180 عیراق

لە عێراق دەرماڵەى مامۆستایان بۆ دووهێندە زیادکرا

08:32 - 15/04/2025

زەمەن - عێراقى

 

پەرلەمانى عێراق پاکێجێکى یاسایى لە بەرژەوەندیى مامۆستایان و فەرمانبەرانى کەرتى پەروەردە پەسەندکرد، بەگوێرەى ئەو پاکێجەى پەرلەمان پەسەندى کردووە، دەرماڵەیان بۆ دووهێندە زیاد دەکرێت.

 

لە دانیشتنى دوێنێى پەرلەمانى عێراقدا، لەدواى پەسەندکردنى یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە، بڕیارى زیادکردنى دەرماڵەى پیشەیى مامۆستایان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 300 هەوار دینار زیادکرا.

 

هەر بەپێى ئەو یاسایەى پەرلەمانى عێراق پەسەندى کردووە، بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی خزمەتی مامۆستایان لە ناوچە گوندنشینەکان و دوورە دەستەكان بۆ مەبەستی خانەنشینی دوو هێندە هەژمار بكرێت.

 

لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەپێی بڕیارەكە، مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەستی ساڵی 2020 دەکرێنە هەمیشەیی، هاوکات سەرجەم شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ خوێندنی ساڵی 2024 خەرج دەکرێت.

 

هەروەها ئەوەش هاتووە، سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی مافی وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوویان دەبێت، هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرانەی كە یەکەی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی پیشەیی و خێزان و منداڵ دەكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن