هاوسەنگی زۆن و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی
1/15/2025 5:12:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
هەرێمی کوردستان
لەشاخەوە بۆ شار بەقۆناغێکی پڕخوێن و قورسدا تێپەڕیوە کوشندەترینی ئەم شەڕانە شەڕی
براکوژی بوە ، کە ململانێ و جەنگی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی کوردی دابەشکردوە
وەک دوو پاشکۆ و درێژکراوەی دوو وڵات کە ئەمە لە مێژوەوە تا ئێستا درێژبوەتەوە تا
گەشتە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی کە پلانێکی دەرەکی بو وەک جوگرافیایەک بۆ کۆکردنەوەی
هاوسەنگی بەرژەوەندی وڵاتان ، واتا کۆتایی هێنان بە شەڕی براکوژی دەرهاویشتەی عەقڵی
کوردی نەبوە ، بەداخەوە نەک هەر بوەتە هۆی دواکەوتویی بگرە دەرفەت و هەلە مێژوەییەکانیشمان
لەدەستداوە ، ئەوەشی ئێستا هەیە بە پلەی یەکەم ڕوداوەکان دروستی کردوە ، ئەوەی بەرهەمهێنراوە ئەم دەستەڵاتەیە کە لەسەر
هەمو ئاستەکان ئێکسپایەر بوە و بۆگەنی کردوە ، بە تایبەت دابەشبونی دوو زۆنی دوو
پاشکۆیی ،خۆ ئەگەر سنوری دێگەڵە بە ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوچەیی و درێژکراوەی ڕێککەوتنە
مێژوییەکانی نێوان ئێران و تورکیا سەیربکەین ، وە له ڕوی سنور و جوگرافیاوە زۆنی سەوز
مەحکوم بێت بە هاوسێیەتی ئێران و زۆنی زەرد مەحکوم بێت هاوسێیەتی تورکیا ئەوا دەکرا وەک هەرێمێکی
فیدڕاڵی عێراقی و بنەماکانی هاوسێیەتی مامەڵە لەگەڵ ئێران و تورکیادا بکرایە ئەگەر
چی عێراقیش خۆی بەشێکە لەم یارییە.
ئەوەی لە ئێستادا
هەیە دوو زۆن و دوو حیزب هەیە و سنوری دێگەڵە جیایان دەکاتەوە لەیەک ، ڕێککەوتننامەی
ستراتیژی تەنها کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ هێناوە نەیتوانیوە بچێتە قۆناغێکی تر و یەک
حکومەتی هەبێ ، ئەوەی هەیە دوو حکومەت و دوو ئیدارە و دوو پێشمەرگە و دوو حیزب و دوو
زۆنە ڕێککەوتنامەی ستراتیژی دابەشکاریی پۆست و پلە و پارەیە بە پەنجا پەنجا و دیزانەکەشی
لە ڕێککەوتنی ئەنقەرە و تارانەوە هاتوە ، واتا سەرۆکی عێراق کە پشکی کوردە بۆ یەکێتی
لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی حکومەت دووساڵ بەدووساڵ گۆڕانکاری لە جێگرەکانیدا
تا سەرۆکایەتی پەرلەمان ، ئیتر ئەم دابەشکاریە لە بزنس و زەویەوە تا دەگاتە پێشمەرگە
و ڕێکخراو و سەندیکاکان شۆڕ دەبێتەوە بگرە وردتر تا باڵەخانە بە باڵەخانە دەڕوا و
پێدانی هەندێ لەمانە بەحیزبەکانی تر.
ئەم دوو زۆن و
دوو ئیدارە و دوو هێزی پێشمەرگە و ئاسایشە پڕە لە دزی و گەندەڵی و نەبونی یەک
گوتاری لەگەڵ بەغدادا ، خۆ ئەگەر پێشتر هەوڵدرا بێت بۆ ڕیفۆرمکردن و کۆتاییهێنان بە
دوو زۆنی لە ڕێگەی ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتی و ئەکادیمی و هەتا دەگاتە وڵاتە دۆستەکان
بە تایبەت نەوشیروان مستەفا ، بۆ ئەوە بوە دۆخە گشتیەکە چاک ببێت ، بەڵام ئەگەر
چاک نەکرابێت ئەوا نابێ بهێڵرێت خراپتربێت .
لێرەوە دوای مەرگی
مام جەلال و کاک نەوشیروان دۆخەکە بە تەواوی تێکچوە ، بۆیە دەبینین هاوسەنگی زۆن تێک
چوە ، ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هاوسەنگی نەماوە ، لە ئێستادا کەلەبەردەم دوو ڕوداوداین
( پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی عێراق ) وەک دۆخەکە چاکتر نەکرا دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ هاوسەنگی هێز و زۆنەکان و ڕێککەوتننامەی
ستراتیژی تا دۆخەکە خراپتر نەبێ.
زۆنی سەوز پێویستی
بە کۆدەنگی حیزبەکان هەیە لەچواچێوەی هاوپەیمانییەتێکی دیاریکراودا چونکە دەزانین
پێگەی سەرەکی هەمو حیزبەکان لە زۆنی سەوزدایە ، زۆنی زەرد پێگەی سەرەکی هیچ حیزبێکی
کوردی لێ نیە جگە لە پارتی و تورکمانەکان ، بەڵام زۆنی سەوز دایکی هەمو حیزبەکانە
هەر لە یەکگرتو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و گۆڕان و حسک و هەڵوێست و بەرەی گەل ، خۆ ئەگەر
بۆ هەردوو حاڵەتەکە پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی عێراق زۆنی سەوز لەچوارچێوەی یەک هاوپەیمانیدا کۆببنەوە
ئەوا هاوسەنگی هێز و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی دروست دەبێتەوە و چی تر یەک
حیزب ناتوانێ لە بەرژەوەندی خۆی قۆرخکاری بکات و زۆنی سەوزیش لە کۆمەڵی گرفتی گشتی
تا ئاستێک ڕزگاری دەبێت ، ئەگەر چی پارتی وەک حیزب سیاسەت دەکات و پێکهاتەی هەرچۆنێک
بێت مافی خۆیەتی لەبەرامبەردا ئەوە حیزبەکانی زۆنی سەوزن یەک گوتار نین و پەرتن و
بۆشایی بۆ یارییەکانی پارتی دروست دەکەن ، بۆیە زۆر پێویستە بە تایبەت یەکێتی
بتوانێ هەموو حیزبەکان و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکان لەچوارچێوەی یەک پڕۆژەدا کۆبکاتەوە
تا دۆخەکە خراپتر نەبێت و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و هاوسەنگی زۆن
دروست ببێت