ئەمڕۆ.. لە لوتکەی ژینگەدا بڕیاری چی دەدرێت؟
4/23/2021 11:08:00 AM
خالد سلێمان
ئەمڕۆ کۆنگرەی لوتکەی ژینگە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەرمبوونی زەوی، بەدەسپێشخەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردەکانی جیهان بەشداری تیادەکەن و مەزەندە دەکرێت، بڕیارەکانی، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی نیشتمانیشدا بێت، تەنها ڕاسپاردە نەبن و چوارچێوەیەکی زەمەنییان بۆ دابنرێت لە پێناو جێبەجێکردندا. وەک ڕۆژنامەی واشنتن پۆست قسەکانی گواستوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکین، بەڕوونی وتوویەتی: ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەدرێن، داهاتوومان دیاری دەکەن. بڕیارەکانیش قورس دەبن و هەموو پەیوەستن بەگواستنەوە لە وزەی دەرهێنراو لە سامانەکانی ژێر زەوی وەک نەوت و گازو خەڵووز بۆ وزەی پاک (نوێ بوەوە).
هەموو بوارەکانی گواستنەوەی گشتی، بەرهەمێنانی کارەبا، ئۆتۆمبێل و ژێرخانی گشتی ئابوری و ڕەفتاری ڕۆژانەی سەرفکردن، دەچنە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی کە لەم کۆنگەرەیدا دەدرێن و هەموویان گرێدراون بەوزەوە. کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان لە کەشدا بۆ ڕاگرتنی پلەی گەرمای زەوی لە خوار 2 پلەی سەدییەوە، بڕیاری قورسی دەوێت و هەموو دنیا کەوتوەیە ناو مەترسییەکانەوە، کە لە زۆر شوێنی سەر زەیدا لە شێوەی لافاو و زریاندا دەردەکەوێت، لە زۆر شوێنی تریشدا (وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکورو وڵاتانی ساحیلی ئەفریقیا و حەوری دەریای سپی ناوەڕاست) لە شێوەی وشکانی و دانەباریندا دەردەکەوێت.
بڕیارو نەخشەی ڕێگای ژمارەیەک لە وڵاتان لە بەجێهێشتنی (نەوت، گاز و خەڵووز) و پشت بەستن بە ئابوری سەوز دیارە، لە پێش هەموویانەوە نەخشە ڕێگای ئیدارەی جۆی بایدن و کەمالا هاریس، کە لێرەوە تا 2030، کەمکردنەوەی 50%ی گازە گەرمکەرەوەکانە، ئەم کەمکردنەوە لە هەندێ وڵاتی ئەوروپیدا زیاترە. بۆ نموونە بەریتانیا بڕیاڕە قورسەکەی داوە، کە ئەویش کەمکردنەوەیە لە ئێستاوە تا ساڵی 2035 بەڕێژەی 78%، لە کاتێکدا کەمکردنەوەکە لە کەنەدا لە ئێستاوە تا ساڵی 2030 دەگاتە 40%، بەڵام هەرێمێکی وەک کێبێک لەمڕۆوە بڕیاریداوە کە ساڵی 2035 کۆتایی تەمەنی ئۆتۆمبێلی گازو بەنزین بێت.
تا ئێستا نەخشە ڕێگای گەورە وڵاتانی سەرچاوەی گازە گەرمکەرەوەکان، وەک چین، ڕوسیا، بەرازیل، هیندستان، ڕوون نیەو هیچ داتایەکیان لەم ڕووەوە نەخستوەتەڕوو، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی جۆی بایدن و کەمالا هاریس بۆ میدیاکانی کەنەدای وتوە کە هەر کەمکردنەوەیەک لە 40% کەمتر بێت لە کۆنگرەکەدا، جێگەی ناڕازی دەبێت.
بە کورتیەکەی وا مەزەندە دەکرێت ئەم لوتکەیە، لوتکەی مردنی نەوتیش بێت، چونکە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە وزەی ژێرزەوی بە گوێرەی ئەو ژمارانەی خرانەڕوو، بازاڕی نەوت و گاز دەمرێنێت یان ئەوەندە کزی دەکات توانای ئەوەی نەبێت ببێتە کۆڵەکەی ئابووری هیچ ولاتێک. باشە ئەی وڵاتێکی وەک عیراق چی لە خۆی دەکات و سەری خۆی بۆ کوێ هەڵبگرێت، هەڵبەتە بە کوردستانیشەوە؟ باشە کە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا بەو ڕادەیە بەکارهێنانی وزەی ژێرزەوی کەمبکەنەوە، چین توانای خواردنەوەی هەموو نەوتی عیراقی هەیە؟ لە کاتێکدا ئەبێ لە ماوەی ٢٥ ساڵدا هەرچی نەوتی ئێران هەیە بخواتەوە!!
وەڵامی پرسیارەکە ئەوەیە کە قۆناغەکە نەک تەنها ڕاگوزەرە لە نێوان ئابوری بۆرو سەوزدا، بەڵکو قۆناغێکی وجودییە، ئەوەی خاوەن ژێرخانێکی تۆکمە نەبێت، ئەوەی خاوەن دیدگەیەکی دوورمەودا نەبێت لە وەبەرهێنان لە وزەی سروشتیی نوێ بوەوەدا، دەبێت هەتا هەتایە چاوەڕوانی ڕەحمەتی هێزە گەورەکان بکات و وەبەرهێنان لە هەژاریی خۆیدا بخاتەگەڕ.