40وتار

دادگای فیدراڵی داداگای بێ رکابەر

3/15/2024 11:13:00 AM
سلێمان مستەفا حەسەن

بەپێی ماددەی (١٣) دەستوری عێراق ، گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و دەستوریش باڵاترین یاسایەو ناکرێت هیچ یاسایەک پێچەوانەی ئەم دەستوەربن وەک لە بڕگەی یەكەمدا هاتوە: ئەم دەستورە بە یاساى باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو،  پێویستە لە هەموو شوێنێكى عێراقدا پابەندبن پێوەى بە بێ جیاوازى.

دووەم: نابێت یاسایەك دابنرێت پێچەوانەى ئەم دەستورە بێت.

ئەگەر سەرنج بدەینە دەقی بڕگەی یەکەمی ماددەی ( ١٩) تیایدا هاتوە یاسا سەروەرە هیچ دەسەڵاتێک بەسەر یاساوە نییە جگە لە (دادگا سەربەخۆیەو هیچ دەسەڵاتێكى بەسەرەوە نیە جگە لە یاسا)کەواتە ناکرێت دادگا مل بدات بۆ فشاری سیاسەتوانان .

شێوازو پێکهاتەی دادگای فیدراڵی لەماددەی (٩٢) دەستوردا هاتوە داگای فیدراڵی لە دادوەرو شارەزایانی فقهی ئیسلامی و شارەزایانی یاسایی پێکدەهێنریت ،ئەمەش بەیاسا ڕێکدەخرێت ، ئەم یاسایەش پێویستی بە دەنگی دوولەسەرسێ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، وبەپێی ماددەی (٩٣) دەستور دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی دیاریکراون کە خۆی لە هەشت برگە دەبێنێتەوە، ئەوانش بریتین لە :

دادگاى فیدرالیى باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە:
یەكەم: چاودێریكردنى ڕادەى دەستوورى بوونى یاساو پێڕەوە كارپێكراوەكان.

دووەم: لێكدانەوەى دەقەكانى دەستوور.

سێیەم: یەكلاییكردنەوەى ئەو كێشانەى لە ئەنجامى جێبەجێكردنى بڕیارەكانى حكومەتى فیدرالیەوە دروست دەبن و ئەو بڕیارو پێڕەوو ڕێنمایى و ڕێوشوێنانەى لە دەسەڵاتى فیدڕاڵییەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە هەریەك لە ئەنجومەنى وەزیران و كەسانى خاوەن پلەو ئەوانى دى كە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕەخنە لەو بڕیارانە بگرن.

چوارەم: یەكلاكردنەوەى ئەو دووبەرەكیانەى لەنێوان حكومەتى فیدراڵى‌و حكومەتى هەرێمەكان‌و پارێزگاو شارەوانى‌و ئیدارە ناوخۆییەكان ڕودەدات.

پێنجەم: یەكلاكردنەوەى ئەو دووبەرەكیانەى لەنێوان حكومەتى هەرێمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات.

شەشەم: یەكلاكردنەوەى ئەو تۆمەتانەى دراونەتە پاڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەكان، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت.

حەوتەم: پەسەندكردنى ئەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنە گشتیەكان بۆ ئەندامێتى ئەنجومەنى نوێنەران
هەشتەم:
١ - یەكلاییكردنەوەى ناكۆكى لە نێوان بوارى كارى دادگاى فیدراڵى‌و دەستەى دادوەرى هەرێم‌و پارێزگاكان كە ناكەونە سنورى پارێزگاكان.
ب - یەكلاییكردنەوەى ناكۆكى لە بوارى كارى دەستەى دادوەرى هەرێمەكان و پارێزگاكان كە ناكەونە سنورى هەرێمەكانەوە.

گەر سەرنج بدەینە دەقی ماددەی (٩٤) دەستور ، دەبینین دادگا دەستوری گەورەترین پێگەی هەیە و دادگای بێ رکابەرە و بڕیاری حوکمی کۆتایی داوەتە دادگای فیدراڵی کە (بڕیارەكانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەى پابەندبن) ئەوە دەقی دەستورە ، قسەی من و تۆ نیە ، بەڵام من و تۆ دەنگمان بەم دەستورە داوە ، کەواتە ئەوە راو ئیرادەی ئێمەشە .

ئینجا ئەگەر بپرسین ئایا دادگای باڵای فیدراڵی هیچ کۆت وبەندێکی لەسەرە ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەرێینەوە بۆ دەستور و یاسا بەرکارەکان بەپێی ماددەی (١٣٠) دەستور یاساکانی عێراقی بەرکارن تا بەیاساێکی تر هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەو مانیە دەبێت رێز لەیاسایانە بگیرێت وکار بە حوکمەکانی بکات، هەروەها لەماددەی (١٣) دەستوردا هاتوە نابێت هیچ یاسایەک دەربکرێت پێچەوانەی حوکمەکانی دەستور بێت ، کەواتە دادگای باڵای دەستور دەسەڵاتی رەهای نییە بەڵکو حوکم و دەسەڵاتەکانی چوارچێوەی دەستورن ، لەگەڵ ئەو سەرەقەلەمانەی ئاماژەمان پێدان ، دەبێت بە گرنگیەوە بڕوانینە دەوری دادگای فیدراڵی لە سیستەمی فیدراڵی دا بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد ، گەر ئێستا دەستوری عێراق بێنین و نوقتە لەسەر پیتەکان دابنێین و تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمەکان وتایبتمەندیەکانی دەسەڵاتە هاوبەشەکان و تایبتمەندیەکانی دەسەڵاتەباس نەکراوەکان باس بکەین زۆرتر بەر چاومان ڕوون دەبێتەوە ، بۆیە گرنگە کورد بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەبکات، ناکرێت کورد وەک نەیارو ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی فیدراڵی بنوارێت، لەهەمان کاتدا ناکرێت شەری قانون و باڵا دەستی قانون نەکات ، ناکرێت شەری پێگەی قانون و دەستوری هەرێمی کوردستان نەکات، مافی خۆیەتی پرسیار لەسەر دەستوری بونی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بکات لەنێوان ماددەی (٩٢ و ١٣٠) بۆیە باشتر وایە کورد لەوێنەی عێراق و هەرێم لە پرسی یاسای دادگای فیدراڵی بڕوانێت ، سەدان نوسەرو یاسا ناسی دڵسۆز پێشنیاریان کرد ، پرۆژەیان دا و تکاو پارانەوەیان کرد کە یاسای دادگای فیدراڵ و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و یاسای پاراستنی مافی هەرێمەکان و یاسای نەوت و گاز گرنگن ، سەدان دڵسۆزو خەمخۆر هاوریان کرد کە یاسا و بەرنامە گرنگترە لە پۆست بەڵام ؟؟  

بۆیە دەبێت دان بە ڕاستێکی تاڵ و فەرزکراودا بنێن کە ئێمە کوردی باشور خەلکی کوردستانی عێراقین ،  لەهەمان کاتدا دەبێت مێژووی (١٠٠) ساڵەمان لەبەر چاوبێت، پرۆسەی بنیتنانەوەی کۆماری دوای ٢٠٠٣ شمان لەبەر چاو بێت کە کورد هاوبەش و ئەندازیاری پێکهێنانی عێراقی نوێ بوو ، لەمێژوی کورد و سەدساڵەی خەبات و بەرخودانی دەیان ئەزمون هەیە ناکرێت دوبارەیان بکەینەوە ، دەبێت شەری دەستورو قانون بۆ هەرێم و تەوای عێراق بکەین ، دەبێت دان بەهەڵەکان بنرێت بۆ هەستانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن