کڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتار.. دیوی ناوەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی هەڵوێست
1/16/2025 11:19:00 AM
ئیبراهیم عەلی
لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بابەتی کڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتار بووەتە باسێکی گەرمی نێو سۆشیال میدیا.
کڕین و فرۆشتن و ئەوەی باس دەکرێت کە پەرلەمانتار فراکسیۆنەکەی لەبەرژەوەندی پارتی یا یەکێتی بشکێنەوە پەرلەمانتارانی لیستی هەڵوێست و نەوەی نوێن.
خودی شاسوار عەبدولواحید بەهۆی قەیرانی داراییەوە خۆی بە دوای سەفەقاتێکەوە دەگەڕێت، بەڵام تا ئێستا نە سەفەقاتەکەی دەستکەوتووە نە بەشداری کابینەی حکومەت دەکات. ئەوەی هەیە تەنیا شەڕێکی میدیاییە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت.
هەرچی لیستی هەڵوێستە. بەڵێ لیستێکی لەرزۆکەو لە هەر خولەکێک بێ ئەگەری دوو لەت بوونی هەیە. بەڵام ئەمە مانای وانییە پەرلەمانتارێک یا دوانی خۆی فرۆشتبێ بە هێزێکی سیاسی. بەڵکو ئەوەی هەیە خراپی ئیدارەدانی ڕەوتی هەڵوێستە لە لایەن سەرۆکەکەیەوە کە خۆیان ناویان ناوە بڕیاردەر.
کاک عەلی کە سەرۆکی ئەو حیزبەیەو ئامانجەکەی تەنیا بریتی بوو لەوەی ببێتەوە بە پەرلەمانتار. بۆیە ڕەنگە هەندێک کێشە هەیە کە توشی بووە سەری لێدەرنەکات. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەزمونی نییە لە شێوازی حیزبایەتی.
ئەمە جگە لەوەی کەسێکی وەک عەلی حەمە ساڵح، خاوەن فکرو پڕۆژەیەکی گشتگیر نییە تا لەسەر بنەمای ئەو فکرە یا پڕۆژەیە بناغەی حیزبەکەی دامەزراند بێت و لەسەر ئەو بنەمایەی شێوازی کاری حیزبی ڕێکخرابێت.
حیزب پڕۆژەیەک نییە بڵێی ئەمە حیزبی خۆمەو تایەی تیا ئەسوتێنم. بەڵکو دەبێت بە میکانیزمێک پەیوەندییەکانی سەرۆکی حیزب و سەرجەم ئۆرگانەکانی ئەو حیزبە ڕێکخرابێت.
تا ئێستاش هەڵوێست وەک حیزب هیچ هەیکەلییەتێکی ڕێکخراوی نییە و نازانرێت حیزبەکەی عەلی حەمە ساڵح لە مۆدێلی شاسوار عەبدولواحیدە کە هەموو شتێک لە دەستی یەک کەس یا چەند کەسێکە یا لە مۆدێلی یەکێتییە کە لەسەر بنەمای یەکگرتنی چەند ڕەوتێک دروست بوبێت. یاخود لەسەر مۆدێلی پارتییە کە هەموو شتێک لە دەست بنەماڵەی بارزانیدایە. تەنانەت حیزبەکەی عەلی حەمە ساڵح لە مۆدێلی کۆمەڵ و یەکگرتووش نییە کە لەسەر بنەمای فیکری ئیسلامی بنیات نرابێت یاخود هاوشێوەی حیزبی شیوعی لەسەر بنەمای فیکری شوعییەت دامەزرا بێت.
ئەو حیزبەی کاک عەلی مۆدێلێکە تەنیا لە خەون و خەیاڵی خۆیدایە و دەیەوێت بەبێ بوونی هیچ بەرنامەیەک و هیچ پەیڕەو و پڕۆگرامێک هەمووان پابەند بن بە بڕیارو بەرنامە شەخسییەکانی.
حیزب بەو مۆدێلە بەڕێوە ناچێت کە تۆ هیچ بەرنامەیەکت نەبێت و لە سادەترین حاڵەتیشدا لەگەڵ فیگەرە دیارەکان و پەرلەمانتارەکانیشت تەنانەت متمانەش لە نێوانتان نەبێت. بێگومان دەبێت لە هێزێکی ئاوادا دەبێت چاوەڕێی لێکترازان بکەیت.
بێگومان بۆ کاک عەلی حەمە ساڵحیش ئاسانترین ڕێگە بۆ شاردنەوەی ئەو شکستەی کە لە دروستکردنی حیزبەکەیەوە توشی بووە ئەوەیە کە بڵێی وەڵڵا پەرلەمانتارەکانم پارتی یا یەکێتی دەیانکڕن.
ئەوەی کە باس لە کڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتارەکانی ڕەوتی هەڵوێست دەکەن، زۆرتر ئەوانەن کە بە ئەمری خودی کاک عەلی ئەو جۆرە دەنگۆیە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک بەوە نەزانێت ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە ناچار بە جیابوونەوە دەکات نەبوونی متمانەیە بە کاک عەلی. نەبوونی متمانەیە بە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی کاک عەلی.