84وتار

ڕووبەڕوو لەگەڵ دیموکراسیی ڕووسیدا!

11/5/2024 10:29:00 AM
خەبات عەبدوڵڵا

سی ساڵ زیاتره‌، هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن دوو هێزه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌برێت. ئه‌و سیستمه‌ سیاسی و مۆدێلی ده‌وڵه‌تدارییه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌م به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ فراژی بووه‌، له‌ هیچ کام له‌و مۆدێل و سیستمه‌ سیاسییانه‌ ناچێت که‌ ئه‌مڕۆ له‌ دنیادا باون. هه‌ر بۆیه‌ هیچ مۆدێلێك نییه‌ به‌ته‌نها، بتوانین سیستمی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی پێ بەراورد بكه‌ین.
***
له‌پاش ڕووخانی فاشیزمی به‌عسی و به‌تایبه‌تیش پاش دابارینی پاره‌ی نه‌وت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا، سیستمی ده‌سه‌ڵات زۆرتر لە تێكه‌ڵه‌یه‌ك دەچێت لە سیستمی كۆماری مۆز  Banana Republic و سیستمی ده‌وڵه‌تی موڵكانه‌ستێن Rentier State.
***
لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵدا، كۆمه‌ڵگه له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تدا پاسیڤ، نابه‌رهه‌مهێن و به‌رخۆره‌ . ئه‌م جۆره‌ له‌ سیستم دواجار عه‌قڵیه‌تێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و به‌های سیاسی و كولتووریی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی کە له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ت و به‌های دیموكراسیدا نایه‌ته‌وه‌.
***
له‌ غیابی داوده‌زگەی دیموكراسیدا، ئەم جۆرە سیستمە بەتایبەتیش ئەوانەیان کە بە سیستمە موڵکانەستێنەکان ناسراون، كه‌مینه‌یه‌كی ئۆلیگارشیی ده‌وڵه‌تمەدار دروست ده‌كات کە پاشان ده‌بنه‌ خێڵێكی سیاسی و وردە وردە ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ داگیر ده‌كه‌ن. ئه‌م سیستمه‌ به‌شێوه‌یه‌ك‌ له‌ شێوه‌كان سیستمێكی هیراركی و خێڵه‌كی داده‌مه‌زرێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ بریتی نه‌ته‌وه‌، ئینتیمای هاووڵاتی بۆ نوخبه و تاکەکەس‌ ده‌بێت و له‌ بریتی نیشتیمانیش، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانی. پێوه‌ندی هاووڵاتی به‌ نیشتیمانه‌وه‌ له‌م جۆره‌ سیستمانه‌دا، پێوه‌ندییه‌كی ماڵیی ڕووتی نێوان هاووڵاتی و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌. لە هەمان سۆنگەوە هاووڵاتیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو ببنه‌ به‌شێك له‌ حكومه‌ت/حیزب، چونكه‌ حكومه‌ت/حیزب له‌م سیستمانه‌دا بۆ خۆیان ده‌بنه‌ كۆمپانیایەکی گەورە. بۆیه‌ هه‌ر چوونه ‌ده‌ره‌وه‌یه‌ك به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌، هاووڵاتی ڕووبه‌ڕووی سزا و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین و له‌ده‌ستدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ نهێنی نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنی كارا و دواجار یاخیبوون و بەرپاکردنی شۆڕش دژ به‌م سیستمانه‌.
***
ساڵانێکە دەسەڵاتی کوردی له ‌ڕێی بڕین‌ یاخود بڕینەوەی مووچه‌ به‌ ناوی جیاجیاوه‌، دەستکارییەکی وردی هەندەسەی هه‌موو هێز و گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەکات. لە سایەی ئەم شێوازەی حوکمڕانیدا، ئه‌م هێز و گروپانه‌ تا دێن له‌به‌ر یه‌ك و له‌ناو یه‌كدا هه‌ڵده‌وه‌شێن و گۆڕانی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ئینتیمایاندا دێت. ئێمه‌ ساڵانێکە شاهیدی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌كی وردی هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانین له‌لایه‌ن سیستمه‌كه‌وه‌، شاهیدی گۆڕانێكی سیستماتیكیی ئینتیمای ئه‌و گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ین کە لە ڕێگەی بڕینەوەی مووچە یان بڕینی مووچەوە پێگه‌ چینایه‌تییه‌كانیان ده‌ستكاری ده‌كرێت و ئاڵوگۆڕیان پێ ده‌كرێت. ئێمە هەر ئێستا شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو چینە مەترسیدار و نوێیەی کوردەوارین کە ساڵانێکە لە کایەی سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا بە پریکاریا ناسراوە. بێگومان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌م پرۆسه‌یه‌ خودی دیموكراسی خۆیه‌تی، چونكه‌ ئیتر شتێك نامێنێت به‌ ناوی چینی ناوه‌ڕاست؛ ئه‌و چینه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانی ئه‌و، دیموكراسیی نوێنه‌رایه‌تی داده‌مه‌زرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت. 
***
پاش زیاتر لە سی ساڵ، دیموکراسیی کوردی تا دێت لە هەندێک ڕووەوە دەچێتەوە سەر مۆدێلی دیموكراسیی ڕووسی، ئه‌و مۆدێلەی ڤلادیمێر پووتین له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بووە سەرمەشقی و حاڵی حازر وه‌كو قه‌یسه‌رێكی سته‌مكار تا دێت ته‌نگ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی ڕووسی هه‌ڵده‌چنێت. 
***
دیموکراسیی ڕووسی کە تیۆرێسێنەکانی لایەنگری پووتین بە "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا" ناوی دەبەن، ساڵانێکە و بەتایبەتیش پاش زەلیلکردنی ئۆپۆزسیۆن و پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی تەنها لەلایەن یەک حیزب (ئەدینیا ڕووسیا) و یەک کەسەوە (ڤلادیمێر پووتین)، بووە گەمەیەک کە سەرەڕای هەڵبژاردنی بەردەوام، ڕێگە بە هیچ دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات نادات.

ئامانجەکانی "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا" هەروەکو میخائیل کاسیانۆڤ دەڵێت: "چڕبوونەوە و کۆنترۆڵکردن و خۆبەخاوەنزانینی دەسەڵاتی سیاسییە بە هەر نرخێک بێت". لێکەوتەکانی ئەم دۆکترینە مەترسیدارەش هەروەکو ناوبراو دەڵێت: "پایەدارکردنی پۆپۆلیزم و بێ بەهاکردنی یەکبینەی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان و دوورکەوتنەوەیە لە بنەماکانی یاسا و دیموکراسی".
***
 یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی سیستمی سیاسی و حوکمڕانیی ڕووسیا، پشتبەستنە بەو هێزگەلەی کە بە ڕووسی پێی دەوترێت سیڵۆڤیکی. سیڵۆڤیکی کە مەبەست لێی پیاوە بەهێزەکانە، ئەو کاراکتەرانەن کە پێشینەی کاری سەربازی و ئەمنییان هەیە و لە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیادا کاریان کردووە و هاوڕێ یان جێپەسنی پووتین خۆین. ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی ئەمڕۆی ڕووسیا دەسەڵاتی سیڵۆڤیکییەکان؛ پیاوانی داودەزگە ئەمنی و جاسووسییەکانی ڕووسیان، بێگومان بە پووتین خۆیشیەوە.
***
دیموكراسیی کوردی بە هەمان شێوەی هاوتا ڕووسییەکەی، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌مه‌ی سیاسی ته‌نها له‌ ده‌ستی یه‌ك نوخبەی سیاسیدا. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و لە سایەی نەوتی ڕژاو و پاشان گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن نەوەی دووەم و سێیەمی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین. دەرەبەگایەتییەک کە تا دێت ڕووبەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەسکتر و برەو بە بووژانەوەی ناوچەگەرێتی و سەلەفییەتی ئایینی دەدات. له‌ هه‌مووشی ترسناكتر و بەپێچەوانەی سیستمە دیموکراسییەکانەوە، ئه‌م مۆدێله‌ی حوكمڕانی پێویستی به‌ شه‌رعیه‌تپێدان نییه‌، لەبەرئەوەی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ هێزی چەکدار و داودەزگەی ئەمنیی جیاجیا و پۆلیس و میلیشیای هه‌واداری خۆی له‌ ده‌وره‌. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كیش لە میانەی گەندەڵیی سیستماتیکییەوە، ژمارەیەکی زۆر كۆمپانیا و هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان پشتیوانی لێ دەكه‌ن.
***
قسه‌کردن له‌ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان هه‌روه‌کو چۆن قسه‌کردنه‌ له‌ گۆڕینی ئەم مۆدێلەی دیموکراسی و حوکمڕانی، به‌هه‌مان شێوه‌ قسه‌کردنه‌ له‌‌ دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی مەترسیداری ئه‌م نه‌وه‌ سیاسییه‌ش، ئەو نەوەیەی کە پاش مردن و پیربوونی سەرکردەکانی نەوەی یەکەم و لەڕێی مۆنۆپۆلکردنی داودەزگە ئەمنییەکانی حیزبەوە، جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. نەوەیەکی بێ سەواد، بەڵام هەڵگری هەمان کولتووری "دیموکراسیی دەسەڵاتی باڵا"ی ڕووسین و تا دێت ئەمانیش ڕەوایەتی لە "سیڵۆڤیکیای کوردی"یەوە وەردەگرن!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن