673وتار

کورد و ئەردۆگان و فەرەنسا

10/26/2020 9:49:00 AM
خالد سلێمان

بەهاری ساڵی ١٩٩١، کورد لەسەر سنورەکان جگە لەسەرماو برسێتی لە پای کۆڕەوێکی ملیۆنی کە لە ترسی قەتڵ و عامێکی تر لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام حسێن هەڵهاتبون؛ لە تەنیایەکی نێودەوڵەتیدا دەژیاو کەس لای لێنەکردەوە. لەو چرکەیەدا کە مناڵانی کورد لە سەرماو برسێتیدا گیانیان لەدەست ئەدا، فەرەنسا یەکەم ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بو، پرۆژە بڕیارێکی بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان خستە بەردەم ئەنجومەنەکەو لە ژێر ناونیشانی هێڵی پاراستنی ٣٦ دا پەسەند کرا.

ئەو کوردستانەی ئێستا هەیە، لەپای ئەو بڕیارەی فەرەنسادا مایەوە. دانيال میتێران، هاوژینی سەرۆکی کۆچکردوی فەرەنسا، فرانسوا میتێران یەکەم کەسایەتی نێودەوڵەتی ئەوروپی بو، لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩١دا بێتە کوردستان و ژیانی خۆی بخاتە ژێر مەترسییەوە.

ئەوەش لە پێناو شکاندنی ئەو بازنە ئاسنینەی کە کوردستانی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پێ گەمارۆ درابو. فرانسو هۆڵاند یەکێک بو لە سەرۆکەکانی دنیا بەڕەسمی سەردانی کوردستان بکات، چاوی دنیا ڕابکێشێت بۆ سەر هەرێمەکەمان، کە ئەردۆگان بۆ ئەوەی ناوی کوردستان بەزمانیدا نەیەت، ناوی لێنا (هەرێمە جوانە). فەرەنسا یەکەم وڵات بو دان بنێت بە ڕۆژاوای کوردستان و دوای ڕزگارکردنی تەواوەتی کۆبانێ، پێشوازی لە شەڕڤانان بکات و خاتو نەسرین عەبدوڵای شەڕڤان و سیاسەتمەدار ئیلهام ئەحمەد لە کۆشکی ئێلیزێ بکات و وەک نمونەی ژنانی ئازاد لە پێناو مرۆڤایەتی دەجەنگن، بیانناسێنێت. فەرەنسا یەکەم وڵاتی دنیا بو پەیمانگەیەکی کوردی لە پاریسدا بکاتەوەو زمان و کولتورو ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانیدا بخوێنرێت.


ئەمانەو چەندەها هەڵوێستی تری ئەم وڵاتە کە هەرگیز پشتی لە کورد نەکردوەو بەردەوام پۆرتاڵێکی جیهانیی گەورە بوە بۆ کوردانی هەمو پارچەکانی کوردستان. فەرەنسا لە چەندەها بواری مرۆیی و سیاسی و ئابوری و کولتوری و میدیاییدا یارمەتی کوردستان دەدات. II تورکیا گەورەترین پارچەی کوردستانی داگیرکردوە، پەلی هاوێشتوە بۆ باشورو جگە لەوەی ناوچەیەکی زۆری داگیرکردوە، ڕۆژانە خەڵکی سڤیلی کوردستان بۆردومان دەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان، عەفرین و سەری کانی و ترپە سپی داگیرکردوە. لە عەفرین تەنانەت دار زەیتونەکانیشی لە بن هێناوەو چارەنوسی کوردانی داوەتە دەست کۆمەڵێ جەردەو مرۆڤکوژی گروپە تیرۆریستەکانەوە. تورکیا دەرگای بۆ داعش واڵاکردو ئەگەر یارمەتیەکانی فەرەنساو هاوپەیمانان نەبوایە، بەیارمەتی ئەردۆگان و ئیخوان موسلمین، تیرۆریستان هەمو کوردستانیان داگیر دەکرد. تورکیا زمان و کولتورو ئەدەب و وجودی کورد ڕەتدەکاتەوەو دانی پێدانانێت.


تورکیا سیاسیە کوردەکان وەک سەرۆک خێڵ وەسفدەکات و پاریس لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازییان لێدەکات. تورکیا، کوردەکان وەک تورکی چیایی وەسفدەکات، فەرەنسا وەک نەتەوەیەک و خاوەن میراتێکی گەورەی مرۆڤایەتی ناوچەکە، تەماشایان کورد دەکات و دەیناسێنێت. تورکیا، تەنانەت لەسەر ئەنتەرنێتیش دان بەکوردستاندا نانێت و زۆری لەکۆمپانیای گوگڵ کرد نەخشەی کورستان لەسەر داتانی خۆی بسڕێتەوە. III ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئیخوان موسلمین بە ڕابەرایەتی کەسانی وەک عەلی قەرەداغی و یەکگرتوی ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانیان کردوەتە (جەوقەی) ئەردۆگان و لە ڕیزی سوپایەکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژایەتی دەکەن.


کەسیش بەلای ئەسڵی مەسەلەکەدا ناچێت کە مامۆستایەکە فەرەنسی بەدەستی تیرۆریستێک لە تەنیشت خوێندنگەکەی خۆیدا سەربڕاوە، بەڵێ سەربڕاوە، وەک چۆن داعش پێشمەرگەکانی ئێمەیان سەربڕی. ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر ترسناکە لە مێژوی ئێمەدا، جارێکی تر کورد ببێتە کەوا سوری بەر لەشکری ئەم شەڕەی ئیخوان موسلمین دژی فەرەنسا، ئایا عەلی قەرەداغی و یەکگرتوی ئیسلامی ئەتوانن ئاوەها بەردوام بن و کورد بکەنە داردەستی سوڵتانێکی (قاتل)ی وەک ئەردۆگان و بیکەن بەگژی دۆستەکانیدا؟ ئەمە پرسیارێکە، ڕوبەڕوی کۆمەڵگەو ڕۆشنبیران و ناوەندە سیاسییەکانی کوردستان دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن