بکوژی گەنجەکەی گەڕەکی قولەرەیسی دەستگیرکرا
03:20 - 23/12/2024
زەمەن _ سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: بکوژی گەنجەکەی دوێنێ شەوی گەڕەکی قولەرەیسی لەماوەی كەمتر لە دوو كاتژمێردا دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی قوولەرەیسیی شاری سلێمانی شەڕە چەقۆ لەنێوان چەند كەسێكدا دروستبوو، لە ئەنجامدا كەسێك بە چەقۆ كوژرا و كەسێكی تر برینداربوو، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی تاوانەكە ئەنجامدراو لێكۆڵینەوە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو دەستیپێكرد.
ئاماژە بەوەشدراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەی كەمتر لە دوو كاتژمێردا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
هاوکات، بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبار (ع، أ،ع) لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠١ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان راگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.