2007 کوردستان

تەمەنى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان کەمکرایەوە

08:21 - 15/01/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ماڵپەرى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بە بڕیاری مەسرور بارزانى، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە كەمكرایەوە بۆ 60 ساڵ.

 

ئەوەش هاتووە، بڕیارەکە پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە 9ی هەمواركراو و پاڵپشت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ دەرکراوە، بڕیارەکە چەند جۆرێك فەرمانبەر ناگرێتەوە، وەك هەڵگرانی ناونیشانی پڕۆفیسۆر و پزیشكانی دادوەریی و راوێژكارانی یاریدەدەر لە شورای هەرێم و فڕۆكەوانانی مەدەنی و چەند جۆرێك پلەی تر لە فەرمانبەری و هاوكات ئەو فەرمانبەرانەیشی دەیانەوێت لەسەر ویستی خۆیان خانەنشین بكرێت، ئەوا دەبێت تەمەنیان 50 ساڵ كەمتر نەبێت و خزمەتیشیان 25 ساڵ. 

 

بەپێی نووسراوێكی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، چوارشەممه‌ 15ی كانوونی دووەمی 2025 كە واژووی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەرەوەیە هاتووە، لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 259 لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە 135 لە 3/7/2024 و پشتبەست بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەمواركراو و ئاماژە بە راپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی و هەرێم لە رۆژی 17/10/2023 تایبەت بە ئەنجامی چاودێری ووردبینی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشین و سووده‌مانی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێم بڕیار درا: 

یەكەم: پاڵپشت بە حوكمەكانی مادەی 10/یەكەم لە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە 9 تەمەنی یاسایی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان دەكرێتە تەواوكردنی 60 ساڵی و هەر فەرمانبەرێك بە رۆژ و مانگ و ساڵ تەمەنی 60 ساڵی تەواو كرد، پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بكرێت. 
دووەم: ئەمانەی لای خوارەوە بەدەر دەكرێن لە تەمەنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو لە خاڵی یەكەم و تەمەنی یاسایی خانەنشینییان دەبێتە تەواوكردنی 63 ساڵ بە رۆژ و مانگ و ساڵ،  ئەمانەیش بریتین لەم فەرمانبەرانە: 
1. ئەو فەرمانبەرانەی یاسای راژەی زانكۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەرن)
2. پزیشكانی دادوەریی و پزیشكانی سڕكردن و پزیشكانی دەروونی. 
3. راوێژكاران و راوێژكارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شورای هەرێم. 
4. فڕۆكەوانانی مەدەنی لەوانەی كاردەكەن وەك كاپتنی فڕۆكە بەشێوەیەكی كرداریی و لەكاتی خۆیدا مۆڵەتی كاركردنی بەركاریان هەیە. 
چەند جۆرێكی تر فەرمانبەر لە تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین دەكرێن بریتین لە: 
1. ئەوانەی یاسای فەسڵكراوانی سیاسیی ئیتیحادی دەیانگرێتەوە و گەڕێنراوەتەوە سەر راژە.
2. كەسوكاری شەهیدان كە فەرمانبەرن. 
3. ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و راگیراوی سیاسیی كوردستان دەیانگرێتەوە. 
سەبارەت بە خانەنشین بوون لەسەر خواستی فەرمانبەر، لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە پێویستە تەمەنی فەرمانبەر 50 ساڵ بێت و25 ساڵ كەمتر خزمەتی نەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن