سەردەمى ناشکۆمەندى
11/22/2023 12:53:00 PM
سوارە نەجمەدین
لە ٣٢ ساڵى ڕابردوودى حوکمڕانى کوردیدا، هیچ قۆناغێک هێندەى ئێستا بێ رێزى بە تاکى کوردى نەکراوە، تەنانەت بە قۆناغى قێزەوەنى شەڕى براکوژیشەوە، گەر زێدەڕەوى نەبێت و (ئەم قسەیەشم بۆ خۆى بێ ڕێزى نەبێت) لە هەندێ قۆناغى سەردەمى بەعسیشدا هێندەى ئێستا تاکى کوردى زەلیل نەبووە.
1-دەسەڵات... بە هەموو شێوەیەک بێ رێزى بە هاوڵاتى دەکات، مووچەى ناداتێ، زۆر بە ئاسانى بێتاوان سزا دەدات و زۆرجار دز و دەغەڵ دەکات بە جوامێر و نمونەیی! بە بێ ئەوەى شەرم بکات، تا قورقوڕاگەى لە قەیراندایە و چەناگەى بەرز کردۆتەوە باسی سەروەرى دەکات.
2-ئۆپۆزسیۆن... لە مێژوودا نەبووە، ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵات ناشرینتربێت، هەزەلیترین نمونە، خاوەنپشکێکى مەعقوڵ، بە کڵاو و جامانە و کۆمەڵێک رێزەوە باى حەوت سەد هەزار کارتى جۆلانە و بابەخولێیان یاوەتێ، ئەوەش هەقى پشکەکانى. جا وەرە ئەمە پەرلەمان و وەزارەتى بچێتە دەست!!
3-سۆشیاڵ میدیا... حەشرێک سۆشیاڵ میدیا بەم نەتەوەییەى کردووە، هیچ ڕەشەبایەک بە دەوارى شڕى نەکردووە، فەیسبووک و تیکتۆک و ئینستاگرام لە حکومەتى بەعس زیاتر زیانیان بە زمان و کەلتورى کورد گەیاندووە.
4-سەرۆکى زانکۆ!... دوو سەد ساڵە بەدەست شەرحی شیعرێكی نالییەوە گیرمان خواردووە، کەچى سەرۆکى زانکۆیەک دێت و شیعرێک ئەخوێنێتەوە، بەدەست هەموومانەوە گیر دەخوات.
5-خوێندکارى زانکۆى ئەهلى... نازانم زانستەکە فێربووە یان نا، بەڵام یەقینم کوردییەکەى بیرچۆتەوە و باوکە داماوەکەى ناچار کردووە فێرى وشەکانى (سوپرایز، چاڵنج، چەینج، پۆکێت مەنى، کڵاودەکەم، ئەکاونتەکەم، واڵەکەم..) بێت.
6-دەڵێن لاى خەڵکى سلێمانى دالى وشەى (زیاد)یش زیاییە، بەڵام نەمبیستووە ڕۆمانێک سێ سەد پەڕەى زیاد بێت!! گرفت ئەوە نییە ئەو ڕەخنەگرە خۆى لێ بووە بە (ڕۆلان بارت) گرفتە گەورەکە ئەوەیە، (تۆماس فریدمان)ەکانى ئێمە ئەو وەکو (بارت) ببینن.
7-هونەرى کۆمیدى لە هەموو قۆناغێکدا بۆ ئەوەبووە پێبکەنى نەک پێى پێبکەنى.
8-سمێڵ و سەرت دەتاشن و ئاوێنەکە نادەنە دەستت بگرە، ڤیدۆت ئەکەن و بڵاوى ئەکەنەوە.
9-لە چ قۆناغێکدا بووە کچە مۆدێل لە پلە باڵا دەسەڵاتى زیاتر بێت و دادى شوگەر لە بابانوئێل میهرەبانتر بێت.
10-سەردەمى تەزبیح و ئۆکەی و پول و زارە، ئەوەى خاوەن کتێب و نووسینە هەژارە.
ئەمە تەنها دە خاڵە، دەیان دە خاڵى تر لە دەستى ئەم سەردەمەدا دەگیرێت و کەچى هەر براوەیە، کەچى زەمەنەکە هەر دەڵێى هەپی بەیازە و هیچى تیا نییە.
ئەمە دە سەرەقەڵەمە، لە سەردەمێکدا هیچ ئومێدێک نییە، گەر سەردەمى سەدام ئومێدێک هەبووایە، ئەوا ئێستا ئەو ئومێدەش نییە، چونکە ئەوەى ئێستا بنکۆڵى کردووین خۆمانین نەک دوژمن، ئەوەى ئێستا بڕستى لێبڕیوین پێمان وایە ئەو بڕستمان دەداتێ، ڕێک وەک ئەو گەلەگورگەى مەڕى داماو هاناى بۆ دەبات.
ئێستا سەردەمى ناشکۆمەندییە، رێک ئەڵێى لە ئۆنلاینەوە داوامان کردووە، هیچ بەوە ناچێت ئەو هەموو قوربانییەمان لە پێناو دابێت.