فریای کەلار بکەون!
7/12/2020 2:36:00 PM
کاروان یاروەیس
هەڵکشانی ژمارەی تووشبوان و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەلار، ئاماژەی مەترسیدارن، ڕێوشوێنەکانی ڕووبەرووبونەوەو خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە، لەئاستی ئیدارەی سنورەکە و ئاستی میللیش وەک پێویست نین و دەرقەتی مەترسیەکان نایەن و لەئاستی دژواری دۆخەکەدا نین.
هەوڵی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی، چالاکوانان و ڕێکخراوەکان، کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری و بەخشینی کۆمەڵێ سەرمایەداری شارەکە ماییەی ستایشن، بەڵام ئەوانە بەشێکی بارگرانیەکە کەمدەکەنەوە، ناتوانرێ دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێ.
ئەڵمانیا، فەڕەنسا، چین و دەیان وڵاتی تر، کە لەترۆپکی پێشکەوتنی زانستی پزیشکیدان، بە نەخۆشخانە و چارەسەر، دۆخەکەیان کۆنترۆڵ نەکرد، بەڵکو زیاتر بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پلانی دامودەزگا پەیوەندارەکان بوون.
کەلار، کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و مەڵبەندی قوربانیدان و ماڵۆێرانیە، لەهەموو قۆناغێکی سەختدا، هەر باجی داوە، خەڵکەکە شایانی دۆخێکی باشترن، نەک کۆرۆنایش وەک نەهامەتیەکانی تر، ئەم ناوچەیە وێران بکات.