کەشناسێک: چەند کاتژمێرێکی دیکە باران دەبارێت
10:11 - 26/12/2024
زەمەن - کوردستانی
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا باران دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، لە ئێستادا هەوری کەڵەکەبووی چڕی باراناوی داخڵ بەناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ڕۆژئاوای عێراق و ئیدارەی زاخۆ ناوچەکانی باکووری پارێزگای دهۆک بووە لەهەندێ ناوچە بارانبارین دەستیپێکردووە.
دەشڵێت، درەنگانی ئەمشەو لەکاتژمێری دوانزە بەدواوە بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران و تەواوی پارێزگای هەولێرو کەرکوک دەگرێتەوە.
ئەو کەشناسە راشیگەیاندووە، سەرەتای بارانبارینەکە بە نمەباران دەستپێدەکات دواتر دەگۆڕێت، لە کاتەکانی بەرەبەیان بۆ خۆرهەڵاتن بەدواوە کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتردەبێت ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوه لەدوای نیوەڕۆ بەدواوە لەڕۆژی هەینی بارانی سەرتاسەری سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
ئەوەشی راگەیاندووە، لەکاتەکانی نیوەڕۆی هەینی بەدواوە بۆ درەنگانی شەوی شەممە خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەرجەم ناوچەکانی زیادەکات بەهۆێ بەیەکگەیشتنی دووبارسته هەوا یەکێکیان سارد و ئەوەی تریان گەرم و شێدار ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکەو تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە هەیە.