر ده‌ستایه؟ ئه‌مه لۆجیکی تێگه‌یشتنه له پرۆژه‌ی کوردی؟ ته‌ها یاسین
ڕه‌مه‌زان و هاکان فیدان چۆن له‌ناو پرۆژه‌ی کوردایه‌تیدا جێ ده‌کرێنه‌وه؟ با دایکیشیان
عه‌ره‌بی و تورکی نه‌زانن.
.....
به پێچه‌وانه‌وه، کورده‌کان به درێژایی مێژووی
فراژووبوونی ناسیونالیزمی کوردی خۆیان له سه‌لاحه‌دین دزیوه‌ته‌وه، تورک و فارس و
عه‌ره‌به‌کان زیاتر سه‌لاحه‌دینیان فڕێداوه بۆمان، زیاتر پێیان داگرتووه که سه‌لاحه‌دین
کورده، هه‌ر ئه‌وه نا؛ به‌عس به ئه‌نقه‌ست ناوی سه‌لاحه‌دینی له قوتابخانه و زانکۆ
و سه‌یرانگاکانی ئێمه ده‌نا، چونکه به‌عس ده‌یزانی سه‌لاحه‌دین سیمبولی ئه‌سیمیله‌بوون
و پشتکردنه میله‌تی خۆیه، سیمبولی قبوڵکردنی ناره‌تیڤی داگیرکه‌ران و که‌وا سووری
به‌ر له‌شکره‌که‌یانه. ئێستاش دووای زیاتر له سه‌ت ساڵ سه‌لاحه‌دین ئه‌وه هیچ نه‌بووه
به سیمبول و هیچ مایه‌ی شانازی نییه بۆ زۆرکه‌س به‌ڵکو باسکردنی سه‌لاحه‌دین له ئێستادا
هیچ په‌یوه‌ندی به گه‌شه‌ی بیری ناسیونالیزمه‌وه نییه، به‌ڵکو گوتارێکی ئایدیۆلۆجی
ئیسلامییه که دیسانه‌وه پرۆژه‌ی کۆڵۆنیالی ناوچه‌که ده‌یه‌وێت ده‌ست و پێی کورده‌کانی
پێ بگرێت و قه‌ت نه‌هێڵن ڕێگا و ناسنامه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌لاحه‌دین
به که‌ڵکی ئێمه بهاتایه دوژمنه‌کان ئه‌وه‌نده نه‌یانده‌گوت کورده، ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌نده
نه‌یده‌گوت ئێوه نه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دینن. ئه‌ردۆگان ده‌زانێت سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ناتوانێت
ببێته ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی بۆیه هه‌ر جارێک پیلانێکی خوێناوی بۆ خاپاندنی کورده‌کان
له‌ژێر سه‌ردا بێت سه‌لاحه‌دینێکی کۆنمان بۆ ڕۆ ده‌کات و سه‌لاحه‌دینێکی تازه‌مان
ده‌خاته داوه‌وه.
.....
کاتێک گوتارێک زاڵ ده‌بێت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئینجا
هه‌ر گوتارێک بێت، سیاسی که‌لتوری یان ئاینی، به ته‌نیا کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵگرانی
ئایدیۆلۆجیای ئه‌و گوتاره نابێت، به‌ڵکو که‌سانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ش
ده‌خاته ژێر کاریگه‌ری خۆیه‌وه؛ ئه‌گه‌ر وه‌کو خۆیشیان لێ نه‌کات ئه‌وا ده‌ستکاری
جیهانبینی و ئامرازی چه‌مکی و زمان و ڕیتۆریکیان ده‌کات. کاتێک نازیزم له ئه‌ڵمانیا
زاڵ بووه و بووه به گوتارێک که هه‌ژموونی کردۆته سه‌ر کۆمه‌ڵگا، ته‌نیا نازییه‌کان
نه‌بوون بارگاوی بوون به دیدگای نازیستی، به‌ڵکو ئه‌و که‌سانه‌ش که نازی نه‌بوون، یان
هه‌ندێکجار دژه نازیش بوون به جۆرێک له جۆره‌کان بارگاوی بوون به نازیزم، که‌وتونه‌ته
ژێر هه‌ژمونی زمان، جیهانبینی، زاراوه‌سازی، چه‌مک و ڕه‌وانبێژی نازییه‌کانه‌وه. هێنانه
گۆڕێی باسی سه‌لاحه‌دین له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆژی ئیسلامیزمه، له دوور
و نزیک په‌یوه‌ندی به تۆکمه‌کردن و چێ‌کردنی ناسنامه‌ی کوردییه‌وه نییه، بگره ڕێک
دژییه‌تی، ڕێگرییه‌تی و له قوڵاییدا هه‌ڵته‌کێنه‌رییه‌تی. به‌ڵام وه‌ک چۆن ئیسلامیزم
له زۆر بواری تردا ده‌ستکاری گوتاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی کردووه، زمان و به‌لاغه‌تی
زۆر که‌سی گۆڕیوه، جوڵه‌ی حیزب و به‌رنامه‌ی حکومه‌تی جوڵاندووه، ئاواش له مه‌سه‌له‌ی
سه‌لاحه‌دیندا ئێستا هه‌ر ئیسلامییه‌کان نین ده‌یانه‌وێت سه‌لاحه‌دین به‌سه‌ر
کورددا بسه‌پێنن، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک ئه‌فه‌نی نائیسلامیش په‌یدا بوون ده‌یانه‌وێت
بکوژی فه‌یله‌سوفان بکه‌ن به سیمبولی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌شت سه‌ت
ساڵه له سه‌لاحه‌دین ڕاده‌کات.