701وتار

شەشی کانوونی دووەم: یادی جەیشی ئیحتیلال

1/5/2020 8:39:00 PM
خەبات عەبدوڵڵا

لە ۱۹۲۱/٦/۱دا، تەنھا چەند مانگێک پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، بەپێی بڕیاری حاکمی ئەو کاتەی عێراق پێرسی زەخاریا کۆکس، جەیشی عێراق دامەزرێنرا.
لە ۲۰۰۳/٥/۲٤دا، تەنھا چەند حەفتەیەک پاش داگیرکردنی عێراق، بەپێی بڕیاری حاکمی ئەو کاتەی عێراق لویس پۆل بریمەر، جەیشی عێراق ھەڵوەشێنرایەوە.
لە ۲۰۰۳/۸/۷دا و بەپێی فەرمانی ژمارە ۲۲ی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان CPA، بڕیاری دامەزراندنی جەیشێکی نوێ بۆ عێراق درا.



دەستووری ھەمیشەیی عێراق ماددەیەکی لەمەڕ جەیشی عێراق داڕشتووە، بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی ماددەی ۹ی دەستوور: "ھێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگاکانی ئاسایش لە پێکھاتەکانی گەلی عێراق پێکدێن بە ڕەچاوکردنی ھاوسەنگی ڕێژەی نوێنەرایەتیکردنیان بەبێ جیاوازی یان وەلاخستنی ھیچ لایەک و لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی مەدەنییدا دەبێت و بەرگری لە عێراق دەکات و نابێتە دەزگایەک بۆ داپڵۆسینی گەلی عێراق و دەست وەرناداتە کاروباری سیاسییەوە و ڕۆڵی نابێت لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا".


جەیشی عێراق سەرەتا لە بەغدا لە فەوجێکەوە دامەزرا کە فەوجی ئیمام موسای کازم بوو؍ بەڵام پاش دەوروبەری حەفتا ساڵ جەیشی عێراق بووە ماشێنێکی جەنگیی زەبەلاح کە لە نۆ لەشکر و حەفتا و پێنج فیرقەی جیاجیا و نزیکەی یەک ملیۆن چەکدار پێکھاتبوو، جەیشی عێراق خاوەنی حەوت سەد فڕۆکەی جەنگی و شەش ھەزار تانک و پێنج ھەزار تۆپ و جبەخانەیەکی گەورەی چەکی کیمیایی و بایەلۆژی و سەدان مووشەکی سکۆد و بەرنامە و پیشەسازییەکی چەکسازیی تۆکمە بوو.
جەیشی عێراق لە کۆتاییەکانی جەنگی یەکەمی کەنداو و دەمەدەمی داگیرکردنی کوەیتدا چوارەم گەورەترین سوپای دنیا بوو.


جەیشی عێراق کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی پێشوو دامەزرێنرا، پاش ھەشتاو دوو ساڵ لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە ھەڵوەشێنرایەوە و بڵاوە بە یەکەکانی کرا و لەبری ئەو بڕیاری دامەزراندنی جەیشێکی تر درا.

 


لەڕووی سیاسییەوە جەیشی عێراق دامەزراوێکی بێلایەن نەبووە، جەیشی عێراق جەیشێکی کودەتاچی بووە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین کودەتای شکستخواردوو، بەڵام لە ساڵەکانی ۱۹۳٦: ھاتنی بەکر سدقی، ۱۹٥۸: راگەیاندنی جمھوریەت و ھاتنی عەبدولکەریم قاسم، ۱۹٦۳: کوشتنی قاسم و ھاتنی یەکەمجاری بەعسییەکان، ۱۹٦۸: ھاتنەوەی دووەمجاری بەعسییەکان تا داگیرکردنی عێراق، جەیش رۆڵێکی کارای بینیوە و ھەمیشە ئەکتەرێکی سەرەکی رووداوە سیاسییەکانی ژیانی عێراق بووە.

 


جەیشی عێراق جەیشێکی تائیفی بووە، ئەگەرچی لە سەرەتاوە ئینگلیزەکان ھەوڵیاندا جەیشی عێراق ھی ھەموو پێکھاتەکان بێت و بەو ھۆیەشەوە پێشتر کاریان بۆ ئەوە کردبوو لەمیانەی ھێزەکانی (لیڤی)یەوە عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە، ئاسوری و کورد بەشداری پێ بکەن، بەڵام دواتر و بەھۆی پەراوێزخستنی کورد و شیعە، وردە وردە داوودەزگاکانی حکومەت و جەیش لە سێگۆشە سونییەکەی عێراقدا قەتیس ما.


جەیشی عێراق بەتایبەتیش لەسەردەمی بەعسدا، جەیشێکی ئایدۆلۆژیست بووە. بەعس وەکو سیستمێکی تۆتالیتێر و جیاواز لە سیستمە دیکتاتۆرەکان، بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی و پایەدارکردنی، ھەر بەتەنھا پشتی بە جەیش نەبەستبوو، چونکە ھەروەکو (ھانا ئارێنت) دەڵێت ھەڵەیە گەر وا دابنرێت سیستمی تۆتالیتێر ھەر بەتەنھا سیستمێکی عەسکەرییە، ئەوە راستە کە دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان وەکو دەسەڵاتێکی عەسکەریی و پشتبەستوو بە سوپا خۆ دەنوێنن، بەڵام ئەم جۆرە سیستمانە کار لەسەر نابووتکردنی ئەخلاقی پیشەیی سوپا و دەرەجەدارەکانی دەکەن، ئەویش لەڕێی دەست بەسەرداگرتنی سوپا و سەپاندنی شێوەیەکی تایبەت لە ئایدۆلۆژیا کە رەنگدانەوەی سیستمی دەسەڵاتەکە خۆیەتی.
جەیشی عێراق لە دەمی بەعسدا، جەیشێکی بەعسی بووە .
 ٭ ٭ ٭


ئەگەرچی کورد لە دامەزراندنی جەیشی عێراق ھەر لەسەرەتاوە رۆڵێکی شەریفانەی بینی و ژمارەیەکی زۆری ئەفسەری کورد تەنانەت تا پاش وەدەر‌نانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان لە ڕیزەکانی جەیشدا خزمەتیان ‌کرد، بەڵام بەپێچەوانەی بیروڕای پفدراو بە عەقڵی عێراقچێتی، جەیشی عێراق لەلایەن کوردەوە نەک ھەر جێگەی پەسندان و پیاھەڵدان نیە، بگرە لە چەندین جومگەی مێژوویی جیاجیا بەتایبەتیش لە ‌سەردەمی فاشیزمی بەعسییدا، جەیشی ئیحتیلال بووە.

 


ئاشکرایە کوردستانی باشور بە زەبری چەک و ھێزی عەسکەریی داگیرکراوە، سوپای ئیمپریالیزمی بەریتانی بە زۆری چەک و دوور لە خواستی دانیشتوانەکەی، کوردستانی بە ‌عێراقەوە لکاند، لەبەرئەوەش کە دەوڵەتی عێراق وەکو دەوڵەتێکی عەرەبی ھاتە ‌کایە، بۆیە نە لە سەردەمی پاشایەتی و نە پاش ئەو، ئامادە نەبووە دان بە بوونی کورد وەک گەلێکی جیا لە عەرەب بنێت، لە ‌ھەمان سۆنگەوە جەیشی عێراق جەیشی سیستمە عەرەبییە حوکمڕانە جیاجیاکانی دەوڵەتی عێراق بووە.


لەوەتەی شۆڕشی چەکداریی کورد لە ساڵی ۱۹٦۱ەوە ھەڵگیرسا، جەیشی عێراق سەرسەخترین دوژمنی داواکانی کورد و ھێزی بەرگریکاری کوردستان بووە. راستیەکەی جەیشی عێراق شانبەشانی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی تری رژێمی عەرەبیی عێراق، ماکینەی قەلاچۆکردنی بەردەوامی کورد بووە.

ئەوە قسەی پێناوێت کە شانبەشانی جەیش، داوودەزگا تۆقێنەرەکانی ئەمن و ئیستخبارات رۆڵی بەرچاویان لە سەرکوتکردنی کورد و گەلانی تری عێراقدا بینیوە، بەڵام مەحاڵ بوو بێ بوونی دامەزراوێکی زەبەلاحی وەکو جەیش، پرۆسەی قڕکردنی کورد بەڕێوەچووبایە.
پێویست بە پاساو ھێنانەوە ناکات، جەیشی عێراق ئامڕازی سەرەکی خاپورکردنی کوردستان و قەتڵوعامکردنی گەلەکەی بووە.

جەیشی عێراق جگە لەوەی جەیشێکی بێلایەن نەبووە، لە شەڕی گەلی کوردستاندا خاوەن ھیچ بەڵێن و ئەخلاقێکی عەسکەرییش نەبووە، بۆیە ھەمیشە لای کورد وەکو دەزگایەکی نامۆ و ترسناک، وێرانکەر ‌و قێزەون تەماشا کراوە.
٭ ٭ ٭

لە دەرەوەی ھەموو ئەو کارەساتانەی کە بەھۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئەمەریکاوە لە چەند ساڵی پێشودا گەلانی عێراق رووبەڕووی بوونەوە، بەڵام دەشێت بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی جەیشی عێراق لەلایەن حاکمی ئەمەریکا لە عێراق پۆڵ برێمەر بە یەکێک لە بڕیارە بوێر و مێژووییەکان ئەژمار بکرێت.

بەداخەوە کورد نەک ھەر نەیتوانی لەم ھەنگاوە گرنگە تێبگات، بەڵکو بەھەمان شێوەی قەومییە عەرەبەکان و بێ وەرگرتنی عیبرەت لە ڕابردوو، ئەمیش کەوتە داوی ئەو ھاشوھوشەی کە پێیوابوو نەدەبوا جەیش ھەڵبوەشێندرێتەوە، ھەر ئەوەش نا، لە دووبارە دامەزراندنەوەی جەیشی عێراقدا، کورد ھیچ کۆت و بەندێکی نەبوو.


لەوەتەی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە عێراق سەریھەڵداوە، زۆرینەی ھەرە زۆری عەرەب بە چاوی خائین و نۆکەری بێگانە لە کورد دەڕوانن. ئەم دیدە پان ئیسلامی ـ قەومی عەرەبییە رەگوڕیشەی مێژوویی ھەیە، عەرەبەکان لە چڵەپۆپەی دەسەڵاتی خۆیاندا، سەرەڕای کورد ھەمیشە بە ‌چاوی گومان و بێگانە تەماشای نەتەوە ‌و کەمینە ئیتنی و ئاینییەکانی وەکو کوردەکانی عێراق و سوریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆکسەکانی لوبنان، قیبتییەکانی میسر، بەربەرەکانی جەزائیر و تونس ‌و مەغریب، فەڵەکانی سوریا و سودان و ئوردون و عێراق و ئەنیمیستەکانی سودانیان کردووە و ھەوڵیانداوە تەعریبیان بکەن. لە سەردەمانێکی کۆنەوە عەرەبەکان میللەتانی تری ناو قەڵەمڕۆی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی جاران و نیشتمانی عەرەبی ئێستا بە دەسندەخۆری خۆیان تێدەگەن.

ئەم تێڕوانینە شۆڤێنییە کە پێشتر بەعسییەکان لە تیۆر و پراکتیکدا بە زەقترین شێوە تەعبیریان لێ دەکرد، ھێشتا لای زۆرێک لە سەرانی عەرەبی عێراق درێژەی ھەیە. بۆیە وەکو ئامڕازێکی سیاسی دووبارە و ھەروەکو جاران، جەیشی عێراق تا دێت دەبێتەوە بە ئەکتەرە ناشرینەکە و تا ئێستا و لە چەند بۆنەیەکی جیاجیادا دژی گەلی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی گەرمەسێر، کەرکوک و دەوروبەری، موسڵ و دەوروبەری، ھەمان ڕۆڵی جەیشی عێراقی بەعسی گێڕاوە.


ئەوە گرنگ نیە کە ئێمەی کورد چەند ئەفسەر و کام پۆستی ناو جەیشمان پێدەبڕێت، ئاخر بەدرێژایی مێژووی جەیشی عێراق کورد ئامادەییەکی بەرچاوی ھەبووە لەو دامەزراوەدا، کەچی نەمانبینی لە شەڕی دژ بە ‌کورد، جەیش بۆ تەنھا جارێکیش ساتمە بکرێت.


راستیەکەی ئەوەی گرنگ بوو کورد بیکردایەتە مەرج بۆ بەشداریکردنی لە دووبارە دامەزرانەوەیدا، پێش ھەر شتێک جەیش پەیمان بدات کە نابێت بەھیچ شێوەیەک و لە ‌ھیچ بارودۆخێکدا جارێکی تر شەڕی کورد بکات، دەبێت جەیشی عێراق یەک ئەرکی سەرەکی ھەبێت، ئەویش بەرگریکردنە لە عێراق لە کاتی ھێرش و پەلاماری بێگانەدا. جگە لەوەش دەبوا کورد ھەر زوو لە کاتی کڕینی چەک و جبەخانەدا، وڵاتانی چەکفرۆشی بھێنایەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بیکەنە مەرج بەسەر عێراقەوە تا بە ھیچ بیانوویەک جەیشی عێراق چەک دژی دانیشتوانەکەی خۆی بەکار نەھێنێتەوە.
٭ ٭ ٭

شەشی کانونی دووەم بۆ کورد نەک مایەی جەژن و شادییە، بەڵکو یادەوەرییەکی تاڵ و وەبیرھێنانەوەی ئیحتیلالە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن