ئەوەی هەردو سەرۆک دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا نایزانن
5/12/2024 5:04:00 PM
خالد سلێمان
بەبێ ئەوەی پێشتر لەناو میدیاو ڕوبەری گشتییدا هیچ زانیارییەک بڵاوکرابێتەوە، دوێنێ کۆنفراسێک لەژێر ناونیشانی (کۆنفرانسی وشکەساڵی و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیاسەت، ئابووری، دیمۆگرافیای عێراق) لەهەولێر دەستی پێکردو ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
هەموو ئەو زانیاریانەی دەربارەی ئەم کۆنفرانسە بڵاوکرانەوە بریتی بون لەوەی کە "عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە خراپی گۆڕانكاریی ژینگەیی كەمبكاتەوە، ئەوەش لە رێگای دروستكردنی چەندین بەنداو و گلدانەوەی ئاو بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان". ئەوەی لەناو کەوانەدایە قسەی سەرۆکی کۆماری عیراقە.
هەرچی سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستانیشە، زانیارییەکانی دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا هەر ئەوەندە بڕ دەکەن بڵێت: "دهبێ بايهخ و گرنگيى تايبهت به پرۆژهكانى بهنداو و پۆندى گلدانهوى ئاو له ههرێمى كوردستان و تهواوى عێراق بدرێت. گرنگه لهم بوارهدا و بۆ چاندنهوهى دارستانهكانيش حكومهتى عێراقى فيدراڵ يارمهتيى ههرێمى كوردستان بدات."
کورتکردنەوەی مەسەلەکانی پەیوەست بەگۆڕانکاری کەشوهەواوە لەئاودا، هەڵەیەکەو لەسەر زاری بەرپرسەکانەوە گەیشتوەتە ناو میدیا و ڕوبەری گشتیش، بۆیە هەر باسی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەکرێت، ئیتر دروستکردنی پۆندو بەنداو وەک چارەسەرێکی ئەفسوناویی تەماشا دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە، بەشێکە لە تێنەگەیشتنی بەرپرسەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشو هەوا، چونکە لە پاڵ ئاودا گرفتێکی زۆر هەن، هەندێکیان بەئەنقەست پشت گوێ دەخرێن و هەندێکیشیان بەهۆی لێ نەزانین لە بارەیانەوە.
کاریگەری سوتەمەنی ژێر زەوی (نەوت، گازو خەڵوز)، بەتایبەتی پیشەسازی نەوت، هۆکاری سەرەکیی زۆربون و چڕبونەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن لە بەرگەهەواو گلدانەوەی گەرما لەسەر زەوی. ئەمە ئەلیف و بای زانستی کەشوهەوایە، بەڵام هەردو سەرۆک بەلایدا نەچون و پێیان نەووتین لەداهاتودا چۆن چارەسەری مەسەلەی وزە دەکرێت. ئەمەیان پشت گوێ خستنە.
کاریگەرییەکان گۆڕانکاری کەشوهوا، لە 3 بواری تردا جگە لە ئاو، دەرکەوتون و زیانەکانیش بەرچاون وەک: بواری یەکەم، لەدەستدانی خاک و بەبیابان بون کە زریانی خۆڵی بەردەوام دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆیەتی، بواری دوەمیش پەیوەستە بەوەی یەکەمەوە، ئەویش پیسبونێکی لەڕادە بەدەری هەوایە کە بە پلەی یەکەم فاکتەری تێکچونی تەندروستی گشتییە. هەرچی بواری سێیەمە لەدەستدانی هەمە-جۆرییە Biodiversity loss. هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەم لایەنانە، ئاماژەیەکن بۆ هەژاریی ئاستی تێگەیشتن.
تێبینی و ئاماژە:
لەناوچونی هەمە-جۆریی لە هەرێمی کوردستاندا، جگە هۆکارەکانی کەمئاوی و بەرزبونەوەی پلەی گەرماو زنجیرەی خۆراک، دەکرێ دەسدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سیستمە ژینگەییەکان بەهۆکارێکی سەرەکی دابنرێت. ئەمەش پەیوەستە بە سیاسەتێکی چەوتی دژە-ژینگەیی کە حکومەت و هەرردو حزبی حوکمڕان لە پشتییەوە وەستاون. بە کورتییەکەی، باڵادەستەکانی ناو حزب و حکومەت لە ڕێگەی بزن و کۆمپانیای وەبەرهێنانی خانوبەرەوە، دەستیان گەیشتوەتە ناو سیستمە سروشتییەکان. جگە لەوەش، نەبونی یاساو ڕێنمایی ژینگەیی بوەتە هۆی فرۆشتن و لەناوبردنی ڕوبەرێکی زۆری دارستان و ژینگەی سروشتی و گۆڕینیان بۆ باخی دەسکردو شوێنی نیشتەجێبون لەسەر حیسابی هەمە-جۆریی