48وتار

سەرژمێری و خەونەکەی مەحمود پادشای جاف!

11/18/2024 2:08:00 PM
کاروان یاروەیس

نزیکەی (١٥٠) ساڵ لەمەوبەر، حەمە پادشای جاف لە ئێران دەبێت، لەوێوە پارەو لیرەی ئاڵتون دەنێرێت بۆ مەحمود پادشای کوڕی لەباشوری کوردستان، ئەویش بە (١٠١٠٠) لیرەی ئاڵتون (٨٠) هەزار دۆنم ئەرز لە ناوچەی قزڵرەبات (سەعدیە) و (٢٠) هەزار دۆنمیش لەناوچەی زەهاوییە دەکڕێت و دواتر تاپۆی رەشی دەکات بەناوی خۆیەوە. ساڵی (١٨٩٦)یش مزگەوتیک بەناوی خۆیەوە لە قزڵرەبات دروست دەکات، بەئامانجی ئەوەی وەک دواسنوری خوارووی کوردستان بیپارێزێ و بەشێک لە عەشیرەتی جافیش وەک پشتێنەیەکی نەتەوەیی لەوێ جێگیر بکات.

بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، رژێمە لەدوای رژێم بێدرێغ بەچڕی سیاسەتی گۆڕینی واقیعی دیمۆگرافی و کوردستانیەتبوونی ئەو ناوچانەیان بەرجەستەکرد. رژێمی سەدام ئەم سیاسەتە چەوتەی گەیاندە ترۆپکی دڕندەیی.

ئەوسا بۆ ئێستا، تەماشا بکەن، کورد چەند پاشەکشەی کردوە، چۆن مۆرکی کوردستانیەتی ئەو ناوچانە کاڵکراوەتەوە، چۆن خەونەکەی مەحمود پادشای جاف لەگۆڕنرا. کورد لە فەرمانڕاویەتیەکی سادەدا، چۆن بیری کردۆتەوە، کەچی لەپاش سەدو نیوێک و سی ساڵ لەحکومەت و توانای جۆراوجۆر، ئەو ناوچانە لە بەدرەو جەسان تا شەنگال و زووممار و دەشتی نەینەوا لە بەردەم هەرەشە و مەترسی لەدەستچوونن و تەعریب بەفۆرمێکی تر بەهێواشی تەشەنە دەکات.

بەپێچەوانەوەی هەموو ئەوانەی دڵنیایی دەدەن، من مەترسیی قووڵم هەیە، ئەم سەرژمێرییە لە داهاتووی دوورنا بەڵکو نزیک، هێندەی تر چارەنوسی ئەو ناوچانە بخاتە مەترسیەوە.

لەوە بگەرێی، لەئاستی دامەزراوە رەسمیەکان و سیاسیەکان کورد بێ بەرنامە و ستراتیژە، لەئاستی تاکیش چەند مەترسی گەورە هەیە. لەچەند ساڵی رابوردودا بەئێستایشەوە جوتیاری کورد سەدان دۆنم ئەرزی کشتوکاڵی بە عەرەبی هاوردە فرۆشتوە! بەشی هەرە زۆری ئەو خانووانەی کاتی خۆی حکومەیی هەرێم وەک پشتێنەیەکی گرنگ لە زەنگاباد بۆ ئاوارە کوردەکان دروستی کرد کە سەرووی (٤٠٠)خانوو بوو، بە (٣٠تا ٥٠) وەرەقەی دۆلار بەعەرەبی هاوردە فرۆشراون! لە سەرژمێری نارەسمیدا لەو ناوچەیە (٣١٠) ماڵی عەرەبی هاوردە و (٨٠) ماڵی کورد هەن! ئایا دەزانن «زۆڵە کورد» هەن بە (٥٠٠) دۆلار بەرتیل نفوسی عەرەبی هاوردە نەقڵ ئەکەن بۆ ناوچە کوردستانیەکانی سنوری مادەی (١٤٠)ی دەستور و بەپێچەوانەشەوە بەهەمان پارە نفوسی کورد نەقڵ ئەکەن؟ 

هاوردەکان ئێستا بەوەشەوە بەوستاون خەریکی ئەوەن ئاوایی (شێخ باوە) بکەن بە ناحیە و هیندەی تر ناوچەی زەنگاباد و پالانیەکان بشوێنن!

ئەم خەمە قووڵانە چۆن بەش بکەین و چۆن تەکبیر بۆ بەر گرتن بە مەترسیەکان بکەین؟ کێ مەندەلی و بەدرە و جەسان و زڕباتیە و قەزانیە یا زووممار و ناوچە بێنازەکانی دەشتی نەینەوا و ناوچەی ئێزیدیەکان و کوردانی کووت و بەغدادی لەیادە؟ 

ئەم بچوکبوونەوەو کورتبینی و پاڵدانەوەیەی کورد، چارەنوسی ئەو ناوچانە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدارتر دەبات، بێگومان هیچ کاتمان لەبەردەم نەماوە تا قسە لە کردن و نەکردنی سەرژمێری بکەین، کە دەبوو هەرێمی کوردستان ورد ئەمەی لێکبدایەتەوە، تەنها ئەوە دەتوانین بکەین بەشداری فراوان بکەین و ئاوارەکان بگەرێنەوە ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان و لەوێ خۆیان تۆمار بکەن. ساڵی ١٩٥٧ کە سەرژمێری کراوە بەناوی «تۆمارکردنی گشتی»، ساڵی دواتر ١٩٥٨ یاسای ژمارە (٦١) دەرچووە لە مادەی (٣١) و (٣٢) پێدانی دەرکردنی رەگەزنامە و دەفتەر نفوس بەپێی تۆمارکردنی شوێنی سەرژمێری ١٩٥٧ بووە، بۆیە دوورنیە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤ یاسای تر تەشریع بکات!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن