دەقی راگەیهندراوی دەستووری نوێی سووریا به زمانی كوردیی
10:02 - 14/03/2025
زهمهن - ناوچهیی
کۆمیتەى پسپۆڕانى
راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیهندراوى دەستوورى سووریا، رۆژی پێنجشەممە، 13ـی 3ی 2025 ، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سهرۆكی ئیدارهی كاتی سوریا كرد،
كه ئێستا وهك سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر ناوی دهبرێ و ئەویش پەسندی کرد و واژۆی لەسەر کرد.
ئەو کۆمیتەیە دەڵێ،
لە راگەیندراوی دەستووریدا، پەرلەمان دەسەڵاتی یاسایی و سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکارن
"پەرلەمان دەتوانێت لێبووردنی گشتی دەربکات و سەرۆککۆمار، دەتوانێت باری
نائاسایی رابگەیێنێت."
ئەحمەد شەرع، لە
دواى وەرگرتنى راگەیهنراوى دەستوورى، وتى: "هیواخوازین ئەو دەستوورە دەروازەیەکى
خێر بێت بۆ گەلى سووریا بۆ بونیاتنان و گەشەسەندن، ئەمە ببێتە مێژوویێکى نوێ بۆ
سووریا کە نەزانى بگۆڕدرێت بۆ زانست و، ئەشکەنجە بگۆڕین بە بەزەیی."
دواتریش بەڕێوبەرایەتیی
خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رەخنەی تووند لە راگەیێندراوی
دەستووری کاتیی سووریا دەگرێت و دەڵێت: هاوشێوەی پێوەر و ستانداردەکانی پەیڕەوکراوی
حکومەتی بەعسە.
بەڕێوبەرایەتیی
خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیهندراوێکی لەبارەی راگەیهندراوی
دەستووری سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای چەند مانگێک لە رووخانی رژێمی بەعس
و خۆشحاڵی گەلی سووریا کە دژی ئەم رژێمە و کردەوە سەرکوتکارییەکانی راپەڕی،
"ئەمڕۆ لە دیمەشق ئەوەی کە بە "راگەیهندراوی دەستووری" ناودەبرێت
دەرچوو، کە بەندگەلی نەریتی لەخۆدەگرێت کە هاوشێوەی پێوەر و ستانداردەکانی پەیڕەوکراوی
حکومەتی بەعسە.
دەقی راگەیهندراوی
دەستووری سووریا:
سەرۆکایەتیی کۆماری
عەرەبی سووریا
راگەیهندراوی دەستووری
کۆماری عەرەبی سووریا
پێشەکی
لە رۆژێکی بەرچاودا،
بەیانی سەرکەوتن هەناسەی هەڵمژی و، سووریا بەرەو سەردەمێکی نوێ هەنگاوی نا، بە
مانای کۆتاییهاتنی ستەم و چەوسانەوە و زیندووبوونەوەی هیوا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی
مۆدێرن لەسەر بنەمای دادپەروەری، کەرامەت و هاووڵاتیبوونی راستەقینە. دیکتاتۆرییەت
زاڵ بوو بەسەر سینگی سوورییەکاندا، چونکە بۆ چەندین دەیە سیستەمێکی تۆتالیتاری لەلایەن
حیزبی بەعسەوە سەپێندرا، کە دەسەڵاتی قۆرخ کردبوو، مافەکانی زەوت کردبوو، حوکمێکی
ستەمکاری داڕشتبوو کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی لەنێوبرد، دەستووری لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ
کردەوە و یاسای کردە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و کۆیلایەتی.
ئەو ساڵانە قۆناغێکی
رەش و تاریک بوون، گەل راپەڕی و داوای ئازادی و گەڕاندنەوەی کەرامەتی خۆی دەکرد، بەڵام
لەلایەن باندی ئەسەدەوە بەر کوشتنی سیستەماتیک، وێرانکاریی گشتگیر، ئەشکەنجەی دڕندانە،
کۆچی زۆرەملێ، گەمارۆی ناڕەوا و ئامانجگرتنی راستەوخۆی هاوڵاتیان کەوت، جگە لە وێرانکردنی
ماڵەکان بەسەر سەری دانیشتووانیاندا، جارێک بە بەرمیلی تەقینەوە و جارێکی دیکە بە
چەکی کیمیایی. ئەم تاوانانە، کە بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید
دادەنرێن، نموونەیەکی روونیان پێکهێنا بۆ پێشێلکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
بەڵام گەلی سووریا،
بە باوەڕی پتەو، ئیرادەی بەهێز و خۆڕاگری ئەفسانەیی، خۆی نەدا بەدەستەوە، بەڵکو شۆڕشە
مەزنەکەی خۆی درێژە پێدا کە نزیکەی چواردە ساڵی خایاند و تێیدا رۆڵەکانی سووریای
ئازاد خوێن و قوربانیان پێشکهش کرد. میراتی دیکتاتۆریەتیان پاککردەوە تاوەکو بەرەبەیانێکی
نوێ هەڵات، خۆری ئازادی لەسەر دیمەشق لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 هەڵات، کە کۆتاییهاتنی
سەردەمی رژێمی تاوانباری ئەسەد و پشتگیرەکانی راگەیاند. پاشان ئەم سەرکەوتنە بە فەرمی
لە کۆنفرانسی سەرکەوتندا راگەیهندرا، کە تێیدا بەیاننامەی مێژوویی دەرچوو کە سەرکەوتنی
شۆڕشی سووریا و گەڕاندنەوەی بڕیار و سەروەری گەلی لەسەر خاکەکەی دۆکیومێنت کرد.
ئەمڕۆ، کاتێک نیشتمان
گەڕاوەتەوە بۆ رۆڵەکانی و ئەوانیش گەڕاونەتەوە بۆی؛ تاوەکو بنچینەکانی بنیات بنێنەوە
و شۆڕشەکەی بپارێزن، ئێستا بەرپرسیارێتییە مێژووییەکە پێویست دەکات کە رێگەی خەبات
تەواو بکرێت بە پاراستنی ئەم سەرکەوتنە، چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری، دڵنیابوون
لە دووبارە نەبوونەوەی تراژیدیا و، پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لە هەر دیکتاتۆریەتێکی
نوێ.
لەم ئەرکە نیشتمانییەوە،
دوای دیالۆگی چڕ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا، کە لە کەشێکی ئازاد
و ئاڵوگۆڕی بیروڕای بیناکەرانە سەبارەت بە داهاتووی سووریا ئەنجام درا، کە بە بەستنی
کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی کرا، کە ئەنجامەکانی لە 25ی شوباتی 2025 دەرچوون،
گوزارشت لە رێککەوتنی نیشتمانی لەسەر پرسە گەورەکان دەکەن، لە پێشەوەیاندا:
* پاراستنی یەکێتی و سەلامەتی سووریا،
خاک و گەل.
* بەدیهێنانی دادپەروەریی گواستنەوە و
مافدان بە قوربانییەکان.
* بنیاتنانی دەوڵەتی هاونیشتمانی، ئازادی،
کەرامەت و سەروەریی یاسا.
* رێکخستنی کاروباری وڵات لە قۆناخی
گواستنەوەدا بەپێی بنەماکانی حوکمڕانی باش.
بە پشتبەستن بە
بەها رەسەن و دێرینەکان کە کۆمەڵگەی سووریا بە فرەیی و میراتی شارستانییەوە پێی
ناسراوە و، بە پشتبەستن بە پرەنسیپە نیشتمانی و مرۆییە پتەوەکان، بە پێداگری لەسەر
دامەزراندنی بنەماکانی حوکمڕانی دەستووری دروست، هەڵهێنجراو لە رووحی دەستوورە
سوورییەکانی پێشوو، بەتایبەت دەستووری ساڵی 1950 (دەستووری سەربەخۆیی)، و بەجێگەیاندنی
ئەوەی کە لە راگەیاندنی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا کە لە 29ی کانوونی یەکەمی 2024 دەرچووە،
هاتووە کە بنچینەیەکی پتەوە بۆ ئەم راگەیاندنە.
بۆیە سەرۆکی کۆمار
ئەم راگەیاندنە دەستوورییەی خوارەوە دەردەکات، کە پێشەکییەکەی بەشێکی جیانەکراوەیە
لێی:
بەشی یەکەم:
حوکمە گشتییەکان
مادەی یەک:
کۆماری عەرەبیی
سووریا، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە سەروەریی تەواوی هەیە، قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسیی
تەواوە کە نابێت دابەش بکرێت و نابێت دەستبەرداری هیچ بەشێکی ببین.
مادەی دوو:
دەوڵەت دامەزراوە
بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دامەزراوە
و، ئازادی و کەرامەت بۆ هاووڵاتی دەستەبەر دەکات.
مادەی سێ:
1- ئایینی سەرۆکی کۆمار ئیسلامە، فیقهی ئیسلامی
سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانانە.
2- ئازادی بیروباوەڕ پارێزراوە، دەوڵەت رێز
لە هەموو ئایینە ئاسمانییەکان دەگرێت، ئازادی ئەنجامدانی هەموو رێوڕەسمەکانیان دەستەبەر
دەکات بە مەرجێک پێشێلی سیستەمی گشتی نەکەن.
3- باری کەسی بۆ هەموو ئایینەکان پارێزراوە
و بەپێی یاسا رەچاو دەکرێت.
مادەی 4:
زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتە.
مادەی 5:
دیمەشق پایتەختی
کۆماری عەرەبی سووریایە، درووشم و سروودی نیشتمانی دەوڵەت بە یاسا دیاری دەکرێت.
مادەی 6:
ئاڵای سووریا بەم شێوەیە دەبێت: ئاڵا بە شێوەی لاکێشەیە کە درێژییەکەی
دوو ئەوەندەی پانییەکەیەتی. پێکهاتووە لە سێ لاکێشەی یەکسان، لەسەرەوە رەنگی سەوز،
لە ناوەڕاستدا رەنگی سپی و لە خوارەوە رەنگی ڕەش. سێ ئەستێرەی سووری تێدایە کە لە
ناوەڕاستی بەشی سپی دانراون.
مادەی 7:
1. دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی
خاکی سووریا و، بەرهەڵستی بانگەشەکانی دابەشکردن و جیابوونەوە و داوای دەستوەردانی
بیانی یان پاڵپشتیی دەرەکی دەکات.
2- دەوڵەت پابەندە بە بەدیهێنانی پێکەوەژیان
و سەقامگیری کۆمەڵگە و پاراستنی ئاشتی نێوخۆیی و بەرگری لە هەموو شێوەکانی ئاژاوە
و دابەشبوون و هاندانی دوژمنایەتی و تووندوتیژی دەکات.
3- دەوڵەت فرەچەشنی کولتووری کۆمەڵگەی
سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و مافەکانی کولتوور و زمان بۆ هەموو سوورییەکان دەستەبەر
دەکات.
4- دەوڵەت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستەبەر
دەکات.
مادەی 8:
1- دەوڵەت هەوڵ دەدات بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ
وڵاتان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە سووریا.
2- دەوڵەت لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە
پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی دەکات بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران و
ئاوارەکان و هەموو ئەوانەی بە زۆرەملێ دوورخراونەتەوە.
3- دەوڵەت پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی هەموو
جۆر و شێوەکانی توندڕەوی توندوتیژ، لەگەڵ رێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان.
مادەی 9:
1- سوپا، دامەزراوەیەکی نیشتمانی پیشەییە
کە ئەرکی پاراستنی وڵات و پارێزگاری لە ئاسایش و سەلامەتی و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی،
بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بگونجێت.
2- تەنیا دەوڵەت دەتوانێت سوپا دروست
بکات. قەدەخەیە هەر تاک یان دەستە یان لایەن یان کۆمەڵێک هێز یان گرووپ یان رێکخراوی
سەربازی یان نیمچە سەربازی دروست بکات و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.
مادەی 10:
هاووڵاتییان لەبەردەم
یاسادا یەکسانن لە ماف و ئەرکەکاندا، بەبێ جیاوازی لە نێوانیاندا لە رەگەز یان ئایین
یان رەگەزنامە یان بنەچە.
مادەی 11:
1- ئابووریی نیشتمانی، ئامانجی بەدیهێنانی
دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری گشتگیر و زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی
ئاستی ژیانی هاووڵاتییانە.
2- ئابووریی نیشتمانی، لەسەر بنەمای کێبڕکێی
ئازادی دادپەروەرانە و رێگریکردن لە قۆرخکاری دامەزراوە.
3- دەوڵەت هانی وەبەرهێنان دەدات و وەبەرهێنەران
لە ژینگەیەکی یاسایی گونجاودا هان دەدات.
بەشی دووەم: ماف
و ئازادییەکان
مادەی 12:
1- دەوڵەت مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی
دەپارێزێت و مافەکانی هاووڵاتی و ئازادییەکانی دەستەبەر دەکات.
2- هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە پەیماننامە
و رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا هاتوون کە کۆماری عەرەبیی
سووریا پەسەندی کردوون، بەشێکی جیانەکراوەن لەم راگەیێندراوە دەستوورییە.
مادەی 13:
1- دەوڵەت ئازادی بیروڕا و دەربڕین و میدیا
و بڵاوکردنەوە و رۆژنامەگەری دەستەبەر دەکات.
2- دەوڵەت پیرۆزی ژیانی تایبەت دەپارێزێت،
هەر دەستدرێژییەک بۆ سەری بە تاوان دادەنرێت و بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
3- هاووڵاتی مافی هاتووچۆی هەیە، نابێت
هاووڵاتی لە نیشتمانەکەی دوور بخرێتەوە یان رێگری لێبکرێت لە گەڕانەوە بۆی.
مادەی 14:
1- دەوڵەت مافی بەشداری سیاسی و پێکهێنانی
حیزب لەسەر بنەمای نیشتمانی دەپارێزێت، بەپێی یاسایەکی نوێ.
2- دەوڵەت کاری کۆمەڵە و سەندیکاکان دەستەبەر
دەکات.
مادەی 15:
کارکردن مافی
هاووڵاتییە و دەوڵەت بنەمای یەکسانی دەرفەت لە نێوان هاووڵاتییاندا دەستەبەر دەکات.
مادەی 16:
1- مافی موڵکایەتی تایبەت پارێزراوە و نابێت
دەستی بەسەردا بگیرێت، تەنیا بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەرامبەر بە قەرەبووی دادپەروەرانە
نەبێت.
2- موڵکایەتی سامانە گشتییەکان و هەموو سەرچاوە
سروشتییەکان و سامانەکانی پارێزراون و موڵکی گشتین، دەوڵەت هەڵدەستێت بە پاراستن و
بەکارهێنان و وەبەرهێنانیان بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە.
مادەی 17:
1- سزا کەسییە، نە تاوان و نە سزا هەیە، تەنیا
مەگەر بە دەقی یاسا نەبێت.
2- مافی دادگەییکردن و بەرگریکردن و پەیڕەوکردنی
رێگەکانی تانەلێدان بە یاسا پارێزراوە، قەدەخەیە لە یاساکاندا دەق لەسەر رێگریکردن
لە هەر کردار یان بڕیارێکی کارگێڕی لە چاودێری دادوەری.
3- تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو بە بڕیاری
دادوەری تاوانی بەسەردا ساخ دەبێتەوە.
مادەی 18:
1- دەوڵەت کەرامەتی مرۆڤ و پیرۆزی جەستە و
رێگری لە ونکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەپارێزێت، تاوانەکانی ئەشکەنجە بە تێپەڕبوونی کات کۆتاییان
نایەت.
2- جگە لە حاڵەتی تاوانی ئاشکرا، نابێت هیچ
کەسێک دەستگیر بکرێت یان رابگیرێت یان ئازادی سنووردار بکرێت تەنیا بە بڕیاری دادوەری
نەبێت.
مادەی 19:
شوێنی نیشتەجێبوون
پارێزراوە، نابێت بچیتە ناویان یان پشکنینیان بکەیت تەنیا لەو بارودۆخانە نەبێت کە
لە یاسادا دیاریکراون.
مادەی 20:
خێزان بناخەی کۆمەڵگەیە
و دەوڵەت پابەندە بە پاراستنیەوە.
مادەی 21:
1- دەوڵەت پێگەی کۆمەڵایەتی ئافرەت دەپارێزێت،
و کەرامەتی و ڕۆڵی لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا دەپارێزێت، و مافی لە خوێندن و کار دەستەبەر
دەکات.
2- دەوڵەت مافە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی
ئافرەت دەستەبەر دەکات، لە هەموو جۆرەکانی هەژاری و ستەم و تووندوتیژی دەیپارێزێت.
مادەی 22:
دەوڵەت کار دەکات
بۆ پاراستنی منداڵان لە بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی خراپ، مافیان لە فێرکردن و چاودێری
تەندروستی دەستەبەر دەکات.
مادەی 23:
دەوڵەت ماف و
ئازادییەکانی باسکراو لەم بەشەدا دەپارێزێت، بەپێی یاسا پیادە دەکرێن، دەکرێت پیادەکردنیان
بخرێتە ژێر ئەو رێکارانەی کە پێویستن بۆ ئاسایشی نیشتمانی یان سەلامەتی خاک یان سەلامەتی
گشتی یان پاراستنی سیستەمی گشتی و رێگری لە تاوان، یان بۆ پاراستنی تەندروستی یان
ئادابی گشتی.
بەشی سێیەم: سیستەمی
حوکمڕانی لە قۆناخی گواستنەوەدا
یەکەم: دەسەڵاتی
یاسادانان:
دەسەڵاتی یاسادانان
لەلایەن ئەنجومەنی گەلەوە پیادە دەکرێت.
مادەی 24:
1- سەرۆکی کۆمار لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵبژاردنی
ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێکدەهێنێت.
2- لیژنەی باڵا، سەرپەرشتی پێکهێنانی دەستە
لاوەکییەکان لە ناوچەکان دەکات و ئەم دەستانە هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی دوو لەسەر سێی
ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل.
3- سەرۆککۆمار، یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی
گەل دیاری دەکات بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و کارامەیی.
مادەی 25:
1- نابێت ئەندامی ئەنجوومەنی گەل دووربخرێتەوە،
تەنیا بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامەکان نەبێت.
2- ئەندامی ئەنجوومەنی گەل پارێزبەندی (حەسانە)
پەرلەمانی هەیە.
مادەی 26:
1- ئەنجوومەنی گەل، دەسەڵاتی یاسادانان دەگرێتە
ئەستۆ تاوەکو پەسەندکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یاسادانانی
نوێ.
2- ماوەی ئەندامێتی ئەنجوومەنی گەل 30
مانگە و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
مادەی 27:
ئەندامانی ئەنجوومەنی
گەل، لەبەردەم سەرۆککۆمار سوێند دەخۆن و دەقی سوێندەکە بەم شێوەیەیە: "سوێند
بە خوای مەزن دەخۆم کە ئەرکەکانم بە دڵسۆزی و پاکیی ئەنجام بدەم".
مادەی 28:
ئەنجوومەنی گەل
لە یەکەم کۆبوونەوەیدا، سەرۆک و جێگر و ئەمینداری هەڵدەبژێرێت و هەڵبژاردنەکە بە دەنگدانی
نهێنی و زۆرینە دەبێت، بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنە دەکات.
مادەی 29:
ئەنجوومەنی گەل
لە ماوەی مانگێک لە یەکەم دانیشتنیەوە، پەیڕەوی ناوخۆی خۆی ئامادە دەکات.
مادەی 30:
1- ئەنجوومەنی گەل ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ:
ئـ- پێشنیارکردن
و پەسەندکردنی یاساکان.
ب- هەموارکردن یان
هەڵوەشاندنەوەی یاسا پێشووەکان.
ت- پەسندکردنی
پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
ث- پەسەندکردنی
بودجەی گشتی دەوڵەت.
ج- پەسەندکردنی
لێبووردنی گشتی.
ح- وەرگرتنی دەستلەکارکێشانەوەی
یەکێک لە ئەندامانی یان رەتکردنەوەی یانیش هەڵگرتنی پارێزبەندی لێی بەپێی پەیڕەوی
ناوخۆی.
خ- بەستنی دانیشتنی
گوێگرتن بۆ وەزیران.
2- ئەنجوومەنی گەل بڕیارەکانی بە زۆرینە وەردەگرێت.
دووەم: دەسەڵاتی
جێبەجێکردن:
مادەی 31:
سەرۆککۆمار و وەزیران
دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیاریکراو لەم راگەیاندنە دەستوورییەدا
پیادە دەکەن.
مادەی 32:
سەرۆککۆمار فەرماندەی
باڵای سوپا و هێزە چەکدارەکانە و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و یەکپارچەیی
خاکەکەی و سەلامەتی و چاودێری بەرژەوەندییەکانی گەل.
مادەی 33:
سەرۆککۆمار لەبەردەم
ئەنجوومەنی گەل سوێندی دەستووری دەخوات، کە دەقەکەی بەم شێوەیەیە: "سوێند بە
خوای مەزن دەخۆم کە بە دڵسۆزییەوە پارێزگاری لە سەروەریی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات
و سەلامەتی خاکەکەی و سەربەخۆیی بڕیارەکانی بکەم و بەرگریی لێبکەم، رێز لە یاسا
بگرم و چاودێریی بەرژەوەندییەکانی گەل بکەم و بە هەموو راستگۆیی و دڵسۆزی هەوڵبدەم
بۆ دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆیان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوانیان و
چەسپاندنی بەها بەرزەکان و ئاکاری باش".
مادەی 34:
سەرۆککۆمار جێگر
بۆ خۆی دیاری دەکات و دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکات و لە پۆستەکانیان لادەبات، دەستلەکارکێشانەوەیان
وەردەگرێت، ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی بەتاڵ بوو، یەکەم جێگر دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار
وەردەگرێت.
مادەی 35:
1- سەرۆککۆمار، وەزیران دیاری دەکات و لە
پۆستەکانیان لایان دەبات و دەستلەکارکێشانەوەیان وەردەگرێت.
2- وەزیران لەبەردەم سەرۆککۆمار سوێند دەخۆن
و دەقی سوێندەکە بەم شێوەیەیە: "سوێند بە خوای مەزن دەخۆم کە ئەرکەکانم بە دڵسۆزی
و پاکییەوە ئەنجامبدەم".
مادەی 36:
سەرۆککۆمار رێساکانی
جێبەجێکردن و رێکخستن و فەرمانەکانی رێکخستن و بڕیارە سەرۆکایەتییەکان بەپێی یاساکان
دەردەکات.
مادەی 37:
سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی
دەوڵەت دەکات، واژۆی کۆتایی لەسەر پەیماننامەکان لەگەڵ دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
دەکات.
مادەی 38:
سەرۆککۆمار هەڵدەستێت
بە دانانی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتانی بیانی و لابردنیان، بڕوانامەی سەرۆکی
نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان لە کۆماری عەرەبی سووریا قبووڵ دەکات.
مادەی 39:
1- سەرۆککۆمار مافی پێشنیازکردنی یاساکانی
هەیە.
2- سەرۆککۆمار ئەو یاسایانە دەردەکات کە ئەنجوومەنی
گەل پەسەندی دەکات، مافی ناڕەزایی دەربڕینی هەیە لێیان بە بڕیارێکی روونکراوە لە
ماوەی مانگێک لە رێککەوتی گەیشتنیان بە ئەنجوومەن کە دووبارە تێیاندا دەڕوانێتەوە.
یاساکان جێبەجێ ناکرێن دوای ناڕەزایی دەربڕین تەنیا بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی
گەل نەبێت، لەم حاڵەتەدا سەرۆککۆمار بەناچاری دەریاندەکات.
مادەی 40:
سەرۆککۆمار مافی
بەخشینی لێبووردنی تایبەت و گەڕاندنەوەی رێز و ئیعتیباری هەیە.
مادەی 41:
1- سەرۆککۆمار دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی
ئاسایشی نیشتمانی، چەکهەڵگرتنی گشتی و جەنگ رادەگەیێنێت.
2- ئەگەر مەترسییەکی گەورە و بارودۆخێک هەبێت
کە هەڕەشە لە یەکێتیی نیشتمانی یان سەلامەتی و سەربەخۆیی خاکی نیشتمان بکات یان رێگر
بێت لە بەڕێوەبردنی ئەرکە دەستوورییەکانیان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، سەرۆککۆمار
دەتوانێت باری نائاسایی بە شێوەی بەشی یان تەواو بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ تێناپەڕێت
رابگەیێنێت، بە راگەیاندنێک بۆ گەل، پاش رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و
راوێژ بە سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل و سەرۆکی دادگەی دەستووری و، تەنیا بە رەزامەندی ئەنجوومەنی
گەل بۆ جاری دووەم درێژ دەکرێتەوە.
مادەی 42:
دەسەڵاتی جێبەجێکردن
ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆ:
1- جێبەجێکردنی یاسا و پلان و بەرنامە پەسەندکراوەکان.
2- بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و جێبەجێکردنی
سیاسەتە گشتییەکان کە سەقامگیری و گەشەپێدان بەدیدەهێنن.
3- ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکان بۆ سەرۆککۆمار
بۆ پێشنیازکردنیان بە ئەنجوومەنی گەل.
4- ئامادەکردنی پلانی گشتیی دەوڵەت.
5- بەڕێوەبردنی سەرچاوە گشتییەکانی دەوڵەت
و دڵنیابوون لە بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی کارا و روون.
6- دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوە گشتییەکان
و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و حوکمڕانی باش.
7- بنیاتنانی دامەزراوەی ئەمنی بە شێوەیەک
کە ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی و پاراستنی مافەکان و ئازادییەکانی هاووڵاتییان دڵنیا
بکات.
8- بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانی پیشەیی کە
ئەرکی بەرگریکردن لە سنوورەکانی وڵات و سەروەری و پاراستنی گەل بە هەموو نیشتمانپەروەری
و دڵسۆزییەوە، لەگەڵ پابەندی تەواو بە رێزگرتن لە یاسا کارپێکراوەکان.
9- بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
و هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
سێیەم: دەسەڵاتی
دادوەری:
مادەی 43:
1- دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و هیچ دەسەڵاتێک
لەسەر دادوەران نییە جگە لە یاسا.
2- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری چاکبوونی کاری
دادوەری و رێزگرتن لە سەربەخۆیی دەستەبەر دەکات.
مادەی 44:
دادگەکان بە یاسا
دادەمەزرێن و دەسەڵاتەکانیان بە یاسا دیاری دەکرێن و دروستکردنی دادگەی نائاسایی قەدەخەیە.
مادەی 45:
1- سیستەمی دادوەری دووانەیە و پێکدێت لە
دادوەری ئاسایی و دادوەری کارگێڕی.
2- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سەرپەرشتی
دادوەری ئاسایی و سەربازی دەکات.
3- ئەنجوومەنی دەوڵەت بەرپرسە لە دادوەری
کارگێڕی، کە دەستەیەکی دادوەری و راوێژکاری سەربەخۆیە و یاسا دەسەڵاتەکانی و مەرجەکانی
دانانی دادوەرەکان و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات.
مادەی 46:
بەڕێوەبەرایەتی
کەیسەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی دادە و دەسەڵاتەکانی بە یاسا رێکدەخرێت.
مادەی 47:
1- دادگەی دەستووری باڵای ئێستا هەڵدەوەشێتەوە
و دادگەیەکی دەستووری باڵای نوێ دادەمەزرێت.
2- دادگەی دەستووری باڵا لە حەوت ئەندام پێکدێت
کە سەرۆککۆمار دایان دەنێت، لە نێو کەسانی پاک و خاوەن لێهاتوویی و شارەزایی، میکانیزمی
کارکردن و دەسەڵاتەکانی بە یاسا رێکدەخرێت.
بەشی چوارەم:
حوکمە کۆتاییەکان:
مادەی 48:
دەوڵەت زەمینەی
گونجاو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری گواستنەوە فەراهەم دەکات لە رێگەی:
1- هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسا نائاساییەکان
کە زیانیان بە گەلی سووریا گەیاندووە و پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤن.
2- هەڵوەشاندنەوەی کاریگەری بڕیارە ناڕەواکانی
دەرچوو لە دادگەی تیرۆر کە بۆ سەرکوتکردنی گەلی سووریا بەکارهێنراون، لەوانە گەڕاندنەوەی
موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان.
3- هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێکارە نائاساییە
پەیوەندیدارەکان بە بەڵگەنامە شارستانی و خانووبەرە کە لەلایەن رژێمی پێشوو بۆ زیانگەیاندن
بە گەلی سووریا بەکارهێنراون.
مادەی 49:
1- دەستەیەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری
گواستنەوە دادەمەزرێت کە میکانیزمە کاریگەر و راوێژکارییەکان بەکاردەهێنێت کە پشت
دەبەستێت بە قوربانییەکان، بۆ دیاریکردنی رێگاکانی لێپرسینەوە، مافی زانینی راستی،
دادپەروەری بۆ قوربانیان و رزگاربووان و هەروەها رێزگرتن لە شەهیدان.
2- تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی
و تاوانی جینۆساید و هەموو ئەو تاوانانەی کە رژێمی پێشوو ئەنجامیداون لە بنەمای
کاریگەری یاسا بەدەرن.
3- دەوڵەت ستایشکردنی رژێمی پێشووی ئەسەد
و رەمزەکانی قەدەخە دەکات، نکۆڵیکردن لە تاوانەکانی یان ستایشکردن یان پاساوهێنانەوە
بۆیان یان سووککردنیان بە تاوان دادەنرێت کە بە یاسا سزا دەدرێت.
مادەی 50:
راگەیێندراوی دەستووری
هەموار دەکرێت بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی گەل لەسەر پێشنیازی سەرۆککۆمار.
مادەی 51:
کارکردن بە یاسا
کارپێکراوەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموار یان هەڵوەشاندنەوە.
مادەی 52:
ماوەی قۆناخی
گواستنەوە بە پێنج ساڵی زایینی دیاری دەکرێت کە لە رێککەوتی کارپێکردنی ئەم راگەیاندنە
دەستوورییەوە دەستپێدەکات و دوای پەسەندکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ وڵات و بەڕێوەبردنی
هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
مادەی 53:
ئەم راگەیاندنە
لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە و لە رێککەوتی بڵاوبوونەوەی بەدواوە کاری پێدەکرێت.
سەرۆککۆماری عەرەبی
سووریا
13ی رەمەزانی 1446ک - 13ی ئازاری 2025 ز