21وتار

خوێندنەوەیەک بۆ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

10/23/2024 3:49:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

یەکێک لە داواکاری ئەو لایەنانەی هەمیشە بە گومان بوون لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو لە ژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئازادانە بوو، کەمترین دەست تێوەردانی بەخۆوە بینی و دوور بوو لە ساختە و تەزویر.
هەرچەندە لە سەرەتاوە بانگەشەی هەڵبژاردن بە گوتاری توند و جیاواز دەستی پێکرد، بەڵام ئەم شێوازە نوێیە بووە هۆی ئەوەی گەرم و گوڕی بدات بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دواجار خۆشبەختانە پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەچوو.

بەشێوەیەکی گشتی لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانین خوێندنەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لێکەوتەکانی لەسەر حزبەکان بکەین لەم خاڵانەی خوارەوەدا:

١- بزوتنەوەی گۆڕان:
زەرەرمەندی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە (بزوتنەوەی گۆڕان) بوو کە (١١) کورسی لەدەستدا لە کۆی (١٢) کورس و  باجی سەرجەم ئەو هەڵە ستراتیجیانەیدا کە لە ڕابردوودا ئەنجامیدابوو، ڕەنگە ئەم ئەنجامەش سەرەتایەک بێت بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حزبە.

٢- نەوەی نوێ:
سودمەندی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە (نەوەی نوێ) یە بە زیادبوونی کوسیەکانی لە (٨) کورسییەوە بۆ (١٥) کورسی، کە زۆربەی دەنگەکانی گۆڕان و خەڵکە ناڕازیەکەی کوردستانی بۆ چوو، ئەمەش وایکرد کە ببێت بە لایەنی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان.
بوونی ستراتیجێک بە هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و نەچونە دەسەڵات، لەگەڵ پاڵپشتییەکی میدیایی کارا خاڵی پۆزەتیڤ و بەهێزی ئەم حزبەیە کە کورسییەکانی لە هەڵکشاندایە.

٣- یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
زیادکردنی کورسییەکانی لە (٢١) کورسییەوە بۆ (٢٣) کورسی، لەگەڵ بەدەستهێنانی (٢) کورسی کۆتاکان، وەک حزب و کەسایەتی سیاسی ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ یەکێتی نیشتمانی و خودی (بافڵ تاڵەبانی) کە سەرکەوتوو بوون لە لایەکەوە دەنگەکانی یەکێتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکرد و کورسیەکانی هەڵکشا و یەکێتی بووەوە بە حزبی باڵادەست و سەرەکی زۆنی سەوز و حزبی دووەم لە هەرێم، لە لایەکی ترەوە (بافڵ تاڵەبانی) سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە جێگیرکردنی باڵادەستی خۆی لە ناو یەکێتی و گۆڕینی یەکێتی نیشتمانی لە حزبێکی بەرەیی فرە مینبەرەوە بۆ حزبێکی سەرۆکایەتی و مەرکەزی، ئەمەش لە ئایندەدا ئەرێنی دەشکێتەوە بەسەر ئەم حزبەدا و لێکەوتەکانی لە بەدەست هێنانی یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم یان حکومەتی هەرێم و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەکەوێت.

٤- بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست:
ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنه بۆ هەردوو لایەنەکە نەخوازراوبوو، بە جۆرێک چارەنوسی (بەرەی گەل) خاوەنی (٢) کورسی و (ڕەوتی هەڵوێست) خاوەنی (٤) کورسی خستە دۆکخێکەوە لە نێوان هاوپەیمانیەتی و هەڵوەشانەوە و یەکگرتن لە گەڵ یەکدا یان لەگەڵ لایەنی دیکەدا.

٥- لایەنە ئیسلامیەکان:
پەرتبوونی لایەنە ئیسلامیەکان و بەشداری کردنیان بە چەند لیستێکی جیاواز و نەبوونی ستراتیجێکی ڕوون لە دیاریکردنی هەڵوێست لە نێوان بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەلایەک و دوبارەبوونەوەی کاندیدکردنی کەسایەتیەکان یان کەسە نزیکەکانیان هۆکاری سەرەکی بوو کە دەنگی پێویستیان بە ڕادەی ویست و پێشبینی خۆیان نەهێنا و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پاشەکشەدان، بۆ نمونە کۆمەڵی دادگەری کورسیەکانی لە (٥) کورسییەوە بوو بە (٣) کورسی.
ئەوەی پەیوەندی بە یەکگرتوی ئیسلامیشەوە هەیە ڕاستە کورسییەکانی لە (٥) کورسییەوە زیادی کردووە بۆ (٧) کورسی بەڵام لە ئاست پێشبینی خۆیان نەبوو کە چاوەڕوانی ڕێژەیەکی زیاتر بوون، ئەو دوو کورسیەش کە زیادیان کرد بە سود وەرگرتن بوو لە سیستەمی چوار بازنەیی.
هەروەها لیستەکانی دیکەی لایەنە ئیسلامیەکان دەنگەکانیان فەوتا و کورسییان بەدەست نەهێنا.

٦- پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە دوای بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی و کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان لە (١١) کورسییەوە بۆ (٥) کورسی، لەگەڵ ئەوهەموو فشارە ئیقلیمی و ناوخۆیی و گەلە کۆمەکێیەی لەسەری هەبوو، سەرەڕای کەمکردنی کورسییەکانی لە (٤٥) کورسییەوە بۆ (٣٩) کورسی بە ڕێژەی (٣٫٧٥)، بەڵام پارتی توانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت لەگەڵ بەدەستهێنانی (٣) کورسی کۆتاکان و بە جیاوازییەکی زۆر وەک حزبی سەرەکی هەرێم و لە ڕیزبەندی یەکەمدا بمێنێتەوە، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە کە گرنگترینیان پابەندبوونی دەنگدەرەکەیەتی و دڵسۆزی جەماوەرەکەیەتی لە دۆخە هەستیارەکاندا، جگە لە بەڵێنی سەرکردایەتییەکەی بە ئەنجامدانی چاکسازی و بەخۆداچوونەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە کە هیوایەکی دایەوە بە دەنگدەرەکەی. ئەم بەڵێنانەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێست و دەنگی دەنگدەرەکانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن