ئەنفال؛ تراژیدیای نەتەوەو ئۆباڵی ئێستامان!! (بەبۆنەی 31/مین ساڵیادی ئەنفالەوە)
4/14/2019 10:47:00 PM
مەلا بەختیار
ئەنفال، كارەسات و دەستەواژەیەكی ویژدان هەژێنە. چاوگەكەی بۆ وشەی (نفل)ی عەرەبی دەگەڕێتەوە، واتا (غنیمة= دەستكەوت)ی جەنگ. لەسورەتی (8)ی قورئانی پیرۆزداو لە ئەحكامی ئایەتی یەكەمدا هاتوە: بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبانەوە، لەسەر ئەنفال لێت دەپرسن بڵێ ئەنفال بۆ خواو پێغەمبەرەو لەخوا بترسن و لەنێوان خۆتاندا ئاشتەوایی بكەن و ملكەچی خوداو پێغەمبەر بن گەر ئیماندارن...
هۆكارەكانی ئەم سورەت و ئایەتەش، لەلایەن توێژەرانی قورئانەوە بۆ جەنگی (بەدر) دەگەڕێتەوە، كە لاوان وتویانە، دەستكەوت بۆ ئێمەیە، چونكە ئێمە شەڕەكەمان دەستپێكردو پیرانیش وتویانە، پاڵپشتان بوین و ئێمە نەبوینایە تێكدەچون... تاد.
لەم ئاماژانە، دەمەوێت تەنها ئەو راستیە دەربخەم كە ئەوكاتەش، دەستكەوت و دەسەڵات، كاریگەریەكی بێڕادەی لەجەنگی (فتوحات!)دا هەبوو. تەنانەت لەسەر دەستكەوت، (نەوەی نوێ)ی ئەو سەردەمەو (نەوەی پێشتر)یان، ناكۆكیان هێندە قوڵبوە، بە سورەت و ئایەتی قورئان، چارەسەری خوداییان بۆ دۆزراوەتەوە. دوای ئەوەش، هەمیشە لەشكركێشی سوپای ئیسلام، ئەنفالی كردوەو (دەستكەوت=تاڵان)ی بەپێی شەریعەت، دابەش كردووە. تەنانەت نێرینەو مێینەش.
هەشت ئەنفالەكەی بەعس، كە حەوتیان لە سۆران نشین و ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتی و یەكێكیان لەبادینان و ناوچەكانی دەسەڵاتی پارتی رویانداوە، لەگەڵ سورەتی هەشتی قورئاندا، ویستراوە رێك و پێك بێتەوە. بەڵام دیارە، هەردوو رۆژگار، زۆر جیاواز بووە.
گەلانی غەیرە عەرەب، لەسەرەتای لەشكركێشی ئیسلامدا، بەرگرییەكی سەرەتاییان لەخۆیان و باوەڕ و نەریتیان كردووە. حیزب و سەركردەو ئایدیۆلۆژیەت، یان شۆڕشی رزگاری، بەڵكو بزوتنەوەی نەتەوەی هەرنەبووە!
لەم سەردەمەدا و لەكۆتایی سەدەی بیستەمدا، نەتەوە یەكگرتوەكان، دادگای نێودەوڵەتی، دیموكراسی، كۆنگرەی ئیسلامی، مافی مرۆڤ، خەباتی رزگاریی گەلان، بزوتنەوەی مەدەنی، ژنانی یەكسانیخواز، رای گشتی، دوو كامپی سەرمایەداری و بەناو سۆسیالیستی هەبوون. عەرەب، عەرەبی دەشتەكی و ناكۆكی سەردەمی كوێرەوەری نەبون. خاوەن (21) دەوڵەت و سیستەم و یاسا و رێسا بون. خۆشیان بە خاوەنی پەیامی رزگاری و یەكێتیی نەتەوەیی دەزانی. گوایە دژی ئیسرائیل و لایەنگری رزگاری فەلەستین بون.
گەلی كوردستان، لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، تەنها داوای مافە رەواكانی كردوە. كەچی لەدوای (1958)وە، ساڵژمێری تاوانەكان لەسەر دەستی حكومەتەكان، هەتا هاتوە بەرزتربۆتەوە، گەیەندرایە تراژیدیای ئەنفال، كە دادگای تاوانەكانی عێراق بەجینۆسایدی ناساند.
بەعس، بە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیەتی شۆڤێنیزمی عەرەبی، كە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەكەی، گەڕایەوە بۆ رەگەزەكانی فاشیەتی نەتەوەیەكی دواكەوتوو. واتا:
سیستەم و حیزبی بەعس، بەوپەڕی باوەڕی ئایدیۆلۆژیەوە، تەنها بۆ دەستكەوت، ئەنفال و كیمیابارانی نەكرد، بەڵكو بۆ سەپاندنی ستراتیژی (شۆڤێنی- فاشی) لەناو بزوتنەوەو دەسەڵاتێكی دواكەتووی عەرەبیدا، تاوانەكانی ئەنجام دەدا.
لەسەردەمی كوێرەوەری و سەرەتاكانی لەشكركێشی (ئیسلام و عەرەب)دا، ئەگەر دەستكەوت ، بەپاساوی ئیسلامی، هاندەری سەرەكی جەنگاوەرانی ئیسلام بوبێ، بێگومان لەكاتی ئەنفالی بەعسدا، عێراق یەكێك لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی ناوچەكە بوو. نرخی بەرمیلێك نەوت دەگەیشتە (100) دۆلار و دەوڵەتانی كەنداویش، سەدان ملیار دۆلاریان لەجەنگی دژی ئێران و كورد بۆ سەدام دابین دەكرد. رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی دونیاش پشتیوانی بەعس بون.
جەنگی عێراق و ئێران، لەناو هاوكێشەكاندا، فاكتەری دەرەكی روداوەكان بوو، نەك هۆی بنچینەیی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئەنفالكردن. ئەگەر دیقەت لەستراتیژی ئەنفال لە (8) قۆناغدا بدرێ و ئەو لەشكر و توانا سەربازیەی بۆی تەرخان كرابوو، لەدۆڵی جافایەتیەوە هەتا دەگاتە بادینان، بە زەقی دیارە كە ئەنفال، لەسەر بنچینەیەكی سیستەماتیكی ئایدیۆلۆژیەتی بەعس، ئەنجامدراوە. بۆ؟
چونكە دەسەڵاتی دواكەتوو، كاتێك ئاوێـتەی ئایدیۆلۆژیەتی شۆڤێنی و ئاین و مەزهەب دەكرێ، مەترسیدارترین سیستمەمی حوكمڕانی بەرهەم دێنن. هەربۆیە لەكاتی تەنگانەدا بەئاسانی دەبنە فاشی.
رەگەزەكانی فاشیەت، لەئیسلامگەرای تۆتالیتاری كۆمەڵكوژیدا بێ، یان لەدەسەڵاتی شۆڤێنیزمدا شاردرابێتەوە، هەمیشە هەڕەشە لە رەچەڵەكەكان دەكەن. تەنانەت، هەڕەشەن بۆ سەر جوگرافیی سیاسیش. ئەنفالكردنی كوردستان و توركمان لەكوردستاندا، هی فەیلیەكان و شیعەكان لەعێراقدا. داگیرو تاڵانكردنی كوەیت. بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و وێرانكاری لەئێراندا. هەموو بەڵگەی رەگەزەكانی فاشیەت و شۆڤێنیەت و تایەفەگەرین. كە بەعس بەرجەستەی دەكردن.
دەسەڵاتەكانی كوردستان، كە زادەی ژیانی حیزبایەتین، پێشتر وەكو بزوتنەوەی كوردایەتی، بەپاساوی نەبونی پشتیوانی ستراتیژی نێودەوڵەتی و پرۆژەی دیموكراتیزەكردنی حكومەتەكانی دیكتاتۆری لەدونیا و ناوچەكەدا، هەردەم حیزبە كوردستانیەكان، لەنێوان روخاندنی بەعس و دانوستان لەگەڵیدا، تەراتێنیان دەكرد. بۆیە ناسنامەی فاشیەتی عێراقیان ساغ نەدەكردەوە. بەڵام لەدوای راپەڕین و بڕیاری (688-1990)یشەوە، ئەو تەراتێنە ئاشكرا و نهێنی هەر درێژەی كێشا. بەهەرحاڵ.. دەپرسین: (28) ساڵە حوكمڕانیمان هەیە. پەرلەمانمان هەیە. راگەیاندنی بەرفراوانمان هەیە. دەی بۆچی هەتا ئێستاش، روانگەیەكی ستراتیژیمان، بۆ پرسی ئەنفال و كیمیاباران نییە؟
دیارە ئەنفال و كیمیاباران، بڕیاری باش دەربارەیان دراون. وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان هەیە. موچە و هاوكاری و ئاوەدانی ئەنفالستەكان باشە، بەڵام رەخنەی بەندە ئەوەیە، كە ئەنفال و كیمیاباران، وەكو داینەمۆی پرسی نەتەوەیی لەباشوری كوردستان، كاری هەمەلایەنەی لەسەر نەكراوە. بەتایبەتی سەردەمەكە، زۆر زیاتر لەسەردەمی جەنگی سارد، یارمەتیدەرە بۆ پرسی ئەنفال و كیمیاباران.
كارەساتەكە زۆر گەورەترە لەو هەوڵانەی بۆ ئەنفال و كیمیاباران دراون. كوەیت (600) قوربانیان لەسەر دەستی سەدام هەیە، كەچی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ملیارەها دۆلار قەرەبوو وەردەگرن. لەكوردستاندا، سەرۆك كۆمارەكان كوردن، یەك لەسەر چواری پەرلەمانی عێراق كوردن. جێگری سەرۆك وەزیرانی كابینەكان كورد بون، چەندین وەزیر كوردن. حكومەتی هەرێمیشمان هەیە. كەچی ئەپاڕێینەوە، لەهەڵەبجە و كەلار و خانەقین و شنگال، هۆڵێك یان باخچەیەكمان بۆ بكەن. هەتا ئێستا نە موچەی قوربانیان و نە قەرەبوی كارەساتەكان، لەكولەكەی تەڕیشدا باس ناكرێ. تەنها لەیادەكاندا، داوا پێشكەش دەكرێ. وا خەریكە جێبەجێ كردنی مادەی (140) لەبەغداد دەخەنە غەرغەرە. بەڵام شەڕمان لەبەغداد، زۆرتر لەسەر پلەو پۆستە!!
لەیادی ئەنفالدا، ئیتر فرمێسكی نەتەوەیی رشتن و داوای قەرەبووكردن و چالاكی نواندن، دەبێت بكرێنە سەكۆی گۆڕینی پرۆگرامی سیاسی ئەنفال و كیمیاباران، لەڕوداوی یادكردنەوەوە، بۆ پرسی تراژیدیای نەتەوەیی. ئەم پرسە لەپەرلەماندا لەهەموو بارێكەوە، یاسای بۆ پەسەند بكەن. لەدانوستانەكان لەگەڵ بەغداد، بكرێنە مەرجی پێشوەختی رێككەوتن. پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دابین بكرێ. كورتیەكەی:
هاوشانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، پرسی ئەنفال و هەڵەبجە، بكرێنە داینەمۆی خەباتی نەتەوەییمان لەعێراق و كوردستاندا. بەپێچەوانەی ئەو بۆچونانەی ساڵەهایە كە پێیانوایە، پرسی نەتەوەیی لاواز بووەو ئیتر تەنها كاتی بازاڕ و ئابوری و خۆشگوزەرانیە.
ئەوانەی پێیانوایە، عێراق دەبێتە نیشتمانی هەموان، بەبێ ئەوەی برینە قوڵەكان چارەسەربكرێ، بەبێ ئەوەی مافە مێژوییەكان بگەڕێتەوە بۆ خاوەن هەق، بەبێ ئەوەی پرۆسەی دیموكراسیی مەدەنی لەعێراقدا بەهێزبكرێ، بەبێ سەروەری یاساو جێبەجێكردنی مادەی (140) ئەوانە، بەرژەوەندی هەلپەرستی زاڵە بەسەریاندا. تەنانەت فرمێسكەكانیان لەیادی ئەنفال و هەڵەبجەدا، كەمترین شەرمەزاریان داناشۆرێ!!
لەرۆژئاوادا.. ئەوە بریتانیا و ئیسپانیا و كەنەدا، سكۆتلەندیەكان و كەتەلۆنیەكان و كیبیكەكان، نە ئەنفال كراون و نە كیمیاباران، كەچی هێشتا لەخەباتی هاوچەرخی رزگاریدان. كەچی هەن لەكوردستانی ئەنفالكراوی كیمیابارانكراوی فاشیەت حوكمڕاودا.. پێیانوایە سەردەمی خەباتی نەتەوەیی بەسەرچوە، راستیەكەی ئەوەیە ئەم توێژە هەلپەرست و مشەخۆرانە، ئەقڵی سیاسیان لەدەستداوەو بەهای نەتەوەییان نەماوە!!