سودانی و ئەحمەد شەرع لەدەرەوەی خاکی هەردوولا کۆبونەوە
09:38 - 17/04/2025
زەمەن - عێراقى
میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و ئەحمەد شەرع لە قەتەر کۆبونەوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، بەلەبەرچاوگرتنی خێراتربونی روداوەکانی ناوچەکە و بە تایبەت دۆخی سوریا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بە نێوەندگیری میری قەتەر کۆبونەوە.
ئاماژەبەوەشکراوە، سودانی هەڵوێست و پاڵپشتی عێراقی دوپاتکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە لەسەر گرنگی هەنگاوی کردەیی و جدی حکومەتی نوێی سوریا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.
هاوکات،باسی لەوەکردوە، عێراق لە نزیکەوە چاودیڕی ئەو پێشهاتانە دەکات کە لە سوریا و وڵاتانی دراوسێی رودەدەن.
داواشیکردوە، هەردولا هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکان و دروستکردنی میکانیزمێکی نوێی هاوکاری کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردولا بکات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرزبکاتەوە.