وەڵامێک بۆ سەردار عەزیز: خەڵک گرگن نین
1/16/2025 11:20:00 AM
خالد سلێمان
"بە کورتی، خەڵک لە کاتێکدا خۆشییان لە دەسەڵاتدار نایەت، بەڵام لە هەمانکاتدا حەزدەکەن وەک ئەو بن یان وەک ئەو بکەن، بۆیە ڕقیان لێیەتی بەڵام لە ناخەوە ئیرەیی پێدەبەن، بەڵام بە زۆری ملکەچن بۆی. ئەمە جۆرێکە لە ئەخلاقی گڕگن، کە تێزی گەورەی نیتچە بوو."
ئەو بڕگەیەی سەرەوە بەشێکە لە نووسینێکی کاک سەردار عەزیز لە ژێر ناونیشانی (تف لە ڕۆشنبیر) کە لەسەر چەند سایتێک بڵاوبووەتەوە. بەگشتی نووسینەکەی کاک سەردار، جیاواز نیە لە نووسینەکانی تری کە تیایاندا خۆی لەسەرووی هەمووانەوە دەبینێت و بەردەوام خۆی وا پیشان دەدات کە ئەوەی "جەنابیان" دەیزانن خەڵکی تر نایزانن.
جگە لە بەکەم زانینی خەڵک و نووسەران، ئەو بەزمان و شێوازێکیش دەنووسێت وەک ئەوەی خۆی بەشێک نەبووبێت لە سیستمی سیاسی لە کوردستاندا. بۆیە لێرەوە دەمەوێ وەبیری کاک سەردار بهێنمەوە کە ئەو خەڵکەی بە "گرگن"یان دەزانێت و وەسفیان دەکات، هەمان ئەو خەڵکەن کە ئەو چاوەڕوانی دەکرد دەنگی پێ بدەن و بیکەن بە پەرلەمانتار. هەمووان ئەوەیان لەبیرە کە سەردار عەزیز کاندیدی لیستی گۆڕان بوو بۆ پەرلەمان کوردستان لە خولی ساڵی (2013)دا، بەڵام کە سەرنەکەت، ئیتر وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان دامەزرێنرا. دووای تەواو بوونی ئەو خولەش دەستی کرد بە مامەڵەی خانەنشینیی، لە کاتێکدا ئەو ماوەیەکی کەم لە پەرلەمان ڕاوێژکار بوو.
یادەوەری خەڵک وەک یادەوەری ماسی کورتخایەن نیە، هەمووان قسەکانی سەردار عەزیزیان بیر دەکەوێتەوە کاتێک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وتی: "من دەمەوێ ببمە پەرلەمانتار بۆ ئەوەی موچەکەی وەربگرم و لە پاڵیدا خەریکی خوێندنەوەو نووسین بم". کەواتە کاک سەردار دەیوسیت دامەزراوەی پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت نەک وەک دامەزراوەیەکی یاسادانان تەماشای بکات و تیایدا ئەندام بێت! ئەی باشە پەیوەندنی خەڵک چیە بەوەی کە "ڕۆشنبیڕێک" دەیەوێت لە ڕێگەی دەنگی ئەوانەوە بگاتە مەبەست و ئامانجە شەخسییەکانی خۆی؟ ئایا گوناهی خەڵک ئەوەیە کە دەنگیان پێنەدا، بۆیە دێت و جامی توڕەبوونی خۆی بەسەر ئەواندا دەڕێژێت و بەگرگن وەسفیان دەکات؟
لە شوێنێکی تری نووسینەکەیدا دەڵێت: "دەسەڵات، یارییەکە بەباشی دەکات، بۆ نمونە لە کوردستان خەڵکانێک دروست دەکەن وەک دەسەڵاتدار، بەڵام تەواو بێدەسەڵات، بۆ نمونە ئەندام پەرلەمان، یان خەڵکانێک کە گوایە ڕۆڵیان هەیە، بەڵام بەبێ هیچ ڕۆڵێکی جیدیی، وەک ڕۆشنبیر، بۆ ئەوەی خەڵک ئەمانە لە ڕواڵەت و واجیهەدا ببینێت، وەها تێبگا کە ئەمانە بەرپرسیارن و خۆیانی تیادا بەتاڵ بکەنەوە". لێرەدا پرسارێک ڕووبەڕووی خۆی دەکەینەوەو دەپرسین، باشە کە تۆ دەزانیت دەسەڵات ئەم یارییە دەکات و ئەندام پەرلەمانی بێدەسەڵات دروست دەکات، بۆچی خۆتت کاندید کردو بەویستی خۆت دەتەویست خۆت بێدەسەڵات بکەیت، ئایا پارە ئەوەندەی دەهێنا، ڕۆشنبیڕێک ئەرکەکەی خۆی لەبیر بکات و ببێتە کەرەسەتی یارییەکانی دەسەڵات؟
لە بڕگەیەکی تردا کاک سەردار عەزیز دەنووسێت: "لە کۆمەڵگاکانی دونیای سێ یان چواردا، وەها دەبینرێت کە عەوام پێویستیان بە ڕێبەرێکە هەتا ئاڵۆزییەکانی دونیان بۆ شی بکاتەوە. بۆیە بەردەوام باس لە کەسێک دەکرێت کە پێی دەڵێن ڕۆشنبیر. ئەم بونەوەرە هەمیشە کێشەی هەیە لە گەڵ خەڵک و دەسەڵاتدا".
یەکەم تێبینی لەم چوارچێوەیەدا لەسەر بەکارهێنانی وشەی (عەوام)ە! ئەمە زمانێکی ناڕەواو خۆ بەزل زانینە بەرامبەر خەڵک، هەروەها تەماشاکردنیان وەک حەشاماتێکی نەزان، چونکە (عەوام) لەمە زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت.
لە ڕاستیدا، خەڵکی کوردستان وەک خەڵکانی هەموو دنیا، ئەگەر لە ناو سیستمێکی سیاسیدا بژین کە یاسا تیایدا سەروەر بێت و مافە بنەڕەتییەکانیان پارێزراو بێت، ئەگەر میدیاو دامەزراوەی ئەکادیمی و زانستی و یاسایی زانیاری ڕاست و ڕەوانیان بۆ زامن بکەن، ئەگەر نەکرێنە بارمتەی موچەو قوتی ژیان، ئەوا هیچ کەمتر نین لە گەلانی دنیا. هەر سیستمێکی سیاسی کە یاسا تیایدا سەروەر بوو، ئەخلاق و کولتووری گشتی باش دەبنە پێوەری هەڵسەنگاندن و دنیابینی، نەک (عەوام بینیی).
خاڵی کۆتایی کە گرنگە باس بکرێت ئەوەیە: خەڵکی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە لە سەردار عەزیز هۆشیارترن، چونکە لە کاتێکدا ئەو خۆی کاندیدی پەرلەمان بوو، کە دەریش نەچوو وەک ڕاوێژکاری پلە یەکی سەرۆکایەتی پەرلەمان دامەزرێنرا، ڕێژەیەکی زۆری خەڵک کە ئەو بە عەوامیان دەزانێت نەچوون بۆ دەنگدان. دەنگ نەدانیش ئاستێکە لە ئاستەکانی هۆشیاری سیاسی.