177وتار

هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە نێوان بەرەی جمهور و بەرەی شەش سەرەدا.(١)

1/16/2023 3:10:00 PM
د.جەبار قادر

ئەگەری پێشخستنی کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ١٨ حوزەیرانی ئەمساڵدا بە هێزە و پێدەچێت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلیی هاوپەیمانی لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتبن. ئەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە چونکە تەنها بۆ دەوروبەری مانگێک دەهێنرێنە پێشەوە. ئەو  هۆیانەی ڕادەگەیەنرێن بۆ ئەم پرسە بە تەکنیکی و لۆجیستی نێو دەبرێن، گوایە پەیوەندییان بە پشووەکانی هاوینی زانکۆ و قوتابخانە و جەژنی قوربانەوە هەیە و خەڵکێکی زۆر دەچن بۆ پشوو و لەو کاتەدا  لە شوێنی خۆیان نابن و بە پێی قانوونی هەڵبژاردن لە تورکیا دەبێ دەنگدەر سێ مانگ پێش ڕۆژی هەڵبژاردنەکان لەو شوێنەی دەنگی لێدەدات ناوی تۆمار کرابێت، بۆیە چوونی خەڵک بۆ پشوو وا دەکات ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر نەتوانن دەنگ بدەن.

 

لە ڕاستیدا ئەمە تەنها ئەو دیوەی دراوەکەیە کە دەسەڵات دەیەوێت پیشانی خەڵکی بدات، بەڵام دیوەکەی تری دەشارێتەوە. لایەنەکانی (هاوپەیمانی گەل – جمهور) بە تایبەتی ئەردۆگان و باخچەلی لە باری ئایدیۆلۆجی و سیاسییەوە زۆر لێک نزیک و هاوئاهنگن و هاوپەیمانییەکەیان جێگیرە و بەرگەی ساڵانێکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی گرتووە، لە کاتێکدا بەرەکەی بەرامبەر، بەرەی شەش سەرەکە (هاوپەیمانی نیشتمان- میللەت) جیاوازی ئایدیۆلۆجی و سیاسی گەورە  لە نێو لایەنەکانیدا بەدی دەکرێن، دروشمی زۆر گەورەیان هەیە بەڵام تا ئێستا پرۆگرامێکی سیاسی گشتگیریان پێشکەش نەکردووە و لەوەش خراپتر لە سەر بەربژێرێک ڕێکنەکەوتوون بۆ ئەوەی لە دژی ئەردۆگان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کێبڕکێ بکات.

 

ئەردۆگان و هاوپەیمانەکەی ئەم بارودۆخەی بەرەی بەرامبەر دەقۆزنەوە و بە هەلێکی باشی دەزانن  بۆ ئەوەی بەربژێری بەرەی ئۆپۆزیسۆن، ئەمە ئەگەر لە کۆتاییدا لەسەر بەربژێرێک ڕێکبکەون، کەمترین کات و دەرفەتی لە بەردەمدا بێ لە بەرامبەر ئەردۆگان کە چەند ساڵێکە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات. هۆیەکی تر بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە کاتێکی زۆر بەسەر بڕیارەکانی بەرزکردنەوەی داهات و مووچەدا تێنەپەڕێ و بابەتەکە کۆن ببێت و لە بیری خەڵکدا کاڵ ببێتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی بەردەوامی شتومەک و دابەزینی زیاتری نرخی لیرەی تورکی زیاتر هەراسانیان بکات، دیارە هەموو ئەمانەش کاریگەری خۆیان لەسەر دەنگدەران و ڕێژەی دەنگدان دەبێت. 

 

پێناچێت ئەم بەرەیەی لە بەرامبەر هاوپەیمانیی ئەردۆگان - باخچەلیدا (جمهور) هاتووەتە ئاراوە بەرگەی تەنگوچەڵەمەکان بگرێت و ڕەنگبێ لە یەکەمین هەژاندا لێکترازانی تێبکەوێت. هێشتا ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە پێگەی ئەردۆگان و حیزبەکەی بەهێزە و دەتوانێت بەتەنیا زیاتر لە ٣٠٪ دەنگەکان مسۆگەر بکات. لە گەڵ دەنگەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی(MHP)ی دەوڵەت باخچەلیدا ڕێژەکە خۆی لە ٤٠٪ دەنگەکان دەدات. پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)ی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەتەنیا زیاتر لە یازدە ملیۆن و نیو ئەندامی هەیە، پارتەکەی باخچەلیش نزیکەی نیو ملیۆن ئەندام، واتا بە هەردووکیانەوە ١٢ ملیۆن ئەندامیان هەیە کە دەکاتە پێنجیەکی هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان لە تورکیا هەیە.

 

هەموو ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەندامانی هەموو پارتەکانی بەرەکەی بەرامبەر بە زەحمەتییەکی زۆرەوە دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە. ئەوەی مایەی تێڕامانە هەدەپە تەنها (٤١) هەزار ئەندامی هەیە. ئەم ژمارانە لە لایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە بەفەرمی بڵاو کراونەتەوە. هەڵبەتە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتە نادیموکراتییەکاندا دەسەڵات بەدەست کێوە بێ، ئەوا دەرفەتی بیزنس و خۆدەڵەمەندکردن بۆ لایەنگرانی ئەو مەیسەر دەبێت و خەڵکێکی زۆری لێ دەئاڵێ.

 

خۆ ئەگەر ئەو حیزبانە بە نێوی ئایین و نەتەوەپەروەریشەوە فەرمانڕەوایی بکەن ئەوا میگەلەکە دوو ئەوەندە گەورە دەبێت. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم ژمارە زۆرەی ئەندام و لایەنگری پارتی داد و گەشپێدان بۆ مەسەلەی ئایدیۆلۆجی ئایینی دەگەڕێتەوە کە ئەم پارتەی کردووە بە هێزێکی زەبەلاحی خاوەن سەرمایەی مرۆیی و ئابووری گەورە و جێگیر. لایەنگرانی هاوپەیمانییەکەی ئەردۆگان – باخچەلی بەشی هەرە زۆریان مەسەلەی دەنگدان بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن، بۆیە ڕێژەکەیان بەبێ گوێدانە هەڵبەز و دابەز و کێشە قووڵەکانی ڕژێمەکە و تورکیا بە جێگیری و دڵسۆزی دەمێنێتەوە و لە هەموو بارێکدا هەر دەنگی خۆیانی دەدەنێ. بۆ ئەوان پرسەکە بووە بە پرسی مان و نەمان، بەو واتایەی ئەگەر ئەم ڕژێمە نەمێنێت ئەوا ئیمانداران جارێکی دیکە تووشی ستەم و زۆرداری کەمالییە عەلمانییەکان دەبنەوە. بۆ دەنگدەرانی بەرەی نەیار  پرسی دەنگدان وەکو زۆر لە وڵاتانی دیکەیە و خەڵکێکی زۆر بێ هیوان لەوەی دەنگدانی ئەوان کاریگەری  هەبێت لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان و بارودۆخی وڵات و باری سەختی ژیان تووڕەی کردوون و بە گەرمییەوە ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن