444وتار

بەرەویادی ئەنفال

4/12/2022 1:51:00 PM
هۆمەر محەمەد

دەبوو ئێستا لەئاستێکی بڵنددا بوینایە، شوناسی ئەنفال و هەڵبجەمان لە مەزڵومییەتەوە بگۆڕیبایە بۆ هێزی شوناس، باڵای یادەوەریمان هێندە بڵندبوایە، کلتورسازی و مرۆڤسازیمان لە ژینگەپارێزیدا رەنگی بدایەتەوە، سەنتەری توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانکۆکان لەئاستێکدا بوونایە، سیاسیەکانی عێراق و دونیایان سەرسام بکردایە، چاوو گوێی کەس هاتوهاوارو ڕەفتاری کەسانێکی نەبیستایەو نەدیبایە کە، بەسەر ئێسک و ڕوفاتی قوربانییەکاندا بگەنە پوڵ و پۆست.

ئەفسوس ..! بێ زمانی و لوتبەرزی دەسەڵاتدارو رۆشنبیر و چالاکوان وشتە عەنتیکەکانی تریان، لەئاستی ئەو هەموو خوێن ورەنجەدانین، وەک بڵێی ئێمە شایان بە ژیانێکی ئازادو شکۆمەند نەبین. هێشتا کورد لەم دۆسێیەو لەم روباری خوێنە بێ ئاگاو بێ باکە، چەندە عەیبە زانکۆکان و ئەکادیمی و توێژەران، تاوان و کارەساتی سروشتی لێک جودانەکەنەوە، چ جای خەسڵەتەکانی جەنگ و جێنۆساید؟!

چەندە شەرمە دەستوپەنجەی ئازیزانمان لە بییابان هەڵوەرێ و تێکەڵ بەلمبێ، لێرە خەریکی شکاندنی دەست وپەنجەی یەکتربین.

ئەمڕۆبێت یان سبەی دەبێت کورد ئەو دەردی بێ عەقڵییە بپەڕێنێ، کە لە ڕقی دەسەلاتداران بکوژی ئەنفالکراوەکانی لاپیرۆزبێ! دەبێت واز لەو دوڕووییەش بێنێ کە هەم هاوار دەکات ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست بەدونیا بناسرێ و هەم بەلای سینەماشدا ناچێ، سەیرە ! لەبری سەرزەنشتی دەسەڵاتداران کەهیچیان بۆ ئەنفال نەکردووە، لەخۆت بپرسە چیت پێدەکرێ ؟

ئەگەر دەتانەوێ ئەنفال بەدونیا بناسرێت، هۆیەکیش هەیە بۆ ناساندنی، ئەوە هێزی سینەمایە وای کردووە تۆ بزانیت هۆڵۆکۆست چییە؟ تۆ جارێ فێربە بەرێزەوە ناوی کەسوکاری شەهیدەکان و ئەنفالکراوەکان بهێنە ئاگات لەدەم ولفتت بێ و بەفیزو پۆزەوە پێیان مەڵێ پاشماوەی ئەنفال، ئینجا داوای گەورەتر بکە چونکە ئەوان مرۆڤن پاشماوەنین. فێربە تاوانێکی جێنۆسایدو روداوێکی سروشتی لێک جودابکەیتەوە! وەک ئەوەی ئەوهەموو خەڵکە ئاوبردبنی و بومەلەرزە کوشتبنی ! نەک جەلادەکانی بەعس؟! دەتبینم بەچ نازوفیزێکەوە قسان دەکەی، کەچی هێشتا تاوانێکی گەورەو کارەساتێکی سروشتی لێک جودا ناکەیتەوە !

ئەگەر سینەما نەبوایە چۆن جاک و رۆزت دەناسی و چۆن دەتزانی پاپۆرێک بەناوی تایتانیک نقوم بووە! سەیرە حەزت لە شیرینیەو لە ڕقی عەرەب خوێت لەخورما پێ باشترە.

تۆ رەنگە دەسەڵاتدارێک بیت یاخود خاوەن کەناڵێکی میدیای بیت، داواکاریت ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست بەدونیا بناسرێ؟ بەڵام هێندە لاوازی ڕەنگە بەقسەی مەلایەک، سەرۆک خێڵێک فیلمێک ڕابگری، رەنگە سەرنوسەری رۆژنامەیەکی حزبی و ناحزبی بیت بەڵام بەناوی ئازادییەوە رۆژنامەکەت بکەیتە مینبەری شکاندنی سینەماو سینەماکار ! (وەک لەگەڵ تەهای کەریمی جوانەمەرگ کردتان)
ئەفسوس لەدوای ئەنفال دەبوو هێندە جوان بووینایە، دوژمن دەستی نەچوایەتە کوشتنمان، چ جای ئەوەی خۆمان یەکتری لەت وپەت بکەین.

گرنگ نییەبەلامەوە ئیمانداریت یان بێدین گرنگ ئەوەیە مرۆڤێکی باش بیت. بێدین بە بەڵام مرۆڤبە، ئیمانداربە بەڵام راستگۆبە، ئەگەر خێردەکەیت؟ ئەم وڵاتە پڕە لەمنداڵی دڵشکاو، مرۆڤانێک کەپێویستیان بەهاوکارییە. دەتەوێ شەیتان رەجم بکەیت وڵات پڕەلەشەیتان، دەتەوێ جاش دادگایی بکەیت ؟ پێویست ناکات بەزمانی خۆت لە پۆلیسی ئینتەرپۆل بپارێیتەوە هەتا جاشت بۆبگرێ ! بەزمانی ئەویش داوای لێبکەیت پۆلیسی ئینتەرپول وەڵامی دەوڵەت دەداتەوە نەک تاکەکەس هەی سەلامەت بیت ؟

 داوا لەئەوروپا دەکەی جاش دادگایی بکات، چەندە داوایەکی رەوایە هێندە هەژارانەیە، چونکە ئەوان هێندە هەژارنین و ئەوەندەش مۆراڵیان بەرزنییە، ئەگەروابوایە هەر ئەنفال روینەدەدا بەلای کەمەوە لەدوای ئەنفال شەنگال روی نەدەدا، باوای دابنێین ئەوان زۆر بەمۆراڵن ئەی ئەگەر گوتیان : ببورن لەزمانتان تێناگەین ؟ ئەگەر گوتیان جارێ لای خۆتان دادگاییان بکەن ئینجا ئێمەش قسەیەکی لێدەکەین ئەی ئەوکاتە دەڵێن چی ؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن