511وتار

كارەساتی لوبنان و پوچگەرایی!

8/6/2020 1:17:00 PM
مەلا بەختیار



لە كاتێكدا.. هێشتا پەتای كۆرۆنا، بەشەریەتی لە دوارۆژ نیگەران كردوە.. و چارەسەری پەتاكەش، نەكراوەتە دوا دەستكەوتی زانستی.. هەتا بسەلمێ، زانست، چ ئەفسونێكی بێ ركابەرە. بەداخەوە كارەساتی تەقینەوەی بەستێنی بازرگانی لوبنان،نەك بەیروت، بەڵكو دنیاشی لەگەڵ خۆی هەژاند.

لە چركەساتێدا.. تەقینەوەیەك، كە بە هۆی قایم هەڵنەگرتنی (نەتراتی ئەمۆنیۆم)ەوە، رویدا، ژیانی لەگەڵ مەرگدا، لە جوانترین شاری رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، یەكسان كرد.

ژیانی پۆست كۆرۆنا.. كە پێ دەچێ، سەراپای بیركردنەوە لە ژیان و سیستەمی بریارەكان بگۆردرێ، پێش ئەوگۆرینە.. هەروەكو بڵێی، ئەم تەقینەوەیەی بەیروت، پێمان بڵێ: ڕوداوە چاوەروان نەكراوەكانی دەسیسەی مرۆڤی ئەقڵە وشكەكان،، كەمترنین لە ڕوداوە چاوەڕوانكراوەكانی سروشتی!! ئەوەتانێ، تەقینەوەیەك، بۆ ماوەیەكی كەمیش بێ.. پوچگەرایی ژیان دەكاتە خولیای ئەندێشەمان.. پوچگەرایی بەمانا فەلسەفیەكەی (ئەلبێرت كامۆ)م مەبەست نیە، بەو مانا خوازراوە فەلسەفیەم مەبەستە، هەرچی هەیە و نیە.. دەسەڵاتەكان، خەیاڵەكان، خواستەكان، حەزەكان و خولیاكان، لە چركەساتی تەقینەوەكەی بەیروتدا، لەگەڵ خۆڵەمێش دا، یەكسان دەبن! مەرگیش لەناو قوربانیەكان، بە یەكسانی دابەش دەبێ .. كەوابێ..

هەرچی هەیە و نییە.. پیاچونەوەی پێویستە. چونكە ژیان ئەگەر بە كارەساتەكەی بەیروتیش كۆتایی نەیەت.. هەر كۆتایی دێت. كەچی مرۆڤ. دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات.. كۆرۆنا و تەقینەوەكەی بەیروتیش, ڕای ناچڵەكێنێ.. نایكاتەوە مرۆڤی راستەقینە! بۆیە، بەردەوام مەرگی كۆمەڵكوژی، جەستەیی و رۆحی، تا چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بمێنێ.. بەردەوام دەبێ، جا لە شەنگال بوبێ ، یان ئەنفالستانی گەرمیان، یاخود هەڵەبجە و سربستان و كۆسۆڤۆ، یاوەكو رواندا.. تاد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن