20 کوردستان

فەریق جەمال ئیمینکی: تاكۆتایی 2025 دەبێت هەموو پێشمەرگە یەكخرابێت

11:43 - 22/12/2024

زەمەن – هەرێمی کوردستان

سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پێویستە تاكۆتایی 2025 هەموو پێشمەرگە یەكخرابێت.

فەریق جەمال ئیمینکی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان زۆر باش بەڕێوەدەچێت و ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی حکوومەتی ھەرێم لە یەکخستن و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جدییە و بەرنامە ھەیە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگەی ھەبێت.

دەشڵێت: ماوەیەکی زۆرە ھاوپەیمانان لەسەر ھێڵن بۆ پشتگیریکردن لە ھێزی پێشمەرگە و ئەو چاکسازییانەی ئەنجام دەدرێن، ھاوکات ماوەیەکی زۆرە ھێزی پێشمەرگە سەرقاڵی چاکسازییە و ھاوکاری و پاڵپشتیی ھاوپەیمانانیش زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.

ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە کە بەرنامە دانراوە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە یەک بخرێن، کە ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە.

هەروەها ڕوونیکردەوە، ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەرنامەیان ھەیە و جێبەجێکردنی بەرنامەکەشیان زۆر باش بەڕێوەدەچێت و کاری لەسەر دەکرێت، ئەوان باوەڕیان بۆ دروست بووە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، بۆیە بەرنامەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دانراوە، تا ھەموو ھێزەکان یەک بخرێن.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن