ئەپیکۆر ڕەخنەی توند لە حکومەتی عێراق دەگرێت
10:53 - 07/09/2024
زەمەن - هەرێمی کوردستان
وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان رایدەگەیەنێت،
تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ رێکارێکی بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەگرتوەتەبەر
لەکاتێکدا تورکیا چەندین جار رایگەیاندوە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان
ئامادەیە و حکومەتی هەرێمیش رەزامەندە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە.
مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان
(ئەپیکۆر) ڕایدەگەیەنێت: لە کاتێکدا تورکیا رایگەیاندوە کە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ
بەندەری جەیهان ئامادەیە و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نیشانداوە،
بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ دەستپێکردنە ی هەناردەی نەوت نەناوە،
ئەوەش دەخاتەڕوو کە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە
بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانییدا زیاد بکات.
باسی لەوەشکردوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن
بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەمەرجێک رێککەوتنێک هەبێت،
تێچوی هەناردەی پێشو و ئێستا و داهاتووش دەستەبەر بکات، پارەپێدانەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ
بێت، هەروەها ڕەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تیادا بکرێت، بەوپێیەش هەبونی ڕێککەوتنێکی
لەم جۆرەش پێویستی بە دەستکارییکردنی گرێبەستەکان هەیە.
بە وتەی کاگینز، زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوت مانگانە
بڕی یەک ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بەر حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش
دەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە 19 ملیار دۆلار.
لە 25ی ئاداری 2023، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس،
ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە 400 ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و 75
ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە ھەناردە دەکرا، بەمەش کێشە و گرفتی ئابوری کەوتووەتە نێوان هەرێم و بەغداو و چەندین لێکەوتەی
سیاسیی و ئابووری هەبووە.