خەزعەلی : رەنگە ئەحمەد شەرع بێت بۆ عێراق دەستگیربکرێت
03:45 - 20/04/2025
زەمەن _ عێراقی
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگهیاند: هاتنی ئهحمهد شهرع، سەرۆکی ئێستای سوریا بۆ عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی یاساکە و دەستگیرکردنی، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی فەرمانی دەستگیرکردن کە لە دژی دەرچووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ، "بوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برای عێراق و سوریا، شتێکی جەوهەرییە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکی هاوبەش دەکات، بهڵام سهردانی سەرۆکی ئێستای ڕژێمی سوریا لە عێراق پێشوەختەیه و زووه.
خەزعەلی جەختی لە "پێویستی پابەندبوون و ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کردەوە، بەگوێرەی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان"، داوایکرد ئەو بابەتە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە شێوەیەک کە سەروەری عێراق بپارێزێت و ڕێز لە بڕیارەکانی دامەزراوە دەستووریەکانی بگرێت.
پێشتر پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا بەهۆی کێشە ئاڵۆزەکانی ئەمنی و تیرۆرەوە، هەروەها دۆسیە یاساییەکانی پەیوەست بە پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان لە سەردەمی ئەو توندوتیژییە تائیفیانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕووی لە عێراق کرد، تێکچوبوو.
لێدوانەکانی خەزعەلی وەک هەوڵێک بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کردەوەکانی داهاتووی عێراق بەرامبەر بە سوریا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی کە مشتومڕی ناوخۆیی بەردەوامە لەسەر چۆنیەتی هاوسەنگکردنی ئیمتیازەکانی کرانەوەی ناوچەکە لەگەڵ مەرجەکانی ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و پاراستنی سەروەری نیشتمانی.
لەو چوارچێوەیەشدا بەغدا هەوڵدەدات لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دیمەشق بکاتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی هەلومەرجێکدا کە ئاسایشی نیشتمانی بپارێزێت و ئەو ئاڵۆزییە سیاسی و دادوەرییە لەبەرچاو بگرێت کە لە چەندین ساڵ لە ململانێدا بۆیان ماوەتەوە.