سوریا، ئەگەری شەڕی ناوخۆ و سیناریۆکەی (محمد مرسي) و (اخوان المسلمين)
1/15/2025 3:34:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
پاش هەرەس هێنانی ڕژێمی سوریا لە ڕۆژی
٢٠٢٤/١٢/٨ و ڕادەستکردنی دەسەڵات لە ڕۆژی ٢٠٢٤/١٢/٩ لە لایەن (محمد الجلالي) سەرۆک
وەزیرانی ڕژێمەکەی (بشار الاسد) بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە (هيئة تحرير الشام)،
گومانی تێدا نییە لە ئێستادا (احمد الشرع) فەرمانڕەوای (دمشق) و سەرۆکی ئەو دەسەڵاتە
بەناو ڕاگوزەرەیە کە حوکمڕانی سوریا دەکات، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە (احمد
الشرع) و (هيئة تحرير الشام) دەتوانن حوکمڕانی هەموو سوریا بکەن؟.
ئایە (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام) دەتوانن
بەردەوام بن لە حوکمڕانی سوریا یان ڕوبەڕووی هەمان سیناریۆی (محمد مرسي) و (اخوان
المسلمين)ی مصر دەبنەوە؟.
بۆ شیکردنەوەی ئەم بابەتە و بەراوردکردنیان هەندێک
ڕاستی هەن پێویستە باسیان لێوە بکەین :
۱- ڕاستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
مامەڵە لەگەڵ (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام) دەکات و ڕۆژانە نوێنەری وڵاتان سەردانی
(دمشق) دەکەن بەڵام مانای ئەوە نییە ئەم دەسەڵاتە نوێیە جێگای ڕەزامەندی کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی بێت، بە ئاشکرا هەست بە دوودڵی وڵاتان و گومانەکانیان دەکرێت لە مامەڵەکردنیان
لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا، بە ڕوونی نێردەی وڵاتان جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی
مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان و مافی نەتەوە و کەمینە ئاینییەکان و ماف و ئازادی
ئافرەتان و هەماهەنگی نێوان پێکهاتەکانی سوریا دەکەنەوە....، ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی
گەورە دەبێت بۆ (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام)، بە تایبەتی کە لە ئێستادا باس
لە داڕشتنەوەی دەستور و فۆڕمی دەوڵەتی سوریای نوێ دەکرێت، ئایە دەستوری سوریای نوێ
و فۆڕمی دەوڵەتەکەی تا چەند جێگای ڕەزامەندی کۆی پێکهاتەکانی سوریا و دەربڕی ماف و
داخوازییەکانیان دەبێت؟، بەتایبەت کە (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام) خاوەنی
پاشخانێکی بیروباوەڕی جیهادی سەلەفین و لە لیستی تیرۆردان.
لەم ڕووەوە ئەرکی (احمد الشرع) و (هيئة تحرير
الشام) بەراورد بە (محمد مرسي) و (اخوان المسلمين) لە (مصر) زۆر قورستر دەبێت، لە ڕویەکەوە
پێکهاتەی وڵاتی (مصر) هاوشێوەی سوریا ئاڵۆز و فرە نەتەوە و ئاین و ئاینزا نییە، هەروەها
تا ڕادەیەک (محمد مرسي) و (اخوان المسلمين) میانڕەوتربوون لە (احمد الشرع) و (هيئة
تحرير الشام).
٢- خاڵێکی
جیاوازی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە لە (مصر) کەسی یەکەمی دەسەڵاتەکە کە (حسني مبارک)
بوو لادرا، بەڵام دامەزراوەکانی دەسەڵاتەکە بەتایبەتی دامەزراوەی سەربازی و هەواڵگری
وەک خۆیان مانەوە کە هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی کودەتا و ڕوخانی دەسەڵاتی (محمد
مرسي) و (اخوان المسلمين) لە (مصر)، بە پێچەوانەوە لەسوریا هەموو دەسەڵاتەکان هەرەسیان
هێنا بە دامەزراوەکانی سەربازی و هەواڵگری و ئاسایشەوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی
دەسەڵاتی (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام)ە، بەڵام لە بەرامبەردا کۆمەڵێک ئاڵەنگاری
دیکە دێتە بەردەمیان جیاواز لە دۆخی (مصر) ئەوانەش بریتین لە:
ٲ- پاشماوەی هێزە چەکدارەکانی سوریا و ئەندامانی
دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ڕژێمی (بشار الاسد) کەزیاتر لە پێکهاتەی عەلەوین
و لە پارێزگاکانی (طرطوس) و (لاذقية) نیشتەجێن خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە و ئامادەسازین
بۆ دروستکردنی بەرەیەکی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی (احمد الشرع) و (هيئة تحرير
الشام).
لە هەموشی گرنگتر خودی (بشار الاسد) و (ماهر
الاسد)ی برای و چەندین فەرماندە و سەرکردەی ئەو ڕژێمە دەربازیان بووە و لە هەوڵی خۆ
ڕێکخستنەوەدان.
ب- چەندین کەسایەتی نزیک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە
پێشتر لە ناو ڕژێمی سوریا و حزبی بەعس کاریان کردووە و دواتر بوون بە بەرهەڵستکاری
ئەو ڕژێمە، لە ئیستادا لەکایەی سیاسی سوریادا ڕۆڵ دەگێڕن لەوانە:
- (فاروق الشرع) جێگری پێشوی
سەرۆک کۆماری سوریا.
- (عقید رياض الاسعد) دامەزرێنەری
سوپای سوریای ئازاد (الجیش السوري الحر).
ج- پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا هەریەکە خاوەنی هێزی
چەکدار و ناوچەی ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیانن و هەر پێکهاتەیەک خاوەنی ئەجندایەکی
تایبەت بە خۆیەتی بۆ نمونە:
- قوات سوریا الدیمقراطية (قسد) بە فەرماندەیی
(مەزڵوم عەبدی) كە لە چەندین پێکهاتەی ئاینی و نەتەوەیی (کورد، عەرەب، ئاشوری..) پێکدێت
و (یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG) کە باڵی سەربازی (پەیەدە)یە هێزی سەرەکییەتی
و لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەسەڵاتیان هەیە.
- "دروزەکان" بە ڕابەرایەتی شێخ
(حکمت الهجري) بەهۆی هێرشی (جبهة النصرة) بۆ سەر ناوچەکانیان لە سەرەتاوە هێزی بەناو
( جیش الموحدین)یان دروستکرد و شان بەشانی سوپای سوریا شەڕیان دەکرد، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا "دروزەکان" چەندین جوڵانەوەی مەدەنی و سیاسیان دژ بە دەسەڵاتی
(بشار الاسد) ئەنجامدا.
لەئیستادا کە بەچڕی لە پارێزگای (السویداء) نیشتەجێن
ئامادە نین چەک دابنێن و ڕازی نین هیچ هێزێک بچێتە ناوچەکانیان و ڕایانگەیاندووە
کاتێک چەک دادەنێن کە سەرجەم گروپە چەکدارەکان هەڵبوەشێنەوە و چەک تەنها بەدەست
سوپایەکی نیشتمانی بەهێز بێت و دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ڕوون دابمەزرێت.
د- هەروەها لەناو (هيئة تحرير الشام) چەندین ڕێکخراو
و ڕەوت و باڵی جیاواز هەن کە ڕەنگە لە داهاتودا ناکۆکیەکانی نێوانیان دەرکەوێت تا
ئاستی پێکدادان...
ھ- جگە لەوەی چەندین بەرە و ڕێکخراو و هێزی سەربازی
هەن کە زۆربەیان نەیار وڕکابەری یەکترین، ئەمەش وادەکات کۆدەنگی و ڕێکەوتنیان ئەستەم
بێت و پرسی حوکمڕانی سوریا لە لایەن ڕەوتێکی دیاریکراوەوە مەحاڵ بێت لەوانە:
- (هيئة تحرير الشام) بە فەرماندەیی
(احمد الشرع) کە لە یەکگرتنی کۆمەڵێک ڕێکخراو پێک دێت (جبهة فتح الشام، جبهة أنصار
الدين، جيش السنة، لواء الحق، حركة نور الدين الزنكي) و ساڵی ٢٠١٧ لە (ادلب) دامەزاوە.
- گروپی (غرفة عمليات "فجر
الحرية") كە پێکدێت لە کۆمەڵێک گروپی چەکداری سەر بە تورکیا ئەوانیش (فرقة
السلطان مراد، فرقة السلطان سليمان شاه، فرقة الحمزة، جيش الإسلام، الجبهة
الشامية).
- گروپی (فیلق الشام) بە فەرماندەیی
(منذر السراس)ی نزیک لە سعودیە کە پێک دێت لە چەندین هێزی سەربازی وەک (لواء
الفاتحين، لواء الشمال، لواء الايمان، لواء سهام الحق...) لە شاری (ادلب) جێگیرن.
- گروپی (حرکة احرار الشام) بە فەرماندەیی
(عامر الشيخ) كە پێک دێت لە یەکگرتنی چوار ڕێکخراو (کتائب احرار الشام، حركة الفجر
الاسلامية، جماعة الطليعة الاسلامية، كتائب الايمان المقاتلة) کە لە شارەکانی
(ادلب، حلب، حماة) جێگیرن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی (مركز جنيف للسياسات الامنية "GCSP") زۆربەی ئەم گروپ و هێزە چەکدارانە لە
چوارچێوەی سوپایەکی (٧٠- ٩٠) هەزار چەکداری ڕێکخران لەژێر ناوی (الجیش الوطني
السوري) کە بریتین لە (٤١ فصيل)، (۱٥ فصيل) لە ناو (الجبهة الوطنية للتحرير) و (٢٦ فصيل) لە ناو سێ (فیلق).
ئەم سوپایەش ڕاستەوخۆ لەلایەن گروپی وڵاتانی
هاوڕێیانی سوریا (مجموعة أصدقاء سوريا) بەتایبەت (ئەمریکا و تورکیا و سعودیە و
قطر) هاوکاری و پاڵپشتی دەکرێن.
و- چەندین گروپ و هێزی چەکدار بوونیان هەیە کە
لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە پاڵپشتی لۆجستی و بودجەیان بۆ دابین دەکرێت بۆ نمونە:
- (لیوای هەشت) بە فەرماندەیی
(احمد هیثم العودة)ی نزیک لە ڕوسیا، کە یەکێکە
لە ڕکابەرەکانی (احمد الشرع).
لەسەرەتادا فەرماندەی (کەتیبة شباب السنة) بوو
لە چوارچێوەی (الجیش السوري الحر) لە ناوچەی (درعا) دژ بە ڕژێمی سوریا دەجەنگا،
دواتر بە نێوەندگیری ڕوسیا بوو بە (لیوای هەشت)ی سەر بە (فەیلەقی پێنج) و لەلایەن ڕوسیاوە
پاڵپشتی دەکرا و پاشان گرێدانی (لیوای هەشت) بە (جهاز الأمن العسكري) ڕژێمی سوریا
بەڵام لەژێر سەرپەرشتی ڕوسیا.
- (جیش سورية الحرة) بە فەرماندەیی
(سالم تركي العنتري)ی سەر بە ئەمریکا لە ناوچەی (التنف) لە سێگۆشەی سنوری (سوریا،
عیراق، اردن).
٣- ڕاستە
تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو سەپۆرتی دەسەڵاتی (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام) دەکەن
بەڵام لە بەرامبەردا وڵاتانی روسیا و ئێران بە ڕوونی دژی ئەم دەسەڵاتەن و کار بۆ هەڵوەشانەوەی
دەکەن.
لەلایەکی ترەوە ئسرائیل نیگەرانە لە
هاوسنوربوونی هێزێکی چەکدار کە لە لیستی تیرۆردان، هەربۆیە یەکەم هەنگاوی کۆنتڕۆڵکردنی
ناوچەیەکی فراوانی (بەرزاییەکانی جۆلان) بوو.
ئەوەی پەیوەندی بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواشەوە
هەیە هەرچەندە لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی (بشار الاسد) بوون بەڵام دەسەڵاتی (احمد الشرع)
و (هيئة تحرير الشام) جێگای متمانە و ویستی ئەوان نییە و لەهەموی گرنگتر و هەستیارتر
بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پاراستنی ئاسایشی (ئسرائیل) و بەرژەوەندییە ئابوریەکانیان
و نەهێشتنی هەژمونی ئێرانە لە ناوچەکەدا و دژایەتیکردنی تیرۆرە.
تەنانەت لە (لبنان) دوای دوو ساڵ لە بۆشایی پۆستی
سەرۆک کۆمار پەرلەمانی ئەو وڵاتە فەرماندەی سوپای (لبنان) ژەنەڕاڵ (جۆزێف عەون)ی وەک
سەرۆکی کۆمار ههڵبژارد، ئەم هەنگاوەش بۆ
بەهێزکردنی دەوڵەت و کۆکردنەوەی چەک بە دەست سوپا و دامەزراوەی سەربازی و بچوککردنەوەی
میلشیاکان بەتایبەتی میلیشیای (حزب اللە)ی (لبنان) و ڕێگریکردن لە هەر لێکەوتەیەکی
خراپ کە ڕووبەڕوی (لبنان) بێتەوە لە ئەنجامی گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن (احمد
الشرع) و (هيئة تحرير الشام) لە سوریا.
هەر بۆیە بە خوێندنەوەی دۆخی سوریا و لەبەرچاوگرتنی
پێکهاتە فرە نەتەوە و ئاین و ئاینزا ئاڵۆزەکەی و دەست تێوەردانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی،
ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە دەسەڵاتی (احمد الشرع) و (هيئة تحرير الشام) هاوشێوەی
(محمد مرسي) و (اخوان المسلمين)ی (مصر) زۆر ناخایەنێت، ئەستەمە کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوە
و ئاین و ئاینزا بە کەسێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ و ڕەوتێکی توندڕەو ببرێت بەڕێوە، زەحمەتە
کەسێکی جیهادی ببێت بە چەترێک بۆ موسڵمان و کرستیان و دروز و عەلەوی و عەرەب و
کورد و......
لەلایەکی ترەوە زۆری هێز و گروپی چەکداری خاوەن
ئەجندای جیاواز و پاڵپشتیکراو لە لایەن وڵاتان و دەزگای هەواڵگری جۆراوجۆر وادەکات
ئەگەرەکان زیاتر بەلای هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی و دواتر دروستکردنی دەوڵەتێکی
علمانی بەسود وەرگرتن لە کەسایەتییە سیاسی و کارگێڕییە تەکنۆکرات و بە ئەزمونەکان
و کەسایەتییە سەربازییەکانی نزیک لە ڕۆژئاوا.