905وتار

برا گەورە لە ١٩٨٤ تاکو ئێستا
چەمکى برا گەورە لە نێوان رەخنە و ستایشدا

8/19/2020 6:57:00 PM
سوارە نەجمەدین

جۆرج ئۆروێل بە هەردوو ڕۆمانى (مەزراى ئاژەڵان و ١٩٨٤)دا دەناسرێتەوە، هەر یەک لەو ڕۆمانانە شۆڕش بوون لە دنیاى ئەدەبی سیاسیدا، بە جۆرێک دەکرێت بڵێین وێنەکردنى دیکتاتۆریەت و شۆڕش بێ ئەو دوو ڕۆمانە وێنەیەکى ناتەواو دەبوو. 
(ڕۆمانى ١٩٨٤) کە سی و پێنج ساڵ پێش ئەو ساڵە نووسیویەتى، پێشبینى کردنى تەکنەلۆژیایی دیکتاتۆریەتە، هەوڵێکە بۆ ناساندنى حیزب و چەسپاندنى ئەوەى حیزب دەیەوێت با راستیش نەبێت، بەشێوەیەک لەو ڕۆمانەدا پێمان دەڵێت حیزب بەوە ڕازیی نییە تۆ ددان بەوەدا بنێیت کە (٢+٢=٥) بەڵکو دەبێت بە باوەڕت بەوە هەبێت کە دوو کۆ دوو یەکسانە بە پێنج، ناکرێت بە زارەکى ڕێبەر کە بە (برا گەورە) وێنە کراوە خۆشبوێت، بەڵکو دەبێت لە دڵەوە بیکەیتە شوێنى گێڵفرێندەکەت. 
نووسەر لەم رۆمانەدا دەیەوێت پێمان بڵێت هەر یەکێکمان لە ژێر چاودێریداین، هەر ژوورێک لە ماڵەکانماندا، هەر کەرەستەیەک کە هەمان بێت وەسیلەیەکە بۆ گواستنەوەى دەنگ و ڕەنگى هەر یەکێکمان، لە سیستەمى تۆتالیتاریدا تۆ خاوەنى هیچ شتێک نیت، تەنها خاوەنى (برا گەورە)یت، برا گەورەش رێبەرێک نییە بێتە ناو خەڵک، بەڵکو لە رێگەى شاشەوە لە ماڵى هەموو هاوڵاتییەکدایە. 
جۆرج ئۆروێل(١٩٠٣-١٩٥٠) ساڵى ١٩٤٩ ئەم رۆمانە دەنووسێت و پێشبینى ساڵى ١٩٨٤ دەکات، پێشبینى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و خستنە خزمەتى دیکتاتۆریەتەوە، بە شێوەیەک رێبەر کە برا گەورەیە تەنها لە رێگەى شاشەیەکەوە دەردەکەوێت و تۆش پێویستە خۆشتبوێت، خۆشویستنێکى راستەقینە، باوەڕت بە هەموو ئەو شتانە هەبێت کە ئەو دەیڵێت، بە تایبەت ئەو شتانەى تەواو پێچەوانەن، نابێت بە هیچ شێوەیەک گومانت لە خۆشەویستى سەرۆک هەبێت، بەجۆرێک وەک ئیمان گەر گومانت لێى هەبێت بەتاڵ دەبێتەوە، لە ڕێگەى پۆلیسى خەیاڵەوە چاودێرى بیرکردنەوەکانت دەکەن، ئاگادارن چۆن بیر لە سەرۆک و حیزب دەکەیتەوە، ئەزانن چۆن تەماشا دەکەیت و چۆن دەتەوێت ببینیت. لەم رۆمانەدا هەردوو وەزارەتى خەیاڵ و وەزارەتى خۆشەویستى ئەرکیان ئەوەیە خۆشەویستى سەرۆک و حیزبت لە خەیاڵەوە لێ بکەن بە واقع. 
نووسەر ئەو ساڵەى ڕۆمانەکە دەنووسێت، پێشبینى سی و پێنج ساڵ دواتر دەکات، واتە ١٩٨٤، ئێستاش دواى سی و پێنج ساڵى دیکە، دەکرێت ئەو وێنانە بگوێزینەوە بۆ واقعى هەرێم و ئیستێک لەسەر چەمکى برا گەورە بکەین، کە لە رۆژگارى ئەمڕۆدا هەندێک وەک وەسف و هەندێک وەک توانج بەکارى دەهێنن، ئەگەرچى دەستەواژەى برا گەورە بە تەنها موڵکى لایەنێک نییە و دەشێت سیماى برا گەورە لە هەر حیزب و بزوتنەوەیەکدا هەبێت، بەڵام لە واقعى ئەمڕۆى کوردستاندا چەمکى برا گەورە بووە بە موڵکیەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە وەک شانازییەک بۆ کوڕى گەورەى خێزانێک بەکار دێت، کە کەسى یەکەمى حکومەتە، لە رووى دەرونشیکارییەوە گەر سەرنج بدەین، دەبینین لەناو کەلتورى رۆژهەڵاتیدا هەمیشە برا گەورە خاوەنى قسەى سەرەتا و کۆتایی بووە، رەمزى خێزان و جێى ئومێدى باوک بووە، باوک بەو مانایەى خۆى پیر دەبێت و ئمورى خێزان دەداتە دەستى برا گەورە، یاخود ئومێدى لەسەر هەڵدەچنێت، لە کەلتورى کوردیدا برا گەروە گەر تەمەنیشى زۆر نەبێت هەر برا گەورەیە، گەر بیرکردنەوەکانیشی بە جێ نەبێت هەر راوێژى پێدەکرێت، باوک لەگەڵ خۆى دەیباتە پرسە و شەکراو، نوێنەرایەتى باوک دەکات و ئەمر دەکات، تەنانەت بۆى هەیە لەبرى باوک حوکمى خێزان بکات، خوشک بە شوو دەدات و ژن بۆ براى ناوەنجى و بچوک دەهێنێت، لە دیوەخان لاى سەرەوە دادەنیشێت و دەنکى قەزانەکان دەژمێرێت و ماستاوى بۆ دەهێنن، شانى دادوە و فەرمان دەکات، کار دابەش دەکات و خۆى چاودێرى دەکات، لێپرسینەوە دەکات و دەست بەسەرى دڵخوازەکانیدا دەهێنێت. 
لە فەرهەنگى سیاسیدا برا گەورە، هەمان رۆڵى فەرهەنگى کەلتورى دەبینێت، قسەى سەرەتا و کۆتایی لاى ئەوە، بەجۆرێک عەیبەیە قسەى رەت بکرێتەوە، با هەڵەش بێت، با لە دەمیشی دەرچووبێت، دەبێت جێ بە جێ بووبێت، لە سیاسەتدا برا گەوەرە جێى ئومێدى باوکە، کە درێژە بەو پلانە بدات خۆى دایڕشتووە، رەنگە کەس وەک برا گەورە نەتوانێت تەواوکارى بەرنامەى باوک بێت، یان بە واتایەکى تر دەتوانین بڵێین ئومێدى برا گەورە لە سیاسەتدا ئومێدى مانەوەى دەسەڵاتە لە دەستى یەک خێزاندا، برا گەورە دەتوانێت پارێزگارى لەو دەسەڵاتە بکات کە نەوە دواى نەوە لە خێزانێکدا بمێنێتەوە و نەچێتە دەرەوەى ئەو پشتاوپشتە.  
لە واقعى ئەمڕۆى کوردستاندا، براگەورە کە بەهۆى دۆخى نەخوازراوى کۆرۆناوە، لە پشتى شاشەیەکەوە حوکم دەکات و فەرمان دەردەکات، دەمانباتەوە سەر هەمان وێنەى ناو رۆماى ١٩٨٤، کە لە رێگەى شاشەوە رێنمایی و فەرمان بڵاو دەکاتەوە، براگەورە لە کوردستان کە نازناوى سەرۆکى حکومەتە، دڵنیا نیم لە کەیەوە و لە کوێ و کێ ئەم نازناوەى بۆ هەڵبژاردووە، بەڵام دەبینین لایەنەکانى دیکە وەک توانج بەکارى دەهێنن و کادیر و لایەنگرانى پارتى دیموکراتى کورستان وەک شانازى پێى بانگ دەکەن، بەڵام ناکرێت ئەم نازناوە لە خۆیەوە هاتبێت و هەرکەس داینابێت بێ ئاگا بووبێت لە فەرهەنگى سیاسی و ئاگادارى ئەوە نەبووبێت کە ئەم براگەورەیە دەشێت لە مێژوودا وەک رەخنەیەک بمێنێتەوە، ئەگەر چى ئەم دەستەواژەیە بەو پێیەى هێشتا ناو لایەنگرانى پارتیدا بەکار دەهێنرێت، پێدەچێت هەر خۆشیان خاوەنى بن و وەک شانازیەک و گوێڕایەڵیەک بۆ سەرۆکى حکومەت بەکارى بهێنن. 
لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێن، یەکەمین هێرش بۆ سەر کەسایەتى سەرۆکى حکومەت،  لە ناوخۆى پارتییەوە سەریهەڵداوە، ئەویش بە بەخشینى نازناوى برا گەورە، ئەمەش بە پشت بەستن بە پێدانى پێگەیەکى گەورە بەو کەسایەتییە، بەڵام ئەم نازناوە ناکرێت بێ ئاگا هاتبێت، ناکرێت راوێژکار و رۆشنبیرانى نێو پارتى ئاگادارى ئەوە نەبووبێتن ئەم چەمکە لایەنى نەرێنى زۆر زیاترە وەک لە لایەنى ئەرێنى، ناکرێت خوێندەوارەکانى نێو پارتى کە هەر دەشێت لە باڵێکى ترى نێو ئەو حیزبەوە برەو بەوە درابێت ئەو دەستەواژەیە وەک خۆشەویستى بەکار بهێنن، بەڵام ناکرێت ئاگادارى ئەوە نەبووبێتن، کە برا گەورە لە لایەن جۆرج ئۆروێلەوە بەر لە حەفتا ساڵ بەو شێوەیە بکار هاتووە، هاوکات بەر لە سی و پێنج ساڵ بە فیلم کراوە و بەر لە پانزە ساڵ دەزگاى ئاراس (کە هەر سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە) رۆمانەکەى بە زمانى کوردى بڵاوکردۆتەوە. 
خوڵاصە ئەوەى ئەمڕۆ لە رێگەى ناو و ناتۆرەوە دەوترێت، بە دیوێکى تردا پەیوەندى بە دروستکردنى فەرهەنگى سیاسییەوە هەیە، کە ئێمە بۆ خۆمان بە سیستەم و بە بەرنامە کارى لەسەر ناکەین، بەڵکو هەڕەمەکى فەرهەنگێکى سیاسی دروست بووە، کە چەمکى بێ دیراسەى هاتۆتە ناوەوە، باشترین نمونەش ئەم چەمکى برا گەورەیەیە، کە پێناچێت هیچ لێکدانەوەیەکى بۆ کرابێت، نە لایەنگرانى برا گەورە لێى کۆڵیونەتەوە و نە نەیارەکانى لە لینکى نێوان برا گەورە و دیکتاتۆریەت تێگەیشتوون. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن