بۆیهكهمجار پۆلیسی بهریتانیا بەهاوبەشی "ئاسایش" سێ قاچاغچی لەسلێمانی دەسگیرد كرد
10:46 - 15/01/2025
بەریتانیا - كاوە ڕەش
بۆ بەئامانجگرتنی تۆڕی قاچاخچێتی گوستنەوەی
كۆچبەرانی نایاسایی لەهەرێمی كوردستانی عێڕاقەوە بۆ ووڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا،
ئەفسەرانی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا بەشێوەیەكی مەیدانی لەهەرێمی
كوردستانی عێڕاق ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن.
بەپێی ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدۆی
ئاژانسەكە، لەیەكەم چالاكیدا ڕۆژانی ٨بۆ ١٢ی ئەم
مانگەسێ کەسیان دەستگیركردوە، كە گومان دەكرێت
كە بەشێکبن لەتۆڕێکی جیهانی قاچاغچەیەتی کۆچبەران، لەگواستنەوەی خەڵكی لەهەرێمی
کوردستانەوە بۆ بەریتانیا و ئەوروپا، ئەوەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەركەوتوی هاوبەشی
نێوان ئاژانسی تاوانی نیشتمانی بەریتانیاو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی،
ئەو گروپەی دەستبەسەرکراون پەیوەندییان بەهەمان ئەو تۆڕەوە هەبووە كەلەگەڵ قاچاغچیەكی
دانیشتووی بەریتانیا، بەناوی ئامانج حەسەن زادە، ناسراو بەئامانج زەمان، هەبووەو ئەویش
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، دوای لێکۆڵینەوەكانی دادگا، بۆ ماوەی ١٧ ساڵ
زیندانی كرا. ئامانج زەمان، لەکاتی دەستگیرکردنیدا لەشاری پرێستۆن ی ووڵاتی بەریتانیا
ژیاوە،و لەسەر تۆڕەكانی لەسۆشیال میدیا، ڕیکلامی بۆ خزمەتگوزارییەکانی دەکرد، هەندێکجاریش
ڤیدیۆی ئەو کەسانەی کەبەقاچاغچی سەرکەوتوو ناویان هێنابوو، بڵاو دەكردەوە.
یەکێک لەوانەی لەو چالاكییە هاوبەشەی نێوان
دەزگاكانی ئاسایشی هەرێم و بەریتانیا دەستگیرکراوە، پیاوێکی تەمەن 38 ساڵەو خەڵکی
شاری سلێمانییە، ئەوتۆمەتبارە بەوەی لەگەڵ تۆڕەکەدا کاریان کردووە بۆ ڕێكخستن و دۆزینەوەی
كۆچبەرو بەڕێكردنیان لەهەرێمەوە بۆ دەرەوە،
دواتر ئەو كۆچبەرانە لەتوركیاوە بەڕێكراون
بۆ یۆنان، یان ئیتاڵیا.
هەروەها كەسێكی دیكەش هەیە، كەوەك سەرچاوەی
پارە حەواڵە كردن بووە، کەتەمەنی لەچلەکان دایەو خەڵکی شاری سلێمانییە، ئەویش تۆمەتبارە
بەمامەڵەی دارایی لەگەڵ ئامانج زەمانی، قاچاغچی دەستگیركراو لەبەریتانیا. هاوكات لەگەڵ
پیاوێکی دیکەی تەمەن ٣٠ ساڵان، كەئەویش خەڵکی شاری سلێمانییە، تۆمەتبارە بەوەی لەنێوان
قاچاغچیەكاندا، کۆچبەرانی بۆ کۆكردونەتەوەو بەشێك بوە لەتۆڕەكەی ئامانج زەماندا
ئەو چالاكیە هاوبەشە، لەلایەن ئەفسەرانی
بەریتانیا، لەهەرێم ئەنجامدراوە كەبۆ بەئامانج گرتنی قاچاغچیەتی و هاوکاریکردنی دەزگاكانی
ئاسایشی هەولێرو سلێمانی، لەناوچەکە جێگیرکراون.
هەر سێ کەسەکە ئێستا، لەدەستبەسەریدا
ماونەتەوە، و لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە، بەتاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە
لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی
بەریتانیا، ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ یەکەمجارە لەگەڵ دەزگاکانی
ئاسایش، (ئەمنی) لەهەولێر و سلێمانی كاردەكات، بۆکردنە ئامانجی تۆڕی قاچاخچییە مەزن
و ترسناكەكان. كەبێ گوێدانە مەترسییەكانی سەرژیانی كۆچبەران، لەهەوڵی گواستنەوەیاندان،
بۆسەرانسەری ئەوروپا بەڕێگای نایاسایی، و لەوێشەوە بەشێكیان بەبەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا.
ڕۆب جۆنز، بەڕێوەبەری گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی
ئاژانسەكە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە هەنگاوێكی
گرینگ و بەرچاوی داهاتووە لەبەرەنگاربونەوەی ئەو باندانەی قاچاغچیەتی و بازرگانی بەكۆچەبەری
نایاساییەوە دەكەن و هەروەها زاڵ بون بەسەر گواستنەوە كۆچبەران، بەبەلەمی بچووک، لەڕێگای
کوشندەدا، لەنێوان كەناڵی ئاویی بەریتانیاو فەڕەنسا، کەبەشێکی زۆری قاچاغچیەكان لەهەرێمی
کوردستانەوە پەیوەندیان هەیەو کاردەکەن .
ئەوبەرپرسە بەریتانیایە دەڵێ; پێشتر
پێیان وابووە كەقاچاغچی و باندەكانی حەواڵەو
ڕێكخستنی كۆچبەران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی عێڕاقەوە دەستگیر ناكرێن،
بەڵام ئەو دەڵێ، لەئێستادا بەهۆی هاوکارییەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم، نیشانی
دەدات كەئەمە چیتر وا نییەو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
وە پلانمان وایە دەستمان
بگاتە هەمووشوێنێكی جیهان و بڕیارمانداوە، ئەم تۆڕانە بکەینە ئامانج و تێكیان بدەین،
گرنگ نییە لەکوێ کاربکەن."
یەكێكی دیكە لە فەرماندەی
لقەکە, مارتن کلارک، كەبەشێک بووە لەو ئەفسەرو تیمیەی کەبەفڕۆکە گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان بۆ
هاوکاریکردن لەئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەدا. دەڵێ؛ توانیویانە
شوێن پێی ئەم تۆڕەهەڵبگرن، لەكاتی دەستگیركرنی ئامانج حەسەن زادە، لەماڵەکەی خۆی لەشاری
پرێستۆن، وەپەیوەندی و چاودێری كردنی پێشوتری ڕێگای گەڕانەوە بۆسلێمانی کەپێمان
وابووە، ئەم باندە کاریان لەگەڵ دەكات.
هاوكات ئاماژەی
بەوەشکردووە، هاوکارییەکی باش و بێ وێنە هەبووە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش، لەهەردوو
شاری هەولێر و سلێمانی، وەک بەشێک لەم لێکۆڵینەوەیە، و دەمەوێت سوپاسیان بکەم بۆ ئەو
هاریكارییە.
ئەو فەرماندە بەریتانیای ئاژانسەكە دەڵێ،
وەک دەزانن کەئەم باندانە ژیانی ئەوکەسانە دەخەنە مەترسییەوە کەبازرگانیان پێوە دەكەن،
لەو ڕێگایەدا. بۆیە قاچاغچیەكان لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیای خۆیانەوە گفتی درۆیان پێدەدەن،
و بانگەشەی ئەوەدەکەن کەگەشتەکان لەسەدا سەد سەلامەتن.
ئەو دەڵێ تەنها لەساڵی ٢٠٢٤دا، زیاتر لە
70 كۆچبەر، لەنێوان بەریتانیاو فەڕەنسا، لەكاتی هەوڵی بەزاندنی کەناڵەکەدا بەبەلەمی
بچووک، لەدەریادا خنكاون و گیانیان لەدەست داوە، بۆیە دەبێت ئەم بازرگانییە بوەستێت.
ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندوە؛ سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە کاریگەرییەکی
بەرچاوی ماددی لەسەر ئەو تۆڕە تاوانکارییانە دەبێت کەلەئێستادا خەریكی بازرگانیکردنن
بەكۆچبەرانەوە، لەسەرانسەری ئەوروپادا. وەکاتێک گوتمان باندەکانی پشت ئەم بازرگانییە
خراپە هەڵدەوەشێنینەوە، و زنجیرەی دابینکردنیان تێکدەدەین، ڕێك مەبەستمان ئەم جۆرە
گروپانەبووە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ; تەنها حەوت هەفتە لەمەوبەر، لە چوارچێوەی
پلانی گۆڕانکاریی حکومەتدا، ڕێککەوتنە گرینگەکەی بەریتانیام سەبارەت بەهاوکاریی جێبەجێکردنی
یاسا و ئاسایشی سنوورەکان، لەگەڵ عێراق، واژۆکرد و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش
کۆبوومەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئیرادەمان بۆئەوەی پێکەوە کاربکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی
باندە قاچاخچییە تاوانکارەکان، كەلەڕێگای ئەو هەرێمەوە کاردەکەن.
وەزیر پێی وایە، رێککەوتنی
ئەمنیان لەگەڵ عێراق، لەئێستاوە کاریگەرییەکانی خۆی نیشان دەدات، بەهاوبەشی و
هاوکاریکردنی شارەزایی فەرماندەیی ئاسایشی سنوورەکان و ، پەیوەندی هەواڵگری، و دابینکردنی
بودجەی زیادە بۆ پشتگیریکردن لەتواناکانی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسای لەعێراق، دەتوانن
ئەوکەسانە بکەنە ئامانج کەباندەکانی قاچاخچییەتی لەعێڕاەقەوە هەڵدەسوڕێنن.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئەو
باندە تاوانکارانەی لەڕێگای نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کاردەکەن، ڕێز
لە سنوورەکان و دەسەڵاتەکانی دادوەری ناگرن، هەربۆیە زۆر گرنگە بەریتانیا، بەردەوام
بێت لەکارکردن لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەماهەنگیکردن
بنبڕكردنی سەرچاوەكانی تاوانكاری كۆچی
نایاسایی.
بڵاوكردنەوەی هەواڵی ئۆپراسیۆنی هاوبەش
نێوان بەریتانیاو دەزگاكانی ئاسایشی هەرێم لەكاتێكدایە، كەسەرۆك وەزیرانی عێڕاق، بەسەردانێكی
فەرمی لەبەریتانیایە. لەو سەردانەدا، بەپێی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا،
چەندین ڕێككەوتنامەی هاریكاری، لەبوارەكانی و بازرگانیی و پرسەكانی كۆچی نایاسایی
و گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی مافی مانەوەیان ڕەتكراوەتەوە، تاوتوێكراوەو
واژووكراو.