٣٣ ساڵ
4/14/2021 10:51:00 AM
هۆشیار عومەر عەلی
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو. پێش ٣٣ ساڵ
و یەکەم رۆژی رەمەزان. ١٨ی ٤ی ١٩٨٨ باوکی من لە گوندی (تازەدێ) لە گەرمیان بۆ
دواجار رۆیشت.
باوکم یەکێک بوو لەو دەیان هەزار باوک و دایک و
خوشک و برا و نەنک و باپیرانەی ئەنفال کران و تا ئێستا لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ناوەڕاست
و باشوری عێراق و خاکی بێگانەن.
دوو هۆنراوە بۆ بابم
(١)
بیرەوەرییەکانی منداڵی
پێنج جار بابم دێتەوە یاد،
لە ناوەڕۆکدا، هەموو پارچەی خەونێکی سەرلێشێواون.
یەکەم، هەڵدەستێتە سەرپێ لە کاتی لێخوڕینی
تراکتۆرەکەدا بۆ سەر یاڵەکە،
منیش لە لای برێکەکەوە وەستاوم، دەترسم بکەومە
خوارێ.
دووەم، دەستی دەبات بۆ عەلاگەکە و دانەیەک بسکیتم
دەداتە دەست،
منیش سەر هەڵدەبڕم و دەستم درێژ دەکەم، بسکیتەکە
رەنگی قاوەیی تۆخە.
سێیەم، خەریکی دروێنەی گەنمە، سەری تەواو تاشیوە،
منیش لە ژێر کەپرەکەدا دانیشتوم، لە کولەکان دەترسم.
چوارەم، بە راکردن لە رێگاکە دەپەڕێتەوە، خڕەی
پارەی وردەی گیرفانی دێت،
منیش لە گەڵابەی تراکتۆرەکەدا دانیشتوم، لە سەر
رومەتم هەست بە تۆنکی باران دەکەم.
پێنجەم، بەتانیەکە دەدات بە سەریدا و ون دەبێت،
منیش دەڕۆم بەروڕوی بە هیوای بێت بەرەو روم، بێهودە.
٣٠تەموزی ٢٠١٤
سلێمانی
(٢)
خوڵبارین
هۆشیار عومەر عەلی
هەر کات خۆڵبارینێک هەبێت،
دەرگا و پەنجەرەکان دەکەمەوە.
روباری لم بە پەنجەکانی پرچم شانە دەکات،
لم دەچێتە چاوم و گیرفانەکانم،
بە زەحمەت دەبینم.
چاوەکانم دەخورێن، دەسوتێن و سور دەبن،
بەڵام چاوەکانم نابەستم.
هەواکە تێر هەڵدەمژم و بۆ چەندین رۆژ دەکۆکم،
هیچ بێزارم ناکات،
چونکە ئەوە بابمە دێتەوە لە باشور.
٢٨حوزەیرانی ٢٠١٤
ناحیەی رزگاری