کەریم شەریف قەرەچەتانى کەى دەمرێت؟!
11/19/2020 9:33:00 AM
سوارە نەجمەدین
ئێمە فێرین بکێشین
بەڕانماندا بۆ لەدەستدانى کەسێکى گرنگ، ئێمە حەزمان لەوەیە بڵێین مەخابن قەدرمان
نەزانى، شێت و شەیداى ئەوەین دواى مردن شین و شەپۆڕیان بۆ بکەین، سەر بۆ گۆرانیەک
با دەدەین کە دەڵێت (لەپاش مەرگم چ فایدەیە بێیە سەر قەبرم لەبۆ شیوەن) کەچى هەر
لە پاش مەرگیان بیرمان دەکەونەوە.
من بۆ خۆم بۆ تاقە
جارێکیش لە نزیکەوە د. کەریم شەریف قەرەچەتانیم نەدیوە، لێ هەمیشە گوێى لێ دەگرم،
چۆن چێژ لە گوێگرتن لە د. محەمەد خانى دەبینم، بە نزیکەیی هەمان سود لە د. کەریم
دەبینم، ناوێرم بڵێم (پێموایە) ئێستا بووە بە مۆدێل (پێت چۆن بێت) بۆت دائەنێن،
ناشمەوێت بڵێم (بەڕیشی کێ ڕەوایە) چونکە وادەزانن لەگەڵ بەڕێز مەلا بەشیرمە،
لەکاتێکدا من ئەو مەسەلەى ریشە دروشمێکى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانیم بیر دەهێنێتەوە
کە دژى بە پارەکردنى خوێندن لە زانکۆى ئایندە دەیانوت (بەڕیشی کێ رەوایە، شەهادە
بە گەڵایە) کەچى ئێستا لە زۆربەى زانکۆکان شەهادە بەگەڵایە، ئەوکات زانکۆى
ئایندەیان داخست، ئەوەتا ئێستا ئایندەى ئەو کاتەیە، بزانە چی دەگوزەرێت لەو هەموو
زانکۆ ئەهلی و حکومیانە!، بەڵام زانکۆیەک هەیە بێ بەرانبەر رۆژانە لە رادیۆ و تیڤى
و ف.ب و کەناڵە جیاوازەکانەوە هاوار دەکات و کەسمان گوێى لێ ناگرین.
د. کەریم بە
زمانێکى روون و ڕەوان، بە دەنگێکى ساف و زوڵاڵ لەبارەى هەموو شتێکەوە دەدوێت،
ئەگەرچى درێژبڕى لە قسەکانیدا هەیە، کەچى لە دێڕەکان بێزار نابیت، د. کەریم
دەیەوێت چاکسازى لە کۆمەڵگادا بکات، دەیەوێت تاک چاک بکات، تاکو کۆمەڵگا چاک ببێت،
بیرمە بەدڵ حەزم دەکرد لەبەرانبەر د. هەڤاڵ ببێتە کاندید بۆ پارێزگاى سلێمانى، خۆى
ڕەتى کردەوە، ئێستا تێدەگەم ئاقڵ بوو، نەیکرد، چۆن د. کەریم بۆ ئەوە خوڵقاوە وەعز
بدات، بۆ ئەوە دەشێت بێتە نێو ماڵەکانمانەوە نەک لە دڵەکانیشمان تەرا ببێت، د.
کەریم دەزانێت کێشەکانى ماڵى هەر یەکێمان چییە، بە پەلە پێمان دەڵێت تاکو فریایی
قسەیەکى تر بکەوێت، بە یەکێکى تر دەڵێت و ئێمە سودى لێ دەبینین.
نازانم د. کەریم
کەى دەمرێت، ناشڵێم بریا ئەوە رووى نەدایە، چۆن دەزانم مردن تەنها شتە عەدالەتە،
تەنها شتە هەمووان دەگرێتەوە، بەڵام تەمەنا دەکەم وا زوو ئەوە روو نەدات، ڕەنگە
ئێستا زۆرێک گوێى لێ نەگرن، ئەو قسەى خۆى هەر دەکات، لێ دڵنیام رۆژێک دێت دەڵێن
مەخابان قەدرمان نەزانى، رۆژێک دێت خۆى نەماوە و گەنجینەیەک لە ئامۆژگارى و
رێنوێنى جێ هێشتووە، ئەوکات دەبێت دامەزراوەیەک دابمەزرێنن و بەرهەمە نووسراو و
بینراو و وتراوەکانى کۆبکەنەوە و ببێتە یەکێک لەو زانکۆیانە لە رۆژانێکدا بێ
بەرانبەر خەریکى هۆشیارى تاک بوو کە زۆربەى زانکۆکان ببوون بە تیجارى.