459وتار

کە ڕەنگی پرتەقاڵیی دەبێتە مێژووییەکی ڕەش

1/6/2022 10:08:00 AM
خالد سلێمان

ئەوەی ئاسایشی سلێمانی بەرامبەر ژمارەیەک گەنج کردی، لە لایەکەوە زیندوکردنەوەی ترۆپکی دڵڕەقیی داعشیانەیە، لەلایەکی ترەوە ئاسایکردنەوەی فەلسەفەی هەمان دڵڕەقییەو تاماشاکردنێتی وەک هەر جوڵەیەکەی ئاسایی. هەموومان وێنەی پێشمەرگەکان و، هەروەها فڕۆکەوانە ئوردنیەکەمان بیردەکەوێتەوە چۆن بەجلوبەرگی پرتەقاڵییەوە، گەورەترین ترسیان لە یادەوەری کۆمەڵگەی کوردستان و دنیادا، ترسێکی هەڵکۆڵراو دەگاتە ئەو شوێنەی کە ئیتر تا هەتایە مرۆڤ نائارام دەکات و خەوی دڵنیایی لێ دەڕزێنێت.

داعش مەبەستی بوو، لە رێگەی جلە پرتەقاڵییەکەوە، ترسێکی بێوێنە لە دڵی خەڵکدا بچێنێت، گرنگ نەبوو سیمای ئەوانە دەربکەوێت کە لەناو قەفەسە ئاسنینەکەدا بوون یان لە دەرەوە، پەیامەکەی ئەوان چاندنی وێنەی دڵڕەقی بوو لە ترۆپکدا، هەروەها ئاسایکردنەوەی وێنەکە لە بەرچاوی خەڵکداو تەماشاکردنی کوشتن وەک هەر جوڵەیەکی تری ژیان ڕۆژانە: نانخواردن، ئاوخواردنەوە، ئەنجامدانی کارێکی ئاسایی ... هتد. ئەمەش بۆ ئەوەی کەس بەپێچەوانەی ئەوانەوە نەجوڵێت.

پەیامەکەی داعش بەباشی گەیشت و ئەوەتا حوکمڕانانی کوردو دەزگا ئەمنییەکانی لاسایی دەکەنەوە. پێمان دەڵێن ڕەنگی پرتەقاڵی باشترین نمایشی ئاستی دڵڕەقییە بەرامبەر مرۆڤ. دەکرا ئەوانەی کتێبخانەی پیرەمەگرونیان سوتاند، لە دادگادا سزای خۆیان وەربگرن و تەنانەت ڕووداوەکە نەبێتە هەواڵێکیش، بەڵام لە سایەی هەژموونی دڵڕەقی و ئاسایکردنەوەی کردەی ڕسواکردنی مرۆڤ لە ڕووبەری گشتیدا، هەموومان کەوتینە ناو جیهانەکەی داعشەوە، ڕەنگی پرتەقاڵی کەوتە هەموو شوێنێکەوە، تەنانەت ئەوانەش وا ئاکتەکەی ئاسایشی سلێمانییان ڕەخنەباران کرد، بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی دڵڕەقییەکەدا کرد.

ئاسایشی سلێمانی لەبەرامبەر ڕەخنەکاندا، باسی ئەوە دەکات کە گوایە ڕەنگی پرتەقاڵی ستاندارەو لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرێت؛ کەواتە داعشیش بەپێی ستاندارە جیهانییەکان لە ڕێگەی ڕەنگی پرتەقاڵییەوە ترس و تۆقاندن و دڵڕەقی بڵاوکردەوە، وانیە گەلۆ؟ ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی من ئەوەیە ژمارەیەکی زۆری  نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، چالاکوان و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، لەگەڵ ڕەخنەکانیاندا هەمان وێنەیان بڵاوکردەوە، وەک ئەوەی ڕەنگە پرتەقاڵییە تاکە ئامراز بێت بۆ گەیاندن ڕێخنەو ناڕەزایەتییەکان! وا دەزانن بە شاردنەوەی سیماکان، ئیتر بەرپرسارێتی هەڵناگرن، لە ڕاستیدا ئەمەش جۆرێک لە ئاساییکردنەوەی وێنەکە، چونکە لە ماوەیەکی کورتدا، ڕەنگی پرتەقاڵیی هەموو سۆشیاڵ میدیای داگیرکردو کەسیش نەیپرسی ناسنامەی کەسەکان کێن، بگرە لەبیری خەڵکیش چوونەوە، ڕەنگی جلوبەرگ، بووتە بابەتی سەرەکی. لەبنەڕەتیشدا بابەتی سەرەکییە، چونکە دڵڕەقییەکەی بێوێنەمان لە مێژوویەکی نزیکدا بیردەخاتەوە.

 لێرەدا ڕەخنەی من لەم کارەو ڕەخنەگران لە ئاسایشی سلێمانی، تەنها دەچێتە چوارچێوەی ئێتیکی بەکارهێنانی وێنەوە، هەروەها هەڵەی پیشەیی و ئێتیکی کار، هیواداریشم هەمووان دووبارە بڵاوکردنەوەی وێنەکە بوەستێنین و چی تر بەشداری لە ئاسایکردنەوەی ڕەنگە پرتەقاڵییەکەدا نەکەین. ئەوەی پەیوەستە بە ئیدارەی زۆنی سەوز (یەکێتی) و دەزگای ئاسایشەوە، ئەوە دەرکردنی ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵسان و داوای لێبووردن لە خەڵک، شتێکە ناکرێت دوودڵی تیا بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕەنگە پرتەقاڵییەکە دەبێتە ڕەنگێک ڕەش لە مێژووی حوکمڕانیتاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن