75وتار

گەڕێکی تری هەڵبژاردن

10/23/2024 3:50:00 PM
ئامانج هەرتەلی

گەڕێکی تری هەڵبژاردنیش لەم هەرێمە ڕۆیشت، بەسەد دووعا و نشتە هەڵبژاردن کرا، هەڵبژاردنێک بۆ گۆڕینی دەستاو دەستی دەسەڵات نییە، هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانی خەڵک نییە لە باشترەوە بۆ باشترین، هەڵبژاردن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نییە، هەڵبژاردن بۆ پیشاندانی ڕوویەکی جوانتری سیمای تاکی کورد نییە بەدوونیا و جوانکردنی گەلێکی مەزڵوم نییە بۆ بەرچاوی گەلان کە دەتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێت، لە ڕۆژ هەڵاتی ناوین ببنە شوناسی دیموکراسی گەلی کورد.

ئەم گەڕەی هەڵبژاردنیش بۆ وڵاتانی جیهان، شتێکی ڕۆتینی و ئاسایی بوو، شتێکی نوێی پێنەبوو، وەکو هەروڵاتێکی تری ناوچەکە سیستمێکی دواکەوتوی پیشاندا، جا ئەوە دەنگی ڕاستەقینە بووبێت یان تەزویرکراوی بەبەرنامە کراو بوبێت. گرنگ هەبوونی دەنگ نەبوو بەڵکو گرنگ مانەوەی ئەم سیستەمە دواکەوتوە بوو  کەهەیە. جا کێ دەبێتە سەرۆک و جێگر گرفت نییە، بەڵکو درێژە پێدەری ئەم سیستەمه گرنگە کە خەڵکی لێناڕازییە سی ساڵە و  خەونی کەوتنی هەیە و پڕە لە نەهامەتی و کوێرەوەری بۆخەڵک و کەس لەسایەی ئاسودەنیە جگە لە کەمینەیەکی کەم نەبێت.

لەم گەڕەی هەڵبژاردنیشدا، جگە لە ناشیرین کردنی ژینگە بەم هەموو ڕەسم و پۆستەرە و مانەوەی دەموچاوی ڕابردوو وەکو خۆیان هیچیتری پیشانی کورد و گەلانی ناوچەکە نەدا،  هیچ هەڵبژاردنێک لەم هەرێمە ناتوانێ دەستاو دەستی دەسەڵات بکات، تاوەکو پایتەخت لەژێر هەژمونی یەک حیزبی باڵادەستدابێت و هێزەکانی پاراستنی ئاسایش فەرمانی حیزبیان لەفەرمانی حکومەت بەپیرۆزتر بزانن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، هیچی نوێرتر و خزمەتگوزاری باشتری پێنییە لە خولی پێش خۆی، ناتوانێ ئەرکی سەرشانی خەڵک سوک بکات، بەڵکو درێژە پێدەری نەهامەتیەکانی ڕابردوو دەبێت و خەونی ژیانێکی خۆشی  بۆخەڵکی کوردستان لە ئایندەدا لە باربرد، ئیدی چوارساڵی داهاتوو چوار ساڵی پڕ لەقەیران و کێشە و ململانێ دەبێت بۆخەڵکی کوردستان.

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەردوو حیزبی براوەی هەرێم، جگە لە گەف لەیکتریکردن، هیچیان پێشکەش نەکرد، چیان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا باسی چاککردنی خزمەتگوزاریان نەکرد، کەسیان باسی کەمکردنەوەی باج و باشترکردی کەرتی تەندرووستی و  ڕەوشی خوێندنیان نەکرد، ئەوەی هەبوو گەفکردن بوو لەیەکتری و بەپێچەوانەوە هەموو گەفەکان لەگەڵ میللەت بوو، دوای چەند ڕۆژیتر، بەیەکەوە دادەنیشن و دەست دەکەنەوە بە کاری ڕابردووی خۆیان و کوردیش دەڵێت:( خوی شیری هەتاپیری).

گەڕی ئەمجارەی هەڵبژاردن وەکو هەموو هەڵبژاردنەکانی تر بێ تەزویر و چاوسورکردنەوە و خەڵک کڕین و سەنگەر گواستنەوە نەبوو، ئەم هەڵبژاردنەش تێپەڕی و جارێکیتر کورسی دەسەڵات بۆ بەرپرس و جێگرەکانی بوو، ئیدی وەکو ڕابردوو هەمووشتەکان و دەرد و نەهامەتیەکان دووبارەن، لەمەولا خەڵک چیتر خەونێکی جوان نابینێ، بە کوردستانێکی خۆش و ئاسوودەوە. لەمەودوا دووحیزبی دەسەڵات حوکم دەگێڕن و حیزبی کارتۆنیش جاروبار بۆڵەبۆڵێک دەکەن. ئەم بۆڵە بۆڵەش هیچ لەبارودۆخی ئەم خەڵکە ناگۆڕێت. بەڵکو زیاتر دەبێت بەبارێکی گران بەسەر خەڵکەوە.

سی ساڵە خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاریە، بەڵام وڵاتانی داگیرکەر بۆ ئەوەی بەنەشیرینی کورد بمێنێتەوە ڕێگە نادەن بۆجارێکیشبێت بە ئاسودەی بڕیار لەچارەنوسی خۆی بدات و خەڵکی دڵخوازی خۆیان حوکمیان بکەن، کە چاوەڕوانی ژیانێکی شایستە دەکەن، بەهۆی ئەو کولەمەرگیەی بەسەر خەڵکداهاتوە بەدرێژای دەوڵەتە داگیرکەرەکانی حکومەتەکانی عێراق و حکومەتی هەرێم. بەڵکو دەبێت هەر ئەوانەی بەردەوامن لە چەوسانەوەی خەڵک بەردەوام بن و ژیانێکی کولەمەرگیش بەشایستەی خەڵک پیشانی خەڵکی خۆیان بدەن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هیچ گەلێک هێندەی گەلی کورد مەزڵ و چەوساوە نییە لەژێر دەستی گەلانی داگیرکەردا، گەلی کورد گەلە هەرەباڵاکانی وەکو توک و عەرەب و فارس دووژمنی سەرسەختینی، لەناو ئەم گەلانەدا گەلێک نییە داکۆکی لەمافی کورد بکات بەڵکو بەگەلێکی دواکەوتو و کێوی ناوی دەبەن، بانگەوازی لەناوبردنی دەکەن، هەوڵی سڕینەوەی دەدەن و شۆڕشگێڕانیشی بەتیرۆریست ناوزەند دەکەن، کەلەپێناوی گەل و خاکدا شۆڕش دەکەن. کورد لەباشور کە سی ساڵە ئازادە،  پێویست بوو شوناسی ئازایەتی و جوامێری و شۆڕشگێڕی خۆی بە پڕۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵاتی بپارێزێ، بۆ بەهێزی خۆی ئەوەیان نەکرد، ئێستا لەبری ئەوەی بۆ گەڕی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم بکەن، دەبوایە گەڕی هەشتەمی هەڵبژاردنیان تێپەڕاندایە.

بۆیە هەڵبژاردن وەکو خەونی گۆڕانکاری کۆتایی هات و پێویستە میللەت بۆ ڕزگاری خۆی و نەتەوەکەی و پاراستنی شکۆی خۆی بیر لە ڕێگای تازەی خەباتی مەدەنی بکاتەوە، تاوەکو ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە تێپەڕێنێت، چونکە ئەم دەسەڵاتە باکی بەخەڵک نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن