55 کوردستان

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە: ئەوەى لەدەستمان بێت بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان درێغى ناکەین

06:42 - 20/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگای دۆڵی سێوەیسى دانا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ى نیسان، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنى هەرێمى کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی (قیرتاوکردنی رێگای گوندی زورکان-خاڵی پشکنینی گومرگی سێوەیس)ی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دانا.

 

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لەبارەى گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە قسەى کرد و رایگەیاند، ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە وەک قۆناغی یەکەم، دەستپێکێکی باشە بۆ سنورەکە و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان، پێویستە وەک حکومەت و وەزارەتیش خزمەتی ناوچەکان و هاوڵاتیان بکەین، ئێمەش ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین.

هەر لە رێورەسمەکەدا بریکاری وەزیر بۆ رێگاوبان و بریکاری وەزیر بۆ نیشتەجێکردن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەت و قائیمقامی قەڵادزێ و بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی و دانیشتوانی ناوچەکە ئامادەی بون.

پڕۆژەکە پێکهاتوە لە قیرتاوکردنی رێگاکە بە درێژی ٤کم و گوژمەی نزیکەی ٤٧٥ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لەلایەن کۆمپانیای کانی سێو جێبەجێ دەکرێت، کە سودێکی گەورە بە گوندەکانی دۆڵی سێوەیس دەگەیەنێت و جگە لە کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان، کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەڕوی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاریی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن