900وتار

تەكنەلۆژیای جەنگ.. ئاسایش و بەرگری نەهێشت!

1/14/2020 4:03:00 PM
مەلا بەختیار


جیهانگیری فرە جەمسەری
وڵاتانی رۆژئاوا، تەنها لەڕووی ئابوری و راگەیاندن و بازاڕی ئازادەوە، بەرەو جیهانگیریی پێشنەكەوتون. هاوشانی سەرجەم پێشكەوتنەكان، پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای جەنگ، ئەگەر زیاتر لە بوارەكانی تر پێش نەخرابێ، كەمتر نییە. هۆكاریشی زۆرن. وەكو:
لەلایەكەوە، دوو جەمسەریەكەی سەردەمی جەنگی سارد، كەرت كەرت بووەو چەندین جەمسەری گەورە گەورە پەیدابون و، لەناوخۆیاندا لەسەر بەرژەوەندیی زلهێزەكان مەترسین. جگە لەروسیا و چین، لەولاشەوە بەرازیل و هیند و كۆریای باشور.. تاد. واتا لە فرە جەمسەری جیهانگیریداین.. نەك تاك جەمسەریەكەی فۆكۆیاما كە راست دەرنەچوو!
زانست و زانیاری، وەكو كاریگەرترین بواری ژیان و بەرژەوەندی، تەنانەت بۆ دۆزینەوەی نهێنیەكانی گەردونیش، دەمێكە لە مۆنۆپۆلی چەند وڵاتێك نەماوە، لەپێشكەوتنی ستونیشەوە، گۆڕدراوە بۆ پێشكەوتنی ئاسۆیی. واتا:
داهێنانە زانستیەكان، لەهەموو بوارەكان، كراونەتە رێسای پێشكەوتنی ئابوری، تەكنەلۆژی، كۆمەڵایەتی، كولتوری، تەندروستی، ژینگەو تەنانەت زانیاری لەسەر وردو درشتی ژیانیش. یەكێك لە خەسڵەتەكانی زانست و زانیاریش، لەم سەردەمەدا، ئەوەیە كە بەخێرایی، لەناو خەڵكدا، بەهۆی گوگڵ و بە حوكمی پەرەسەندنی سیستەمی ئەلەكترۆنیەوە، دەكرێتە بەشێكی وشیاری رای گشتی و پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی و پێشخستنی ئابوری ئازاد. بۆیە، سەرجەم زانكۆكان و ناوەندە زانستیەكانی جیهان، زانستی سروشتیان كردۆتە بنەمای میتۆدەكانی خوێندن.
سەرەڕای نەمانی جەنگی سارد، ململانێ لەسەر بەرژەوەندیەكان، لەسەر بازاڕی جیهانگیری قوڵ و هەمەلایەنەیە. زلهێز و جەمسەرەكان، لەسەر ناوچەی نفوز، بەردەوام ناكۆكیەكانیان دەگاتە ئاستی جوڵاندنی هێزی زەمینی، دەریایی، ئاسمانی و ئیستیخباراتی، هەموشی لە پروپاگەندەی میدیاوە دەستپێدەكات.. تاد. لەبەرئەوەی سیستەمی جیهانگیری لە سەر ئاستی جیهان، جارێ‌ بەپێی هاوسەنگی بەرژەوەندیەكان جێگیر نەكراوە و هێشتا دەوڵەتان بەهێزی رەق و نەرمەوە، خەریكی هەڵلوشینی بەرژەوەندی یەكترن. بۆیە..
وڵاتانی جیهان، دەهەیەكە زۆر زیاتر لە سەردەمی جەنگی سارد، سەرقاڵی كێ بەركێی خۆپڕچەك كردنن. چەكی ئەم سەردەمەش، تەنانەت چەكەكانی سەردەمی جەنگی ساردیش، لەچاویا كاریگەریان كەمبۆتەوە.
كۆی ناكۆكی و ململانێكان، لەسەر بەرژەوەندیەكان، وای كردووە، زیاتر لە جاران، بودجەی عەسكەری زلهێز و لاوازهێزەكان، ساڵ دوای ساڵ زیاتر بكرێ. بۆ نمونە: چین (370) ملیار دۆلار و ئۆروپا (320) ملیار و ئەمریكا (479) ملیار دۆلاریان ساڵی (2019) بۆ بواری تەكنەلۆژیای جەنگ سەرف كردووە (بڕوانە: الانصات المركزی- 6/1/2020، ل:49)ئەم بودجە عەسكەریە بۆ (2019)ی چین تەرخانێكی ترسناكە.. كە زلهێزەكان، لەپێشەوە ئەمریكا، بێڕادە حسابی بۆ دەكات. تایبەت هێزی دەریایی، چونكە گەورەترین كێشە لەنێوان زلهێزەكاندا، لەسەر دەریای باشوری چین هەیە.. كە (30%)ی پاپۆڕەكانی بازرگانی جیهانی بەوێدا تێدەپەڕن.
(جی پی ئێسی) نیشان شكێن!
چەشنایەتی چەك، ئامانجە دورونزیكەكان، وەكو یەكن بۆی. زۆرێك لە وڵاتان، چەكی كوشندەی دورهاوێژیان هەیە(ئەتۆمیش نیە) بەڵام وێرانكەرو و ئامانجیش لەسەدا سەد دەپێكن. موشەك و تۆپی دورهاوێژ، یان فڕۆكەی جەنگی هەمەچەشن، تایبەت فڕۆكەی ئاراستەكراوی بێفڕۆكەوان، ئەوەندە بەسە ئامانجەكەیان بخرێتە ناو (جی پی ئێس)ەوەو لە مەترێكی چوارگۆشەدا، نیشان دەشكێنن. پێكانی ئامانج وەكو گاڵە و گاڵتەی مناڵانی لێهاتوە. بەبێ ئەوەی زلهێزەكان زۆر جار پێویست بكات، هێزی پیادەش بەكاربهێنن.
لەناو هاوكێشە سیاسیەكانی ئێستادا، لەناو پرۆسەی ململانێی جیهانی و ئیقلیمی و نیشتمانیدا، بەتایبەتی ئاستی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاری و تەكنەلۆژیای جەنگ؛ لە رووی ئاسایشی نەتەوەیی و ئابوری و تەكنیكیەوە، بۆ هەژمونی زلهێزەكان لەسەر ئاستی جیهان، كەمترین بەربەستیان لەبەردەمدا ماوە. تەكنەلۆژیای زانیاری، رۆدەچنە زۆربەی كون و كەلەبەری نهێنیی وڵاتان، حكومەتەكان، وەزارەتی بەرگری و ژورە داخراوەكانی عەسكەریەوە. كەم هاتوچۆیەكی عەسكەری، چ بۆ قافڵەی سەربازی، چ بۆ سەركردەو فەرماندەكان، چ بۆ گواستنەوەی چەك و تفاقی عەسكەری، نهێنییان دەپارێزرێ.. لەمانگی دەستكردەوە، پۆلە هەڵۆئاسا، زومی هەزاران كامێرایان لەسەرە! هەموو چەكێكی قەدەغەكراویش، یان لە ژێر كۆنترۆڵی زلهێزەكاندایە.. یان لە ژێر فشاری ئابوری نێودەوڵەتی، رێگەی دروستكردنی دەگرن.
لەرووی كاریگەری تەكنەلۆژیای جەنگیشەوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم قۆناغەدا مەحاڵە بتوانن، زاڵبن بەسەر چەكی كوشندەی دورهاوێژی زۆرو زەبەندی زلهێزەكان، بەتایبەتی ئەمریكاو روسیا.. تاد. وا خەریكە چینیش دەچێتە ریزیانەوە. بۆیە، پێمانوایە هەر وڵاتێك، بیەوێ نیشتمان و نەتەوەكەی بپارێزێ، وەكو ژاپۆن، یان كۆریای باشور، یاخود ئەڵمانیای دوای جەنگی دووەم.. پێویستە ئاشتی نێونەتەوەیی و ئاشتەوایی ناوخۆیی بكاتە ستراتیژی خۆی، یان چەشنی؛ سنگاپورە، مالیزیا و هەندێك وڵاتی پێشكەوتووی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، دوربكەوێتەوە لە شەڕو شۆڕو ململانێی زیانبەخش. لەبەرامبەردا پرۆژەی تەكنەلۆژی، ئابوری، گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی و ژیانی كۆمەڵایەتی پەرە پێ‌ بدات. نەك لەڕێگەی هەڕەشەی جەنگەوە (خۆیان و دۆستەكانیانەوە) یان لەرێی كێ بەركێی تەكنەلۆژیای جەنگیەوە، یاخود پێكەوەنانی سوپاوە، بویسترێ، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باڵا دەست بن و بازاڕ كۆنترۆڵ بكەن. لە باشترین حاڵەتدا، ئەم وڵاتانە دەبنە بازاڕی ساغكردنەوەی چەكەكان.. وڵاتانی كەنداو، كە زیاتر لە (150) ملیار دۆلار گرێبەستی كڕینی چەكیان هەیە، باشترین نمونەن، ئەمە لە كاتێكدا سعودیە سەدەیەكە، وڵاتەكەی مەترسی راستەوخۆی لەسەر نییە، كەچی تێوەگلاوەتە كێشەی ئیقلیمی و تایفەگەریەوە. ئێرانیش كە بەرهەمهێنەری تەكنەلۆژیای جەنگە، نمونەیەكی ترە كە چۆن خراوەتە ژێر ترسناكترین فشاری ئابوری و جەزرەبەی عەسكەری. لە سێ‌ دەهەی رابوردوودا، بێڕادە زیانی ئابوری پێ‌ گەیشتووە. لەهیچ ناوچەیەكی نفوزیشیدا، سەقامگیری نییە. لە (3/1/2020)یشدا، تیرۆركردنی سەردار سلێمانی، كە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، فەرماندەیەكی كەم هاوتا بوو، توانای ئەمریكای لە جەزرەبە لێدانی كوشندەدا دەرخست.
سەردەم و دەستەبەری نیشتمانی
باشترین دەستەبەری نیشتمانی، بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو، ئەوە نییە سوپاكانیان چەكدار و مەشق پێ بكەن. تەنانەت ئەوەش نیە گیانی گیانبازی سەرباز و خاوەن عەقیدەكان، تاڕادەی خۆكوژی، ساز بدەن و بیان كەن بە گژ دوژمندا، ئەمەش باوی نەماوە. باشترین بەڵگەش، تەفروتوناكردنی قاعیدەی ئەفغانستان و كوشتنی بن لادن، تێكشكاندنی داعش و كوشتنی بەغدادیە.. پێشتریش، تێكوپێكشكاندنی سوپای عێراق لە كوێت و عێراقدا، تا گرتنی سەدام لە كونەكەیدا.. تاد.
لەدوای جەنگی دوەمی جیهانەوە، دەركەوت، زلهێزەكان بە تەكنەلۆژیای جەنگ، بەرامبەر دەوڵەتان دەتوانن زاڵبن. تەنانەت، لەدوای جەنگی ساردەوە، خەباتی چەكداری گەلانی ستەملێكراویش، تەوژمی شۆڕشگێڕانەی شەستەكان و حەفتاكانیان نەماوە. ئێستا، سەرجەم شۆڕشە چەكداریەكانی گەلانی ژێردەستە، لەناو بازنەی داخراوی قوربانیدا، دەسوڕێنەوە. ئیسرائیل، تەنها لەڕووی تەكنەلۆژیای جەنگەوە توانی رێگە نەدات لە لوبنان، سوریا، میسر و ئوردن، فەلەستینیەكان یەك گوندی فەلەستینیش ئازاد بكەن. هەر لە رێگەی زانیاری و تەكنیكی پێشكەوتوشەوە، توانییان باشترین سەركردەكانی رێكخراوی رزگاری خوازی فەلەستین و حەماس و جیهادی ئیسلامی لەناوبەرن. هەر ئێستا روسیا، بە تەكنەلۆژیای جەنگ خەریكە مقاومەتی چەكداری سوریا تێك بشكێنێ‌! چەند ساڵێك لە مەوبەریش، بزوتنەوەی ئیسلامیەكانی شیشانیشی لەناوبرد و بە موشەكی دورهاوێژ، سەركردەكەشیانی لە ئۆفیسی خۆیدا، كوشت. دەشزانین توركیا، ئەگەر بەهۆی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوی ناتۆوە نەبێ‌، نەی دەتوانی (36) ساڵی رەبەق (pkk) لە خەباتی چەكداریدا، لە شاخەكاندا قەتیس بهێڵێتەوە.
وڵاتان، باشترین دەستەبەریان، تەنها ئەوەیە كە زانست و زانیاری پەرەسەندن پەرەپێبدەن. پەروەردەی ئەقڵ، لە دەستەبژێرەوە بۆ پەروەردەی زۆرترین ئەقڵی خوێندكارانی زانكۆ، خوێندنی باڵا.. بەڵكو لەباخچەی ساوایانەوە، دەست پێبكەن. ژێرخانی ئابوری و بواری پیشەسازی لە قاوغی كلاسیكیەوە بۆ مۆدێرن بگۆڕن. ژن و پیاو یەكسان پێ‌ بگەیەنن و تێ‌ بگەیەنن. سامانی وڵات بكەنە سامانی نیشتمانی و داهاتی وڵات بە پاكی بخەنە خزمەتی پێشكەوتن و دژایەتی گەندەڵی. چونكە گەندەڵی، ترسناكترین دوژمنی ناوخۆیە، بۆ روخاندنی ناوخۆیی.
ئەو بنەماو ئەركانە لە بوارەكانی ئابوری، پەروەردە، پیشەسازی و سیستەمی دادپەروەری، دوور لە ئەقڵی تایفەگەری كۆنەپەرستی و، ناسیۆنالیستی شۆڤێنی و، چەپگەرایی بانچەپ، دەتوانن دەستەبەری نیشتمانی بن، نەك لاسایی كردنی زلهێزەكان لە تەكنەلۆژیای جەنگ و خۆسازدان بۆ جەنگی نابەرامبەر، كە ئەنجامەكەی شكستە. هەروەكو بینیمان و دەبینین!!
لەكۆتاییشدا دەڵێین: كام ئەزمون، سەركەوتووە، كۆریای باشور، كە وازی لە جەنگ هێناو سەرگەرمی پێشكەوتن و دیموكراسی بوو. یان كۆریای باكور، كە نیو سەدەیە سەرقاڵی كێ‌ بەركێی تەكنەلۆژیای جەنگ و چەكی ئەتۆمییە، بەڵام سیستەمێكی تۆتالیتاری دەسەپێنێ‌ و خەڵكێكی هەژار بەزەبر رادەگرێ‌.. لەكاتێكدا خەڵكەكەی ئاواتیانە وەكو هاونەژادەكانیان، لە كۆریای باشور بژین؟!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن