ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدى دەچێتە هەولێر و لەگەڵ بارزانى کۆدەبێتەوە
07:00 - 15/01/2025
زەمەن - کوردستانى
ماڵپەرى ئەلمۆنیتەر دەڵێت، چاوپێکەوتنى مەسعود بازانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەنگاوێکى مێژوویى گرنگ دەبێت لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتەوایی بە پاڵپشتی ئەمەریکا.
ماڵپەرەکە بڵاویکردووەتەوە، سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بەمنزیکانە مەسعود بارزانى و مەزڵوم عەبدى کۆدەبنەوە.
سەرچاوەکانى مۆنیتەر، کات و شوێنى کۆبوونەوەکەیان ئاشکرانەکردووە بەڵام یەکێک لە سەرچاوەکان گوتوویەتى "لەماوەیەکى زۆر نزیکدا کۆبوونەوەکە دەکرێت و لە بارەگاى بارزانیش کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەى سەرچاوەکانى مۆنیتەر، کۆبوونەوەکە لەسەر داواکارى مەسعود بارزانى بووە، لە دوو رۆژى رابردوودا کاتێک حەمید دەربەندى بە نوێنەرایەتى بارزانى چووەتە کۆبانێ و لەگەڵ مەزڵوم عەبدى کۆبووەتەوە، نامەى بانگهێشتنامەى بارزانى داوەتێ بۆئەوەى سەردانى هەولێر بکات و لەگەڵ بارزانى کۆببێتەوە.
ماڵپەرەکە دەڵێت، کۆبوونەوەى نێوان بارزانى و مەزڵوم عەبدى پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە عێراق و بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتکردنەوەی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.