لەیادی مەرگی هێمن قەرەداغی دا
12/24/2023 1:57:00 PM
هۆمەر محەمەد
دوێنێ شەممە٢٣/١٢ یادی چل رۆژ تێپەڕین بوو بەسەر مەرگی هێمن قەرەداغی روناکبیردا، بەداخەوە مەرگی هێمن زیانێکی گەلێک گەورەبوو لەم کۆمەڵگایە کەوت. هێمن قەرەداغی، شایانە لەگەڵیدا بژین و لەدیدو دونیابینی بکۆڵدرێتەوە.
گفتوگۆ
من و هێمن لەماوەی ٤ ساڵی پێکەوە بوونماندا لە کۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی، ئەمساڵیش لە ماوەی مانگێکی پێکەوە بوونماندا، هەر لەگفتوگۆدابووین. لەبارەی هەمووشتێکەوە لەبارەی مەرگ و ژیان و شەڕو ئاشتی و ئاین و ئایدۆلۆژیاو ژن و ژیان و خۆشەویستی سینەماو شوناسی کلتوری . خوداو ئیمان.. هتد.
لەهەندێک شوێن تەواو ئاوێتەو تەبابووین و لەهەندێک شوێنیش زۆر لێک جودابووین، بەلام رێزو خۆشەویستیەکی زۆر لەنێوانماندابوو. چونکە لەجیاوازیید زیاتر رەنگ و رەگەزەکانی خۆشەویستی بدۆزیتەوە.
ئەو پێیوابوو مرۆڤ هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە شەڕانگیز بووە، بەڵام هیچ کات وەک ئێستا سەروکاری لەگەڵ شەڕدا نەبووەو هێندە دژی ئاشتی و پێکەوە ژیان نەبووە، ئەوەندەی لە جەنگ دەدوێ، نیو ھێندە لە خۆشەویستی نادوێ. من تەواو دژی ئەوەبووم کە سروشتی مرۆڤ وابێت هۆکاری ئەو بەشت بوونەی مرۆڤ دەگێڕایەوە بۆ هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکەی، ئەو دەیگوت نا هەر بە سرووشت شەڕەنگێزە و میھرەبانی و خۆشەویستی بەمرۆڤ نامۆیە. رای وابوو ھەمووان لەگێڕانەوەی جەنگدا زیرەكن، درۆزن و زۆربڵێن، لەکاتی گێڕانەوەی شەڕو بەشداریاندا ھەست بە شانازی دەكەن، ھەست دەكەن بەشێكی گرنگن لە دونیا و ئەوەی تیایدا دەگوزەرێ... بەڵام لە باسكردنی خۆشەویستیدا تەمەڵن، كەم دوون، ھەست بە شەرم دەكەن، ھەست دەكەن باس لە شتێكی نامۆ دەكەن و دابڕاون لە دونیا. لەكاتێكدا ھەموو جەنگاوەرێك لە كرۆكدا مرۆڤێكە كە خۆشەویستی دۆڕاندووە و لە ترسی ئەوانیتر بووەتە جەنگاوەر، بۆیە داگیرکارە هەتا ئەو داگیر نەكرێت، بۆیە بکوژە هەتا خۆی نەكوژرێت، لەبەرئەوەی چیتر باوەڕی بە خۆشەویستی ئەوانیتر نەماوە...
بەڵام ئەم دیدو تێڕوانینە هیمنی والێنەکردبوو خۆشەویستی بدۆڕێنێ، ئەو لەبنەرەتەوە شەڕی بەدەستهێنانەوەی خۆشەویستی بۆمرۆڤ دەکرد. دەیگوت : ھیچ ساتێك لەو ساتە ترسناكتر نییە كە مرۆڤ ئیتر باوەڕی بە خۆشەویستی ئەوانیتر نامێنێت، كە چیتر ھەست بە سۆز و میھرەبانی و باشی ئەوانیتر ناكات، ئیتر لەم ساتە بەدواوە ھێواش ھێواش دەبێتە جەستەیەكی سارد و بیمار و بێزار لە ھەموو شتێك، بەرە بەرە دەبێتە كائینێك تەنھا ڕووە فیزیكییەكەی ژیان دەژی و لە ڕووە رۆحییەكەوە دەمرێت، دەبێتە جەلنگاوەر دەبێتە جەلاد، دەبێتە بازرگانێک و هەمووشتێک هەڵدەلوشێ و تێرناخوات.
لەبارەی ئاین و ئیمانەوە زۆر قوڵ دەدوا، هەندێکجار لەگەڵیدا توشی بن بەست دەبووم و هەستم دەکرد ئەو قوڵتر لەئیمان و ئاین رۆچووە، ئەو ئیمانی لەئاین بەلاوە گرنگتر بوو، ئەو دەیگوت مرۆڤ دەمێکە چەمکی ئیمانی بەجێهێشتووە، لەدوای مۆدێرنەو شۆرشی زانستییەوە ئیدی کاری بەو چەمکە کۆنانە نەماوە بۆئیمان. من هەتا ئەوکاتە کتێبەکەی مەعریفەو ئیمانم بەرچاو نەکەوتبوو، نەمزانی بوو هێمن لەوکتبەیدا چی وتووە! وەلێ کەئێستا لەبەردەستمدایەو بەداخەوە (لەچلەی ماتەمینیەکەی بەدەستم هێنا) باشتر تێدەگەم هێمن چەند قوڵ و عەقڵانی لەدین و دونیاو ئێمانی روانیوە.. لەو کتێبەیدا زۆر قوڵ رۆچووە لەکتێبەکەیدا مەعریفەو ئیمان ل ٧٦دا دەنوسێت: ( لەدوای شکاری دەروونی فرۆیدو پەرەسەندنی داروینەوە دەکرێت باس لەچەمکێکی دینی وەک ئیمان بکەین، کەتەواو غەیبانییەو سەربەفەزای قەناعەتهێنانێکی ناعەقڵانییە بەشتەکان، نەوەک سەلماندنێکی عەقڵانی و زانستی). بۆیە دەکرێت بڵێین هێمن خوداناس بوو نەک خوداپەرست، ئەو بیرکەرەوەیەک بوو ئیمانی لەئاین بەلاوەگرنگتر بوو، بیری دەکردەوەو نەیدەپەرست.. خودایەکی دەناسی کەجوان و میهرەبانەو فەرمانداری ئەو هەموو خوێنرشتن و تراژیدیایە نییە، ئەو جەللادی نییە هەتا لەپێناویدا خوێن بڕێژن ."