بەرێکەوتنی پارتی و یەکێتی ناوی «هەژماری من » گۆڕا بۆ «پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچە»
09:23 - 20/04/2025
زەمەن - کوردستانى
بەگوێرەى نووسراوێک کە ئیمزاى ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردسانى لەسەرە، پرۆژەى هەژمارى من لە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانەوە دەکرێتەسەر وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، ناوى پرۆژەکەش لە هەژمارى منەوە دەکرێت بە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی سەرپشك دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەكە لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی بانكی فیدراڵی و ئەژماری بانكی مووچەخۆران پارێزراو دەبێت بەگوێرەی هەمان یاسا و رێنماییەكانی بانكی فیدراڵی.
ئەوەش هاتووە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە هەژماری مووچەی مووچەخۆران پارێزراو دەبێت و جگە لە خاوەنەكەی هیچ كەسێك بۆی نەبێت دەستكاری و مامەڵە بە هەژمارەكەوە بكات.
لە خاڵێکى دیکەى نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان فەرمانەکە جێبەجێ بکەن لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و ئاسانکاریى پێشکەش بکەن.