29 ئابوری

داهاتی گومرگی چوار خاڵەکەی هەرێم لەداهاتی ٣٦ خاڵە سنورییەکەی عیراق زیاترە

11:24 - 02/07/2024

زەمەن - هەرێمی کوردستان

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرایکرد، داهاتی گشتی گومرگەکان له‌ هەرێم مانگانە 120 بۆ 140 ملیار دینارە، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ داهاتی مانگانه‌ی گومرگی له‌ هه‌رێم زۆر زیاتر بێت له‌ داهاتی ئه‌و 26 خاڵه‌ گومرگییه‌ی له‌ ناوچه‌كانی عێراق هه‌یه‌.

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی یاسای گومرگی بەهیچ جۆرێک رێگە نادرێت بۆ دانانی بازگه‌ی گومرگی لەنێوان شارەکان بۆ وردبینی و چاودێریکردنەوەی گومرگی ئەوە تەنها لە خاڵە سنورییە فەرمییەکان دەکرێت، یا چەند کیلۆمەترێک لە دوری خاڵە سنورییە فەرمیەکە نەک لەنێوان شارەکان.

باسی له‌وه‌شكرد، هەر رێگرییەک دروست ببێت لەسەر بازرگانی، کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و نرخی کاڵا و هاووڵاتیان، جگەولەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی بازرگانی نەک بە تەنها لە هەرێم بەڵکو لەسەراسەری عێراق.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی گومرگی و حەوت دەروازەی گومرگی گرنگی هەیە لەناوچەکە، بەڕاستی دانانی ئەو خاڵی پشکنینانەی عێراق لەنزیک خاڵە فەرمیە گومرگییەکانی هەرێم رەوتی بازرگانی تێکدەدات، ئەو بەرنامەش تێکدەدات کە عێراق چیتر پشت بە کەرتی نەوت نەبەستێت.

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان نەیشاردەوە کە حکومەتی عێراق هیچ تێبینی یا گلەیی لەسەر داهاتی گومرگەکان و رادەستکردنی ئەو بڕەی بەپێیی رێککەوتن نیە، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دوایی لە 50%ی وەک ئەوەی داوایان کردووە لەداهاتی گومرگ و باج دەچێتەوە بۆ حکومەتی عێراقی، حکومەتی هەرێم پابەندە بەڕێککەوتنەکان، خۆشیان هاتوون وردبینیان لە هەموو شتەکان کردووە و گلەییان نەبووە.

وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی گومرگی هه‌رێم باسی لێوه‌ ده‌كات، دانانی ئەو خاڵانەی پشکنین لەنزیک گومرگەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جۆرێکە لەبیانووی سیاسی، له‌و باره‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ر ده‌دوێت و ده‌ڵێت، "ئەگەرنا گومرگەکانی کوردستان زۆر شەفافن و بەسیستمی (ئەتمەتە)کاردەکەین، ئەو تاقیگەیانەی لە گومرگەکاندا هەن لە شوێنی تر نین، هەر حکومەتی عێراق کەخۆیان هاتوون بۆ خاڵە گومرگییەکانی هەرێم بۆ بەدواداچوون سەرییان سوڕماوە لەو رێوشوێنانەی لە گومرگەکان پیادە دەکرێن، باشترین بەڵگەش ئەوەیە داهاتی چوار خاڵە گومرگیەی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە داهاتی 26 خاڵی گومرگی بەشێکی تری عێراق".

ده‌شڵێت: "بۆیە ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە ئەمە بیانوو نیە بە هەرێمی دەگرن تەنها بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتری خۆیانە بەسەر هەرێمدا بۆئەوەیە وای پیشان بدەن کە هەرێمی کوردستان پاشاگەردانیە، هەر ئەو خاڵە پشکنینانەی دەیانەوێت لەنزیک خاڵە گومرگییەکانی هەرێم داینێن بیبەن لە نزیک(ئوم قەسر) داینێن، شەش ئەوەندە داهات زیاد دەکات".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن