دەبوایە وابین .. لە یادی ٣٢ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا
4/15/2020 1:34:00 PM
هۆمەر محەمەد
دەبوایە لە یادی ٣٢ هەمین ساڵیادی ئەنفالدا ئەگەر لەلوتکەشدا نەبین، وێنایەکی دڵگیرو دڵخوازی مافی مرۆڤ بین، کۆمەڵگەیەکی هۆشیار، ژیاندۆست و ژینگە دۆست، دادپەروەرو رەزا سوک بەرەفتاری سیاسی وکلتوریمان هەموو ئەو ئابڕوچونەی شۆڤێنیزم و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان شەرمەزار بکردایە. کەسوکاری (فەیلییەکان، بارزانییەکان، ئەنفال ، کیمیاباران، شەنگال و شەهیدانی سەنگەر) ئاسودەترین وسەلامەتترین مەخلوقی دونیا بوونایە.
دەبوو شەڕی ناوخۆ لەحەرامترین حەرامەکان بوایە، ئەگەر تاقە کوژراوێکی شەڕی ناوخۆ هەبوایە نەدەبوو لەناو گۆرستانی شەهیداندا بوایە، بەڵکو دەبوو وەک سومبلی شەرمەزاری بەتەنیا ببێت وبۆپاکانە بچونایەتە سەر گۆرەکەی. دەبوو گۆری هەموو جاشەکان لەگۆری هاوڵاتیان جیابکرابانایەوە. نەک خۆیان بەبێ شەرمی لەناوماندا بژین.
دەبوو هەڵەبجە دابماڵدرایە لەچەک و بە راستی پایتەختی ئاشتی بوایە، گەرمیان سەنتەری لێتوێژینەوەی زانستی و دۆکێومێنتی تاوانە گەورەکان بوایە، بالیسان دلگیرترین شوێنی گەشتیاری رەمزی ستەمکاری بوایە، دەبوو هەرێمی کوردستان تاک بەتاکی خەڵکەکە هێندە رەفتار بەرزبونایە نەک هەربرینی ئەنفالی ساڕێژکردایە، بەڵکو برینی شەنگال دێرسیم وعاموداو قارنێ وقەراتان و هەموو برینەکانی سارێژ بکردایەو ببوایەتە پشت وپەنای کوردستانی گەورەو هەرلێقەوماوێکی دی .
دەبوو ئەمرۆ بەئاسودەیی یادی ئەنفالمان بکردایەوەو دەسەڵاتدارانی عێراق لە دڵەوە هەستیان بەشەرمەزاری بکردایەو ببوینایە بەپەندێک بۆ سیاسیەکانی عێراق ، شەرمیان لە پۆست وپارەو کورسی بکردایەو شەرم و ترسێک لە دڵیاندا بوایە نەوێرن جارێکی تر بیر لە جاش ڕاگرتن و سوپای نانیشتمانی و تاوانی جێنۆساید بکەنەوە، بۆئەوەی هیچ پێکهاتەیەکی تری عێراق بەدەردی کورد نەچونایەتەوە.
دەبوو ئەمرۆ حزبە بەناو سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵەبجە. لەگەرمیان، لە بالیسان پەیمانیان نوێ بکردایەتەوە کە هەرگیز بیرلەشەری ناوخۆ نەکەنەوە.
دەبوو ئەمرۆلە کوردستان وەک رۆژانی جەژنی قوربان و ڕەمەزان خەڵک ماڵەو ماڵ بگەرانایەو داوای لێبوردن و گەردن ئازادییان لەهەردڵ ئێشانێکی یەکتری بکردایە. ئەوەی رۆژێک بەزۆر یان بەخوایشت بەعسی بووە، یان جاش وجاسوس بووە، شەرم دایبگرتایەو چیرۆکی شەرمەزاری خۆیان بۆ نەوەکانیان بگێڕایەتەوەو پێیانبگوتنایە ئێمە کردمان ئێوە نەکەن خۆتان رورەشی بەردەم مێژوو نەکەن.
دەبوو سیاسی کورد هێندە بەویژدان و رەفتاربەرزبێت بینینی دەرۆزەکەرێک لەسەر شەقامەکان وەک تاوان وئابڕوچونی هەرێم ئەژماربکەن.
دەبوو بۆهەر ئەنفالکراوێک و هەر شەهیدێک دارێکمان بەناوییەوە برواندایەو هەتا ئیستا بەقەد باڵای شەهید بەرزو ئەستوربوایە وشکاندنی هەردارێک وەک شکاندنی شەهید بەتاوان بژمێردرایە.
دەبوو نەوەی شەهیدان وئەنفالکراوان لە زانکۆکانی کوردستان رێزلێگیراوبن، نەک پێیان بگوترێ (بەلاشەکان) ! دەبوو نەوەی شەهیدان خۆشیان بەرسیارانەتر بێنە مەیدانەکەو باشترین وچالاکترین وزیرەکترین خوێندکاری ماف ویاسا، پەروەردە وسیاسەت، تەلارسازی هونەر "فیلمسازی شانۆ، شێوەکاری" بن دەبوو لەژینگەی هەرێمدا (هەرهاوسۆزییەک بۆ بەعس، بۆ داعش، بۆدرۆو دزی وستەمکاری) بە سوکایەتی بەئەنفال و شەهید و بە دۆسێکانیان بژمێردرایەو سزای یاسایی لەسەر بوایە. دەبوو هەر درۆیەک بەناوی (جێنۆساید)ەوە هەر بازرگانی کردنێک بەدۆسێکانیانەوە سزای یاسایی لەسەر بوایە.
بەڵام ئەفسوس ئەمرۆ لەیادی ئەنفالدا ئەوەی دەیبینین و دەیبیستین پێچەوانەکەیەتی، ئەوەی لێی دەترسین، دوبارە بوونەوەی ئەنفال وشەنگالە . ئەوەی حکوممان دەکات بەعسیزمە یان ترسناکتر لە بەعسیزم .