169 کوردستان

چۆمان محەمەد: داگیرکردنی زەوی ئاڕاستە کراوە بە مەبەستی سپی کردنەوەی پارە

02:49 - 18/09/2024

زەمەن _ سلێمانی

 

 رێکخەری ژوری یاسای بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی بەردەوامی هەبووە بەرامبەر بەو داگیرکاریانەی بۆ سەر موڵکی گشتی و زەویە کشتوکاڵییەکان ئەنجام دەدرێت.

 

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤، چۆمان محەمەد رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دوای کۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستەى داکۆکى لە سروشت و موڵکى سلێمانى ئاماژەی بەوەدا: داگیرکردنی زەوی ئاڕاستە کراوە بە مەبەستی سپی کردنەوەی پارە، پێویستە کار بکرێت بۆ هەمواکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بۆ رێگری کردن لە داگیرکارییەکان.

زیاتر وتی: داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی ئاراستەکەی گۆراوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و دروستکردنی چەند دەوڵەمەندێکی ناڕاستەوخۆی حیزبی و داگیرکردنەکان تەنها لە زەوی نمونەیی نەماوەتەوە بەڵکو پەلیکێشاوە بۆ زەوی کشتوکاڵی شوێنی دیاری شار.

رێکخەری ژوری یاسای بزوتنەوەی گۆران ئاشکرایکرد، بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی کاریدایە بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کاربکرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان کە لەڕێگەیەوە ئەو هەمو داگیرکاریە ئەنجام دەدرێت، جەختیشی کردەوە، دەبێت کار بە یاسای چاکردن و باشترکردنی ژینگە بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەستەى داکۆکى لە سروشت و موڵکى سلێمانى سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان-یان لە شارى سلێمانى کرد و لەگەڵ عومەر سەید عەلى و ژمارەیەک لە بەرپرسانى بزوتنەوەکە کۆبوونەوە و پرسى داگیرکردنى موڵک و زەوى و زارى گشتى لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆکانیان بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن