لە بێدەنگیدا دڵڕەقی و تاوان بەردەوام دەبن
11/24/2020 9:22:00 AM
خالد سلێمان
سێ برا لە کەلار، بە دڕەنترین شێوە خوشکێکی خۆیان دەکوژن. با پێش لێکۆڵینەوەکان بکەوین و سەرێکی ئەو تاڵە دەزووە بگرین، وا رۆژی هەینی 20ـی ئەم مانگە کچێکی گەنجی لەسەر کوژرا: ئەویش کوشتنە لەسەر خۆشەویستی یان سێکسشوالیتی یان درۆو دەلەسەیەکی کۆمەڵایەتی کە بوەتە بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵگەی کوردستان. وەک پۆلیسی کەلار دەڵێت: ناوی قوربانیەکە(م - ا - م )، لەدایکبوی 1994. بکوژەکان، کە دەسگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە، چوار کەسن و سیانیان برای قوربانیەکەن، خوشکەکەشیان لە ماڵەکەی خۆیدا هەڵواسیوە. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، تۆمەتبارەکان دوای لێکۆڵینەوە دانیان بەتاوانەکەدا ناوە کەبەهۆی <کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە> ئەوتاوانەیان ئەنجامداوە، ئێستاش بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 406 تۆمەتباران بەندکراون.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، ژمارەیەک بەرپرسی حکومی وەک هەمو جارێک، کە تاوانێکی تیا ئەنجامدەدرێت، دەستیان کردە ئیدانەکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکەو باسکردن لەو تاوانانەی لەژێر ناونیشانی شەرەفدا بونەتە ڕوداوێکی بەردەوامی ناو کۆمەڵگەی کوردستان. ئەرکی کەناڵەکانی میدیا لەوەدا چڕبوەوە، هەواڵەکە بڵاوبکرێتەوەو ڕۆژی دوەم هیچ شتێکی لەسەر نەوترێت. لە کاتێکدا شیاوە کە ڕوداوەکە لە ئاستی لێدوان و ئیدانەکرندی بکوژەکانەوە، بکرێتە بۆنەیەک بۆ قسەکردن و چەلەحانێی کۆمەڵایەتی لەسەر تاوانێکی هەمو ڕۆژێک لە وڵاتی ئێمەدا ئەنجامدەدرێت.
ئەوەی لەمجۆرە تاوانەشدا دژی ژنان تێبینی دەکرێت، دوبارەبونەوەی دو وشەیە: (کێشەی کۆمەڵایەتی). نە کەناڵە حکومیەکان و نە میدیا، لەسەر ئەوە ڕاناوەستن کە هۆکارەکانی بەردەوامبونی تاوانی ژنکوشتن، خۆشەویستی و سێکشواڵیتی-ن لە لایەک و، هەژمونی دڵڕەقییەکی کۆمەڵایەتی کە کۆمەڵگەی کوردی تا ئێستا لێی ڕزگار نەکراوە. ناو نەهێنانی هۆکارەکانی تاوانەکانیش ترسن لە هەمان دڵڕەقیی کە پێش مردن ژیانی ژنێک لەناو دەبات. واتە پێش (ئیفنا) کردنی تەواوەتی و بێ گیانکردنی، بکوژەکان جەستەی قوربانی دەکەنە تاقیگەی ئەشکەنجەدان و لە دنیای دور دەخەنەوە، قۆناغی کوشتنەکەش دوای ئەم دلڕەقییە دێت. ئەمە ئاکتی کۆمەڵگەی کوردییە دژی مافی تاکێکی مێینە لەمەسەلەی خۆشەویستی و سێکسشواڵیتیدا.
جگە لە یاسا، هیچ شتێک لە مێژودا، دڵڕەقیی لغاو نەکردوە. دڵڕەقی و تاوان خەسڵەتی زۆر کاری هونەری و ئەدەبی بون، بەڵام کۆمەڵگەی دڵڕەق هەرگیز نەچوەتە ژێرباری بەخشینی ماف وەک بەشێک لە بونی مرۆڤ بەبێ ڕوانین لە سێکس و ڕەچەڵەک. ئەوە یاساو سزان دڵڕەقییان لغاو کردوەو سنوریان بۆ تاوان لەسەر سێکشواڵیتی داناوە. هەر یاسایە کە دوای جێبەجێکردنی، لە بڕگەیەکی نوسراوەوە بوەتە ئەخلاقێکی گشتی و لەگەڵ پەرەسەندی کۆمەڵایەتی و کولتوریشدا، دڵڕەقیی نەرمکردوە؛ واتە گەیشتنە ئەو ئاستەی، کە کۆمەڵگەی (نێر) وەک تاکێکی خاوەن ماف تەماشای مێینە دەکات.
ئەم تاوانەی کەلارو چەندەها تاوانی تر، ئەوانەی ئاشکرا دەبن و ئەوانەی لە بێدەنگیدا دژی ژنان ئەنجامدەدرێن، جێگەی ئەوەیان تیا نابێتەوە، ئیدانە بکرێن، چونکە ئیدانەکردن لە مێژودا نەبوەتە بەربەست لەبەردەم تاواندا. ئەم ڕوداوە شەرم هێنەرانە، کە دەتوانرێ بووترێت گەورەترین شورەیین بەنێوچاوانی کۆمەڵگەی کوردییەوە، مایەی ئەوەن گۆڕانکاری لە یاسادا بکرێت، بەشێوەیەک جێگەی شەرەفی تیا نەبێتەوەو چی تر ژن کەرەستەی شەرەف نەبێت. مایەی ئەوەن سزای یاسایی ببێتە هەواڵی دوای تاوانەکە نەک لە بیرکردنی و بەجێهێشتنی بۆ بێدەنگیی؛ چونکە لە بێدەنگیدا دڵڕەقی و تاوان بەردەوام دەبن.