40وتار

ئایە گوتارەکەی باخچەلی نیشانەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتییە لە تورکیا؟

10/23/2024 11:03:00 AM
د.جەبار قادر

وتارەکەی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی(MHP) دەوڵەت باخچەلی سەبارەت بەوەی (عەبدوڵلا ئۆجەلان بچێت بۆ پەڕلەمانی تورکیا و لەگەڵ فراکسیۆرنی دەم پارتیدا قسە بکات و ئەوە ڕابگەیەنێت کە "تیڕۆر"  نەماوەو و داواش لە چەکدارانی ڕێکخراوەکە بکات چەک دابنێن و تەنانەت هەڵیبوەشێنێتەوە!). باخچەلی ئەم قسانەی هەر وا لە خۆیەوە نەکردووە، بەڵکو بە ڕاوێژ بووە لەگەڵ ئەردۆگاندا. ئەویش لە لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە دەیانەوێت تورکیاییەکی بێ تێڕۆر بێننە کایەوە. پارتی گەلی کۆماری هەنگاوێک زیاتر پێشیان کەوت و پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا و داخوازی ئەوەی کرد وا بکرێت کورد خۆی بە خاوەن دەوڵەت لە تورکیا بزانێ. دەم پارتیش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی.

 

ماوەیەکە هەندێک ئیماژ لە ئارادان ئەوە دەردەخەن کە شتێک بەڕێوەیە. گرنگ نییە باخچەلی کام  دەستەواژە و شەی توند بەکار دێنێ و کام دروشمی ناواقیعی بۆ داخوازییەکانی پێشنیار دەکات، گرنگ ئەوەیە گوتارەکەی چی لە پشتەوەیە. ئەگەر جاری پێشوو ئەوەی ناوی لێنرا پرۆسەی ئاشتی بە نامە و وتارێکی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی پێکرد، ئەوا ئەم جارە دەوڵەت دەیەوێت مەسەلەکە وەک خواست و ئارووزەی حکوومەت پیشان بدات، نەک بە شیوە دروستەکە کە ئەم پرسە دوو لایەنی هەیە، نوێنەرانی کورد و حکوومەت کە دەبێ دان وسان بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکەن و پرسەکان چارەسەر بکەن، هەڵبەتە ئەگەر نییەتێکی ڕاستەقینەی وا لە ئاردا بێت!. هێشتا هەڵویستی پارتی کریکارانی کوردستان و سەرۆکەکەی بە ڕوونی نازانرێت، بەڵام ئەوەی گومانی لێ ناکرێت ئەوەیە کە گفتوگۆیان لەگەڵدا کراوە. 

 

تورکەکان نایشارنەوە کە باری پڕ لە مەترسیی ناوچەکە وایان لێ دەکات دۆخەکە بە دروستی بخوێننەوە و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن و تورکیا بەدوور بگرن لە لێکەوتە نەرێنییەکانی، بە تایبەتی لە ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ  بەرەو سووریا لە دوای غەزە و لوبنان. ئەگەری لێدانی ئێرانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە بە پشتگیری ئەمریکا  بەتوندیی لە ئارادایە. هەموو ئەم ڕووداوانە دەتوانن بارێکی جیۆپۆلیتیکی نوێ بێننە کایەوە و ئەوان بەدووری نازانن هەولبدرێت کارتی کورد نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەکار بهێنرێت. 

 

ڕەهەندێکی دیکەی ئەم لێکدانەوەیە لە لێدانی گروپ و میلیشیا و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئێراندا خۆی دەبینێتەوە، کە ئەنجامەکەی لاوازبوونی دەسەلات و کاریگەری ئێران دەبێت لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت بۆ جێگرتنەوەی ئێران و گێڕانەوەی کاریگەری خۆی لەو وڵاتانە. 

 

لێکدانەوەی بەرپرسانی تورکیا لەم بوارانەدا ئەوەیە ئەگەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە گەڵ کورددا لە باکووری کوردستان دەست پێ بکرێت، ئەوا تورکیا دەتوانێ کورد نەک هەر بێ لایەن بکات بەڵکو ڕەنگبێ پشتگیری بەشێکیشیان بەدەست بێنێ. بە دووریشی نازانم بیر لەوە بکەنەوە هەر کاتێ مەترسییەکان ڕەوینەوە و تورکیا توانی بەسەر کێشەکاندا زاڵ بێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن یارییەکە تێکبدەن.   

 

ناکرێت لەم لێکدانەوەیەدا باری سەختی ئابووری تورکیا و پەرەسەندنی هێزی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی دەسەڵاتی ئەردۆگان – باخچەلی نادیدە بگێرێن. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بەم شیوازەی ئیستا ناتوانن تورکیا بەڕێوە ببەن، بۆیە پێویستیان بە ڕووداوێکی گەورەی لەم جۆرە هەیە. دانانی دەستوورێکی نوێش بۆ تورکیا یەکێ لە هۆیە گرنگەکانی دیکەی خۆ نزیک کردنەوەیە لە نوێنەرانی کورد لە پەڕلەمان. 

 

هۆیەکەی هەر چییەک بێت، پێویستە کورد سوودی لێ ببینێ و لە مەترسی و ڕیسکەکانی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە خۆی پێ دەرباز بکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن